
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
ئهیوب ١:١٣-٢١:١٥
- 1«چاوەکانم هەموو ئەمانەی بینیوە،
- گوێیەکانم بیستوویانە و تێیان گەیشتووم.
- 2وەک زانینی ئێوە منیش زانیومە؛
- من لە ئێوە کەمتر نیم.
- 3بەڵام من لەگەڵ توانادارەکە قسە دەکەم،
- دەمەوێت لەلای خودا دادگایی بکرێم.
- 4بەڵام ئێوە درۆم بۆ هەڵدەبەستن،
- هەمووتان پزیشکی بێ کەڵکن.
- 5خۆزگە بە تەواوی بێدەنگ دەبوون!
- ئەوە بۆتان دەبوو بە دانایی.
- 6ئێستا گوێ لە بەهانەم بگرن و
- بۆ سکاڵای لێوەکانم گوێ شل بکەن.
- 7ئایا بە درۆ بەرگری لە خودا دەکەن؟
- ئایا بە دەم خوداوە درۆ دەکەن؟
- 8ئایا لایەنگری دەکەن،
- یان بۆ خودا مشتومڕ دەکەن؟
- 9ئەگەر تاقیتان بکاتەوە، ئایا دەردەچن
- یان دەتانەوێت وەک مرۆڤ هەڵیبخەڵەتێنن؟
- 10بێگومان سەرزەنشتتان دەکات
- ئەگەر بە نهێنی لایەنگری بکەن.
- 11ئایا شکۆمەندییەکەی ناتانترسێنێت و
- ترسی ئەو دەستتان بەسەردا ناکێشێت؟
- 12یادەوەری و پەندەکانتان تەنها خۆڵەمێشە و
- بەرگرییەکانتان بەرگرییە لە قوڕ.
- 13«لێم بێدەنگ بن، من قسە دەکەم و
- ئەوەی بەسەرم دێت با بێت!
- 14بۆچی من کێشە بۆ خۆم دروستبکەم،
- ژیانی خۆم بخەمە مەترسییەوە؟
- 15ئەگەر بشمکوژێت هەر پشتی پێ دەبەستم،
- لەبەردەمیدا تەنها مشتومڕ لەسەر هەڵسوکەوتم دەکەم.
- 16هەروەها ئەمە بۆ ڕزگاریمە،
- کە خوانەناس نایەتە بەردەمی.
- 17بە تەواوی گوێ لە قسەکانم بگرن و
- ئەوەی ڕایدەگەیەنم با گوێتان لێی بێت.
- 18ئەوەتا من بە باشی سکاڵای خۆمم خستووەتە ڕوو،
- دەزانم ئەستۆپاک دەردەچم.
- 19کێیە ئەوەی مشتومڕم لەگەڵ دەکات،
- تاکو هەر ئێستا بێدەنگ بم و ڕۆح بەدەستەوە بدەم؟
- 20«ئەی خودا، تەنها بەم دوو کارە پشتگیریم بکە،
- ئیتر لەبەردەمت ون نابم.
- 21دەستت لێم دووربخەوە و
- با سامی تۆ نەمترسێنێت.
- 22ئینجا بانگم بکە و من وەڵام دەدەمەوە،
- یان من قسە دەکەم و تۆ وەڵامم بدەوە.
- 23چەند تاوان و گوناهم هەیە؟
- یاخیبوون و گوناهەکەی خۆمم پێ بناسێنە.
- 24بۆچی ڕووی خۆت دەشاریتەوە و
- بە دوژمنی خۆت دامدەنێیت؟
- 25ئایا گەڵایەکی هەڵوەریو پان دەکەیتەوە؟
- ئایا بەدوای پووشی وشکدا ڕادەکەیت؟
- 26تۆ بە تاڵی لە دژم دەنووسیت و
- لەسەر تاوانەکانی لاویێتیم سزام دەدەیت.
- 27جا پێیەکانی منت خستووەتە ناو کۆتەوە و
- چاوت بڕیوەتە هەموو ڕێڕەوەکانم و
- شوێن پێیەکانم دەپشکنیت.
- 28«وەک دارێکی کلۆر لەناو دەچم،
- وەک جلێک کە مۆرانە لێی دابێت.
ئهیوب ١٤
- 1«مرۆڤی لەدایکبوو لە ژن
- ڕۆژگاری کەمە و چەرمەسەری زۆرە.
- 2وەک گوڵ دەپشکوێت و پاشان سیس دەبێت،
- وەک سێبەر دەڕوات و ناوەستێت.
- 3ئایا چاوت لەسەر کەسێکی وەکو ئەم دەبێت؟
- ئێستاش ئەوت هێناوەتە بەردەم خۆت بۆ دادگایی؟
- 4کێ دەتوانێت پاکێک لە گڵاوێک دەربهێنێت؟
- بێگومان کەس!
- 5جا ئەگەر ڕۆژانی هەرکەسێک دیاریکراو بێت و
- ژمارەی مانگەکانی لای تۆ بێت و
- کاتێکت بۆ دیاریکردبێت کە لێی تێنەپەڕێت،
- 6ئیتر لێیگەڕێ با پشوو بدات،
- هەتا وەک ڕەنجدەرێک دڵخۆش بێت بە تەواوبوونی ڕۆژەکەی.
- 7«لانی کەم دار ئومێدی ئەوەی هەیە کە
- ئەگەر بڕایەوە چەکەرە بکاتەوە و دووبارە شین بێتەوە و
- لقوپۆپی تازە دەربکات.
- 8ئەگەر ڕەگەکەی لەناو زەویدا کۆنیش بێت و
- بنەدارەکەی لەناو خۆڵدا بمرێت،
- 9هەر کاتێک بۆنی ئاو بکات چەکەرە دەکات و
- وەک ڕووەکێکی نوێ لق دەردەکات.
- 10بەڵام پیاو دەمرێت و لەناودەچێت؛
- مرۆڤ ڕۆح بەدەستەوە دەدات و بوونی نابێت.
- 11هەروەک ئاوەکان لەناو دەریاچە نامێنن و
- ڕووبار ئاوی تێدا نامێنێت و وشک دەبێت،
- 12هەروەها مرۆڤیش ڕادەکشێت و هەڵناستێتەوە،
- لە خەوەکەی خەبەری نابێتەوە و بەئاگا نایەت
- هەتا ئاسمان نامێنێت.
- 13«خۆزگە لەناو جیهانی مردووان لەچاو ونت دەکردم و
- دەتشاردمەوە هەتا تووڕەییەکەت دادەمرکایەوە!
- خۆزگە کاتێکت بۆ دیاری دەکردم و
- بەبیرت دەهاتمەوە!
- 14ئەگەر پیاوێک بمرێت، ئایا زیندوو دەبێتەوە؟
- هەموو ڕۆژانم تێکۆشانە،
- ئارام دەگرم هەتا دەرووم لێ دەکرێتەوە.
- 15بانگم دەکەیت من وەڵامت دەدەمەوە،
- تامەزرۆ دەبیت بۆ ئەو بوونەوەرەی کە دروستت کرد.
- 16بێگومان ئەو کاتە چاودێری هەنگاوەکانم دەکەیت،
- بەڵام تێبینی گوناهەکەم ناکەیت.
- 17یاخیبوونەکەم گرێی لێدراوە لەناو بوخچەیەک،
- تاوانەکەم دەشاریتەوە.
- 18«هەروەک چۆن کە چیا بکەوێت پارچەپارچە دەبێت و
- تاشەبەرد لە جێی خۆی دەلەقێت،
- 19ئاو بەرد دەسووێنێت و
- لافاو خۆڵی زەوی ڕادەماڵێت،
- بەو جۆرە تۆش هیوای مرۆڤ لەناودەبەیت.
- 20بۆ هەتاهەتایە بەسەریدا زاڵ دەبیت و کۆتایی پێ دێت،
- ڕووی دەگۆڕیت و دەریدەکەیت.
- 21ئەگەر کوڕەکانی ڕێزیان لێ بگیرێت، پێی نازانێت،
- ئەگەر لە پلەوپایەشیان نزم بکرێتەوە، ئاگای لێ نییە.
- 22تەنها هەست بە ئازاری خۆی دەکات و
- داخ بۆ حاڵی خۆی دەخوات.»
ئهیوب ١٥
- 1ئەلیفازی تێمانیش وەڵامی دایەوە:
- 2«ئایا کەسی دانا بە نەزانی وەڵام دەداتەوە و
- مێشکی بە شتی هیچوپووچ پڕ دەکات؟
- 3ئایا بە قسەی بێ سوود بەڵگە دێنێتەوە و
- بەو لێدوانانەی قازانجی لێ ناکات؟
- 4بەڵام تۆ لەخواترسی پێشێل دەکەیت و
- خەڵک لە خواپەرستی دوور دەخەیتەوە.
- 5بێگومان گوناهەکانت دەمت فێر دەکەن و
- زمانی تەڵەکەبازی هەڵدەبژێریت.
- 6زمانی خۆت تاوانبارت دەکات، نەک من،
- لێوەکانت لە دژت شایەتی دەدەن.
- 7«ئایا تۆ یەکەم مرۆڤ بوویت لەدایک بوویت؟
- یان لەپێش گردەکانەوە دروستبوویت؟
- 8ئایا لە ئەنجومەنی خودا گوێت گرتبوو؟
- ئایا داناییت بە باڵای خۆتدا بڕیوە؟
- 9چی دەزانیت کە ئێمە نایزانین،
- چی تێدەگەیت کە لەلای ئێمە نەبێت؟
- 10پیر و ڕیش سپی وامان لەناودایە،
- تەمەنی لە باوکت زیاترە.
- 11ئایا دڵنەواییەکانی خودا و
- بە نەرمی قسەکردن لەگەڵت کەمە؟
- 12بۆچی دڵت دەتبات و
- بۆچی چاوەکانت دەبریسکێنەوە،
- 13بۆ ئەوەی ڕۆحت لە دژی خودا وەربگێڕیت و
- قسەی وا لە دەمت بهێنیتە دەرەوە؟
- 14«مرۆڤ کێیە هەتا بێگەرد بێت و
- لەدایکبوو لە ژن کێیە هەتا ڕاستودروست بێت؟
- 15ئەگەر خودا متمانە بە پیرۆزەکانی خۆی ناکات،
- کەواتە ئاسمان لەبەرچاوی بێگەرد نییە،
- 16ئیتر مرۆڤ کە ناڕەوایی وەک ئاو دەخواتەوە
- دەبێت چەند قێزەون و گەندەڵ بێت؟
- 17«من پێت دەڵێم گوێم لێ بگرە،
- باسی ئەوە دەکەم کە بینیم،
- 18ئەوەی دانایان لە باوباپیرانیانەوە پێیان ڕاگەیەنراوە و
- ئەوانیش نەیانشاردووەتەوە،
- 19ئەوانەی خاکەکە تەنها بەوان دراوە و
- هیچ نامۆیەک بەناویاندا تێنەپەڕیوە.
- 20بەدکار ڕۆژانە دەتلێتەوە،
- ژمارەی ساڵانی ستەمکاریش دیاریکراوە.
- 21دەنگێکی ترسناک لە گوێیەکانیەتی و
- لە ساتی ئاشتیدا تێکدەر بۆی دێت.