
Season 29 · Episode 21
زهبورهكان ٣٤: ١ - ٣٥: ٢٨
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
August 25, 202418m 20s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
زهبورهكان ٣٤: ١ - ٣٥: ٢٨
- 1هەموو کاتێک ستایشی یەزدان دەکەم،
- هەمیشە ستایشی ئەو لەسەر لێوەکانمە.
- 2گیانم شانازی بە یەزدانەوە دەکات،
- با ستەملێکراوان گوێیان لێ بێت و شاد بن.
- 3با پێکەوە یەزدان بە گەورە بزانین،
- با بەیەکەوە ناوی بەرز بکەینەوە.
- 4ڕووم لە یەزدان کرد، یەزدان بە دەنگمەوە هات،
- لە هەموو ترسەکانم فریام کەوت.
- 5ئەوانەی پشت بە یەزدان دەبەستن، دەدرەوشێنەوە،
- ڕوویان هەرگیز شەرمەزاری پێوە نابێت.
- 6ئەم پیاوە ستەملێکراوە هاواری بۆ کرد، یەزدان گوێی لێ بوو،
- لە هەموو گرفتەکانی ڕزگاری کرد.
- 7فریشتەی یەزدان دەوری ئەو کەسانە دەگرێت کە لێی دەترسن،
- دەربازیان دەکات.
- 8تامی بکەن و ببینن کە یەزدان چاکە!
- خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی پەنای بۆ دەبات.
- 9لە یەزدان بترسن ئەی گەلە پیرۆزەکەی،
- چونکە ئەوانەی لێی دەترسن پێویستیان بە هیچ نابێت.
- 10ڕەنگە شێرەکان تووشی برسیێتی و لاوازی بن،
- بەڵام ئەوانەی ڕوو لە یەزدان دەکەن پێویستیان بە شتی چاک نابێت.
- 11کوڕینە، وەرن گوێ لە من بگرن،
- فێری لەخواترسیتان دەکەم.
- 12چ کەسێکە ژیانی خۆشدەوێت و
- ئارەزوو دەکات زۆر ڕۆژگاری خۆش ببینێت؟
- 13زمانت لە خراپە بپارێزە و
- لێوەکانت لە فێڵبازی.
- 14لە خراپە دوور بە و چاکە بکە،
- بەدوای ئاشتیدا بگەڕێ و کۆششی بۆ بکە.
- 15چاوی یەزدان لەسەر ڕاستودروستانە و
- گوێی لە پاڕانەوەکانیان ڕاگرتووە.
- 16ڕووی یەزدان لە دژی خراپەکارانە،
- تاکو یادەوەرییان لەسەر زەوی ببڕێتەوە.
- 17سەرڕاستان هاوار دەکەن و یەزدان گوێی لێیان دەبێت،
- لە هەموو تەنگانەکانیان دەربازیان دەکات.
- 18یەزدان لە دڵشکاوان نزیکە و
- ئەوانە ڕزگار دەکات کە ڕۆحیان وردوخاش بووە.
- 19پیاوچاک گرفتی زۆر دەبێت،
- بەڵام یەزدان لە هەمووی دەربازی دەکات،
- 20هەموو ئێسکەکانی دەپارێزێت،
- هیچیان ناشکێنرێت.
- 21بەدکاری بەدکاران لەناو دەبات،
- ئەوانەی ڕقیان لە ڕاستودروستانە، تاوانبار دەکرێن.
- 22یەزدان گیانی خزمەتکارەکانی خۆی دەکڕێتەوە و
- ئەوانەی پەنا دەبەنە بەر یەزدان تاوانبار ناکرێن.
زهبورهكان ٣٥
- 1ئەی یەزدان، ململانێی ئەوانە بکە کە ململانێم لەگەڵ دەکەن،
- لە دژی ئەوانە بجەنگە کە لە دژی من دەجەنگن.
- 2سپەر بپۆشە و قەڵغان هەڵبگرە،
- ڕاپەڕە و بگە فریام.
- 3ڕم ئاراستە بکە و تەور هەڵبگرە
- لە دژی ئەوانەی ڕاوم دەنێن.
- بە گیانم بڵێ: «من ڕزگاریی تۆم.»
- 4با ڕیسوا و شەرمەزار بن
- ئەوانەی هەوڵی کوشتنم دەدەن،
- با بەرەو پاش ببنەوە و ڕیسوا بن
- ئەوانەی پیلان دادەنێن بۆ ڕاوکردنم.
- 5با وەک کای بەر بایان لێ بێت،
- فریشتەی یەزدان ڕایانبماڵێت.
- 6با ڕێگایان تاریک و خلیسک بێت،
- فریشتەی یەزدان ڕاویان بنێت.
- 7لەبەر ئەوەی بەبێ هۆ داویان بۆ نامەوە،
- بەبێ هۆ چاڵیان بۆ هەڵکەندم،
- 8با ماڵوێرانی لەناکاو بەسەریاندا بدات،
- با بەو داوەوە بن کە خۆیان ناویانەتەوە،
- با بکەونە ئەو ماڵوێرانییە.
- 9ئەوسا گیانم بە یەزدان شاد دەبێت،
- بە ڕزگارییەکەی دڵخۆش دەبێت.
- 10هەموو ئێسقانەکانم هاوار دەکەن:
- «ئەی یەزدان، کێ وەک تۆیە؟
- تۆ داماو دەرباز دەکەیت لە دەست ئەوانەی کە لەو بەهێزترن،
- هەژار و نەبوون لە دەست ئەوانەی دەیانڕووتێننەوە.»
- 11شایەتە دڵڕەقەکان ڕاست دەبنەوە،
- پرسیاری شتی وا دەکەن کە ئاگام لێی نییە.
- 12بەرامبەر بە چاکە خراپەم دەدەنەوە،
- گیانم بە بێکەسی جێدەهێڵن.
- 13بەڵام کاتێک ئەوان نەخۆش دەکەوتن، جلوبەرگی گوشم دەپۆشی،
- بە ڕۆژووگرتن خۆمم نزم دەکردەوە.
- کاتێک نوێژەکانم بەبێ وەڵام دەگەڕانەوە،
- 14وەک ئەوەی دۆست و برام بێت،
- پرسەدار بووم بۆی،
- وەک ئەوەی بۆ دایکم بلاوێنمەوە،
- لە خەفەتان سەرم دانەواند بوو.
- 15بەڵام کە کەوتم، ئەوان بە خۆشییەوە لە دژی من کۆبوونەوە،
- کەسانێک بێ ئەوەی بیانناسم هێرشیان هێنایە سەرم و
- بەبێ وەستان ئابڕوویان بردم.
- 16وەک خوانەناسان بە خراپی گاڵتەجاڕی دەکەن،
- ددانیان لێ جیڕدەکردمەوە.
- 17ئەی پەروەردگار، هەتا کەی تەماشا دەکەیت؟
- گیانم دەرباز بکە لە دەست تێکدەرییان،
- ژیانم لەو بەچکە شێرانە.
- 18لەنێو کۆڕی گەورە سوپاست دەکەم،
- لەنێو خەڵکێکی زۆر ستایشت دەکەم.
- 19مەهێڵە ئەوانە پێم شاد بن،
- کە بەبێ هۆ بوونەتە دوژمنم.
- مەهێڵە ئەوانەی بەبێ هۆ ڕقیان لێمە،
- بە مەکرەوە چاو لە یەک دابگرن.
- 20ئەوانە قسە بۆ ئاشتی ناکەن،
- بەڵکو درۆ دادەڕێژن
- لە دژی ئەوانەی بە ئارامی دەژین لەسەر زەوی.
- 21دەمیان لێم دەکەنەوە و دەڵێن:
- «ئەها! بە چاوی خۆمان بینیمان.»
- 22ئەی یەزدان، تۆ ئەمەت بینی، بێدەنگ مەبە.
- ئەی پەروەردگار، لێم دوور مەبە.
- 23هەستە و ڕاپەڕە بۆ دادم،
- ئەی خودا و گەورەی من، بۆ مافم.
- 24ئەی یەزدان، خودای من، بەپێی ڕاستودروستی خۆت ئەستۆپاکیم بسەلمێنە،
- مەهێڵە ئەوانە پێم شاد بن.
- 25مەهێڵە لە دڵی خۆیان بڵێن: «ئەمە مرازی ئێمەیە!»
- یان بڵێن: «هەڵمانلووشی.»
- 26با هەموو ئەوانەی بە گرفتی من شاد دەبن،
- تووشی شەرمەزاری و گومڕایی بن.
- با هەموو ئەوانەی پۆز بەسەر مندا لێدەدەن،
- بەرگی شەرمەزاری و ڕیسوایی بپۆشن.
- 27با ئەوانەی بە بێتاوانکردنی من دڵخۆشن،
- گۆرانی خۆشی و شادی بڵێن.
- با هەمیشە بڵێن: «یەزدان پایەبەرز بێت،
- کە دڵخۆش دەبێت بە ئاشتی خزمەتکارەکەی.»
- 28زمانم باسی ڕاستودروستی تۆ دەکات و
- بە درێژایی ڕۆژ ستایشت دەکات.