
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
لۆقا ٤: ١٤ - ٤٤
- 14عیسا بە هێزی ڕۆحی پیرۆزەوە گەڕایەوە جەلیل، ناوبانگی لە هەموو دێیەکانی دەوروپشت بڵاو بووەوە.
- 15لە کەنیشتەکانیان فێری دەکردن و هەموو ستایشیان دەکرد.
- 16هاتە ناسیرە کە لێی گەورە بووە، وەک نەریتی خۆی ڕۆژی شەممە چووە کەنیشت و بۆ خوێندنەوە هەستا.
- 17پەڕتووکی ئیشایا پێغەمبەریان دایێ و کردیەوە، ئەو شوێنەی دۆزییەوە کە تێیدا نووسراوە:
- 18«﴿ڕۆحی یەزدان بەهێزم دەکات،
- چونکە دەستنیشانی کردووم بۆ مژدەدان بە هەژاران،
- منی ناردووە بۆ جاڕدانی ئازادی بۆ بەدیلگیراوان،
- هەروەها گەڕانەوەی بینایی بۆ کوێران،
- بۆ ئازادکردنی ستەملێکراوان و
- 19ڕاگەیاندنی ساڵی ڕەزامەندیی یەزدان.﴾»
- 20ئینجا نووسراوە پیرۆزەکەی پێچایەوە، دایەوە خزمەتکارەکە و دانیشت. هەموو ئەوانەی لە کەنیشت بوون چاویان تێبڕی بوو.
- 21دەستی کرد بە قسەکردن و فەرمووی: «ئەمڕۆ ئەم نووسراوە پیرۆزەی گوێتان لێبوو هاتە دی.»
- 22هەموو شایەتییان بۆ دەدا، سەرسام بوون لەو پەیامە پڕ لە نیعمەتەی لە دەمی دەهاتە دەرەوە، دەیانگوت: «ئەمە کوڕەکەی یوسف نییە؟»
- 23عیسا پێی فەرموون: «بێگومان ئەم پەندەم پێ دەڵێن: ئەی پزیشک چارەسەری خۆت بکە! ئەوەی بیستمان و لە شاری کەفەرناحوم کردت، لێرەش لە شارەکەتدا بیکە.»
- 24هەروەها فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم، هیچ پێغەمبەرێک لە شارەکەی خۆی پەسەند ناکرێت.
- 25لە ڕاستیدا پێتان دەڵێم، لە سەردەمی ئەلیاس زۆر بێوەژن لە ئیسرائیلدا هەبوون، کاتێک سێ ساڵ و شەش مانگ باران نەباری، لە هەموو خاکەکەدا بووە قاتوقڕییەکی گەورە،
- 26بەڵام ئەلیاس بۆ هیچ یەکێکیان نەنێردرا، بەڵکو بۆ بێوەژنێک لە شاری سەرەفەندی ناوچەی سەیدا.
- 27لە ئیسرائیلدا لە سەردەمی ئەلیشەع پێغەمبەر زۆر کەس تووشی نەخۆشی گولی هاتبوون، بەڵام ئەلیشەع هیچیانی چاک نەکردەوە، نەعمانی سوری نەبێت.»
- 28هەموو ئەوانەی لە کەنیشتەکە بوون، کاتێک ئەمەیان بیست لێی تووڕە بوون.
- 29دەریانکردە دەرەوەی شار، بردیانە سەر لێواری ئەو چیایەی شارەکەیانی لەسەر بنیاد نرابوو، تاکو فڕێیبدەنە خوارەوە.
- 30بەڵام ئەو بە ناویاندا تێپەڕی و ڕۆیشت.
- 31پاشان عیسا بەرەو کەفەرناحوم دابەزی، کە شارێکی ناوچەی جەلیلە و لە ڕۆژی شەممەدا خەڵکەکەی فێردەکرد.
- 32لە فێرکردنەکەی سەرسام بوون، چونکە وتەکانی بە دەسەڵاتەوە بوو.
- 33لە کەنیشتەکەدا پیاوێک هەبوو ڕۆحی پیسی تێدابوو. بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد:
- 34«ئای! عیسای ناسیرەیی چیت لێمان دەوێت؟ هاتووی لەناومان ببەیت؟ دەزانم تۆ کێیت، پیرۆزەکەی خودایت.»
- 35عیسا لێی ڕاخوڕی و فەرمووی: «بێدەنگ بە! لێی وەرە دەرەوە!» ڕۆحە پیسەکە لەناوەندیان پیاوەکەی بە زەویدا دا و لێی دەرچوو، هیچ زیانیشی پێ نەگەیاند.
- 36خەڵکەکەش هەموو سەرسام بوون و بە یەکتریان دەگوت: «ئەمە چ وتەیەکە؟ بە دەسەڵات و هێزەوە فەرمان بە ڕۆحە پیسەکان دەدات و دەردەچن.»
- 37ئیتر هەواڵی لە هەموو ناوچەکانی دەوروبەر بڵاو بووەوە.
- 38عیسا لە کەنیشت هەستا و چووە ماڵی شیمۆن. خەسووی شیمۆن تایەکی توندی هەبوو، بۆیە داوایان لە عیسا کرد کە یارمەتی بدات.
- 39ئەویش هاتە سەری، فەرمانی بە تایەکە کرد و بەریدا. دەستبەجێ هەستا و دەستی کرد بە خزمەتکردنیان.
- 40کاتی ڕۆژئاوابوون، هەموو نەخۆشەکانیان هێنایە لای عیسا، بە نەخۆشی جۆراوجۆرەوە، ئەویش دەستی لەسەر هەریەکەیان دانا و چاکیکردنەوە.
- 41ڕۆحی پیسی لە زۆریان دەرکرد، ڕۆحەکان هاواریان دەکرد: «تۆ کوڕی خودای!» ئەویش لێی ڕادەخوڕین و نەیدەهێشت بدوێن، چونکە دەیانزانی مەسیحەکەیە.
- 42کاتێک ڕۆژ هەڵات، هەستا و چووە جێگایەکی چۆڵ، خەڵکەکەش بەدوایدا دەگەڕان و هاتنە لای، ڕایانگرت تاکو لەلایان نەڕوات.
- 43بەڵام پێی فەرموون: «لەسەرمە مزگێنی پاشایەتی خودا بدەمە شارەکانی دیکەش، چونکە بۆ ئەمە نێردراوم.»
- 44ئیتر بەردەوام لە کەنیشتەکانی یەهودیا پەیامی خودای ڕادەگەیاند.