PLAY PODCASTS
یه‌شوع ٢٢: ١ - ٢٤: ٣٣
Season 10 · Episode 11

یه‌شوع ٢٢: ١ - ٢٤: ٣٣

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

September 6, 202326m 43s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

یه‌شوع ٢٢: ١ - ٢٤: ٣٣

  • 1ئینجا یەشوع ڕەئوبێنییەکان و گادییەکان و نیوە هۆزەکەی مەنەشەی بانگکرد و
  • 2پێی گوتن: «ئێوە هەموو ئەو شتانەتان جێبەجێ کرد کە موسای بەندەی یەزدان فەرمانی پێ کردبوون و لە هەموو ئەو شتانەش کە فەرمانم پێکردن گوێڕایەڵم بوون و
  • 3بە درێژایی ئەو ڕۆژانە و هەتا ئەمڕۆش براکانی خۆتان بەجێ نەهێشت و بە وریاییەوە فەرمانی یەزدانی پەروەردگاری خۆتان بەجێهێنا.
  • 4ئێستاش کە یەزدانی پەروەردگارتان براکانی ئێوەی ئاسوودە کرد، هەروەک بەڵێنی پێدابوون، ئێستا بگەڕێنەوە ماڵەکانتان لەو خاکەی موڵکتانە، ئەوەی کە موسای بەندەی یەزدان لەوبەری ڕووباری ئوردون پێیدان.
  • 5بەڵام زۆر ئاگاداربن بۆ کارکردن بەو ڕاسپاردە و فێرکردنەی کە موسای بەندەی یەزدان فەرمانی پێ کردن، کە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێت و هەموو ڕێگاکانی بگرنەبەر و فەرمانەکانی جێبەجێ بکەن و دەستی پێوە بگرن، پڕ بە دڵ و لە ناختانەوە بیپەرستن.»
  • 6ئینجا یەشوع داوای بەرەکەتی بۆ کردن و ئەوانی ناردەوە، ئەوانیش بەرەو نشینگەکانی خۆیان چوون.
  • 7(پێشتر موسا لە باشان خاکی دابووە نیوە هۆزەکەی مەنەشە. یەشوعیش خاکی دابووە نیوەکەی دیکەی هۆزەکە لەگەڵ براکانیان لە بەری ڕۆژئاوای ڕووباری ئوردون.) هەروەها کە یەشوع ئەوانی ناردەوە بۆ لای نشینگەکانیان، داوای بەرەکەتی بۆ کردن و
  • 8پێی گوتن: «بە سامانێکی زۆرەوە بگەڕێنەوە بۆ ماڵەکانتان و بە گاوگۆتاڵێکی زۆر و بە زێڕ و زیو و بڕۆنز و ئاسن و جلوبەرگێکی زۆرەوە، دەستکەوتی دوژمنەکانتان لەگەڵ براکانتان بەش بکەن.»
  • 9ئینجا نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نیوەی هۆزی مەنەشە گەڕانەوە، نەوەی ئیسرائیلیان لە شیلۆ لە خاکی کەنعان بەجێهێشت، بۆ ئەوەی بچنە خاکی گلعاد بۆ ئەو خاکەی موڵکی خۆیانە، ئەوەی دەستیان بەسەردا گرتبوو بەپێی فەرمانی یەزدان لە ڕێگەی موساوە.
  • 10کاتێک هاتنە گەلیلۆت کە نزیک ڕووباری ئوردونە لەناو خاکی کەنعان، نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نیوەی هۆزی مەنەشە لەوێ لەسەر ڕووباری ئوردون قوربانگایەکی گەورە و بەرچاویان بنیاد نا.
  • 11جا نەوەی ئیسرائیل بیستیان، ئەوەتا نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نیوە هۆزەکەی مەنەشە قوربانگایەکیان بەرامبەر خاکی کەنعان لە گەلیلۆتدا نزیک ڕووباری ئوردون بەرامبەر بە نەوەی ئیسرائیل بنیاد ناوە.
  • 12جا کە نەوەی ئیسرائیل ئەمەی بیستەوە، هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە شیلۆ کۆبوونەوە بۆ ئەوەی بۆ جەنگ لە دژی هۆزەکانی ئەوبەری ڕووباری ئوردون بڕۆن.
  • 13ئینجا نەوەی ئیسرائیل فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کاهینیان نارد بۆ لای نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نیوەی هۆزی مەنەشە لە خاکی گلعاد.
  • 14دە سەرۆکی لەگەڵ نارد، لە هەر هۆزێکی ئیسرائیل یەکێک، هەموویان گەورەی بنەماڵەکان بوون لەنێو تیرەکانی ئیسرائیل.
  • 15ئینجا هاتنە لای نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نیوەی هۆزی مەنەشە بۆ خاکی گلعاد و پێیان گوتن:
  • 16«هەموو کۆمەڵی یەزدان وا دەڵێن: ”ئەم ناپاکییە چییە کە دەرهەق بە خودای ئیسرائیل کردتان، بەوەی کە ئەمڕۆ لە یەزدان هەڵگەڕاونەتەوە بە بنیادنانی قوربانگایەک بۆ خۆتان هەتا لە دژی یەزدان یاخی بن؟
  • 17ئایا گوناهەکەی پەعۆر کەمە بۆمان؟ ئەوەی هەتا ئەمڕۆش لێی پاک نەبووینەتەوە و بووە هۆی دەرد لەناو کۆمەڵی یەزدان!
  • 18ئایا ئەمڕۆ ئێوەش لە یەزدان هەڵدەگەڕێنەوە؟
  • «”ئەگەر ئێوە ئەمڕۆ لە یەزدان یاخی بن، ئەویش سبەینێ لە هەموو کۆمەڵی ئیسرائیل تووڕە دەبێت.
  • 19بەڵام ئەگەر خاکەکەی موڵکتان گڵاوە، بۆ خاکەکەی موڵکی یەزدان بپەڕنەوە کە چادری پەرستنی یەزدانی تێدایە و لەناو ئێمەدا میرات وەربگرن و لە یەزدان یاخی مەبن و لە دژی ئێمەش مەبن بە بنیادنانی قوربانگایەک بۆ خۆتان جیا لە قوربانگاکەی یەزدانی پەروەردگارمان.
  • 20کاتێک عاخانی کوڕی زەرەح ناپاکی کرد لە شتە تەرخانکراوەکاندا، ئایا تووڕەیی یەزدان بەسەر هەموو کۆمەڵی ئیسرائیلدا نەباری؟ بەهۆی گوناهەکەیەوە تەنها خۆی لەناو نەچوو!“»
  • 21ئینجا نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نیوەی هۆزی مەنەشە وەڵامیان دایەوە و بە سەرۆک خێڵەکانی ئیسرائیلیان گوت:
  • 22«خودای توانادار، یەزدانە! خودای توانادار، یەزدانە! ئەو دەزانێت و با ئیسرائیلیش بزانێت، ئەگەر ئەمە بە یاخیبوون و بە ناپاکی دەرهەق بە یەزدان کرابێت، ئەوا ئەمڕۆ ڕزگارمان مەکەن!
  • 23ئەگەر ئێمە ئەو قوربانگایەی خۆمانمان بە مەبەستی هەڵگەڕانەوە لە یەزدان و سەرخستنی قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە بنیاد ناوە، یاخود بۆ ئەنجامدانی قوربانی هاوبەشی لەسەری، ئەوا با یەزدان خۆی سزامان بدات.
  • 24«نەخێر! بەڵکو ئەم کارەمان بەهۆی ئەم ترسەوە کردووە کە گوتمان، لەوانەیە سبەینێ نەوەکانتان بە نەوەکانمان بڵێن: ”ئێوە چ پەیوەندییەکتان بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیلەوە هەیە؟
  • 25ئەی نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد، یەزدان ڕووباری ئوردونی کردووەتە سنووری نێوان ئێمە و ئێوە! ئێوە هیچ بەشێکتان لە یەزداندا نییە.“ جا لەوانەیە نەوەکانتان ڕێگا نەدەن نەوەکانمان یەزدان بپەرستن.
  • 26«لەبەر ئەوە گوتمان: ”با ئێمە بۆ خۆمان قوربانگایەک بنیاد بنێین، بەڵام بۆ قوربانی سووتاندن و قوربانی سەربڕاو نا.“
  • 27بەڵکو لەپاش خۆمان ئەوە ببێتە شایەت لەنێوان ئێمە و ئێوە و نەوەکانمان، بۆ ئەوەی یەزدان لە پیرۆزگاکەی خۆی بپەرستین بە قوربانی سووتاندنەکانمان و سەربڕدراوەکانمان و قوربانییەکانی هاوبەشیمان و لە داهاتوودا نەوەکانتان بە نەوەکانمان نەڵێن: ”ئێوە بەشتان لە یەزداندا نییە.“
  • 28«هەروەها گوتمان: ”کە لە داهاتوودا ئەمە بە خۆمان و نەوەکانمان دەڵێن، ئێمەش دەڵێین، بڕوانن هاوشێوەی قوربانگای یەزدان کە باوباپیرانمان کردوویانە، بەڵام بۆ قوربانی سووتاندن و سەربڕدراوەکان نییە، بەڵکو وەک شایەتە لەنێوان ئێمە و ئێوە.“
  • 29«ئەوە لە ئێمە بەدوور بێت، کە لە یەزدان یاخی بین و ئەمڕۆ لە یەزدان هەڵگەڕێینەوە بە بنیادنانی قوربانگایەک بۆ قوربانی سووتاندن یان پێشکەشکراوی دانەوێڵە یان سەربڕاو، بێجگە لە قوربانگای یەزدانی پەروەردگارمان ئەوەی لەبەردەم چادرەکەی پەرستنیەتی.»
  • 30جا کاتێک فینەحاسی کاهین و ڕابەرەکانی کۆمەڵ، سەرۆک خێڵەکانی ئیسرائیل، ئەوانەی لەگەڵیدا بوون، گوێیان لە قسەکانی نەوەی ڕەئوبێن و گاد و مەنەشە بوو، قسەکانیان قبوڵ کردن.
  • 31ئینجا فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کاهین بە نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد و نەوەی مەنەشەی گوت: «ئەمڕۆ زانیمان کە یەزدان لەگەڵماندایە، چونکە ئەم ناپاکییەتان دەرهەق بە یەزدان نەکردووە، ئێستا ئێوە نەوەی ئیسرائیلتان لە دەست یەزدان دەرباز کردووە.»
  • 32ئینجا فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کاهین و سەرۆکەکان لەلای نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گادەوە لە خاکی گلعادەوە بۆ لای نەوەی ئیسرائیل لە خاکی کەنعاندا گەڕانەوە و هەواڵیان پێدان.
  • 33جا نەوەی ئیسرائیلیش دڵخۆش بوون بەم هەواڵە و ستایشی خودایان کرد و بیریان لەوە نەکردەوە کە سەربکەون بۆیان بۆ جەنگ و بۆ وێرانکردنی ئەو خاکەی کە نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد تێیدا نیشتەجێن.
  • 34ئینجا نەوەی ڕەئوبێن و نەوەی گاد ناویان لە قوربانگاکە نا: «شایەتە لەنێوانمان کە یەزدان خودایە.»

یه‌شوع ٢٣

  • 1پاش بەسەرچوونی ماوەیەکی زۆر، لەدوای ئەوەی یەزدان ئیسرائیلی لە دوژمنەکانی دەوروبەریان حەساندەوە، یەشوع پیر بوو و بەساڵدا چوو،
  • 2هەموو ئیسرائیلی بە پیر و ڕابەر و دادوەر و کوێخاکانیەوە بانگکرد و پێی گوتن: «ئەوا من پیر بووم، بەساڵدا چووم و
  • 3ئێوەش هەموو ئەوەتان بینیوە کە یەزدانی پەروەردگارتان لەبەر ئێوە بە هەموو ئەو نەتەوانەی کرد، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لە جیاتی ئێوە جەنگا.
  • 4ببینن، من خاکی ئەو نەتەوانەی کە ماونەتەوە بە تیروپشک بۆم دابەش کردوون بە میرات بەپێی هۆزەکانتان، هەموو ئەو نەتەوانەم بەزاندووە، لە ڕووباری ئوردونەوە هەتا دەریای سپی ناوەڕاست بەرەو ڕۆژئاوا.
  • 5یەزدانی پەروەردگارتان خۆی لەبەردەمتان ڕایاندەماڵێت و لەپێشتان دەریاندەکات، ئێوەش دەست بەسەر خاکەکەیاندا دەگرن هەروەک یەزدانی پەروەردگارتان بەڵێنی پێدان.
  • 6«جا زۆر بەهێز بن بۆ پاراستن و کارکردن بە هەموو ئەوەی لە پەڕتووکی تەوراتی موسادا نووسراوە، بەبێ ئەوەی کە بەلای ڕاست یان چەپدا لێی لابدەن.
  • 7تێکەڵی ئەم نەتەوانە مەبن، ئەوانەی لەگەڵتان ماونەتەوە ناوی خوداوەندەکانیان مەهێنن، سوێندیان پێ مەخۆن، مەیانپەرستن و کڕنۆشیان بۆ مەبەن.
  • 8بەڵکو دەست بە یەزدانی پەروەردگارتانەوە بگرن هەروەک هەتا ئەمڕۆ کردووتانە.
  • 9«یەزدان نەتەوە مەزن و بەهێزەکانی لەبەردەمتان دەرکردووە و هەتا ئەمڕۆش کەس لەبەردەمتاندا خۆی ڕانەگرتووە.
  • 10یەک پیاو لە ئێوە هەزار دەردەپەڕێنێت، چونکە یەزدانی پەروەردگارتان لە جیاتی ئێوە دەجەنگێت هەروەک بەڵێنی پێدان.
  • 11جا زۆر ئاگاداری خۆتان بن کە یەزدانی پەروەردگاری خۆتان خۆشبوێت.
  • 12«بەڵام ئەگەر گەڕانەوە و هاوپەیمانیێتی بەجێماوەکانی ئەو نەتەوانەوەتان کرد، ئەوانەی کە لەگەڵتان ماونەتەوە، ژن و ژنخوازیتان لەگەڵدا کردن و هەڵسوکەوتتان لەگەڵیان کرد،
  • 13ئەوا باش بزانن کە ئیتر یەزدانی پەروەردگارتان ئەو نەتەوانە لەبەردەمتان دەرناکات، بەڵکو دەبنە داو و تەڵە، قامچی لەسەر پشتتان و دڕک لەناو چاوتان، هەتا لەسەر ئەو خاکە چاکە لەناودەچن کە یەزدانی پەروەردگارتان پێیداون.
  • 14«ئەوەتا خەریکە منیش ئەمڕۆ وەک هەموو دانیشتووانی زەوی کۆچی دوایی دەکەم، ئێوەش بە هەموو دڵ و بە هەموو دەروونتانەوە دەزانن کە تەنها یەک بەڵێن نەشکاوە لە هەموو ئەو بەڵێنە چاکانەی یەزدان دەربارەی ئێوە فەرمووبووی، هەمووی بۆتان هاتە دی، یەک بەڵێنی لێ نەشکاوە.
  • 15ئاواش دەبێت، هەروەک چۆن هەموو ئەو بەڵێنە چاکانەی یەزدانی پەروەردگارتان دەربارەی ئێوە بەڵێنی دابوو هاتە دی، بە هەمان شێوە یەزدان هەموو شتە خراپەکانتان بەسەردا دەهێنێت، هەتا لەسەر ئەم خاکە چاکەی یەزدانی پەروەردگارتان پێیداون لەناوتان دەبات.
  • 16ئەگەر پەیمانەکەی یەزدانی پەروەردگارتان بشکێنن کە فەرمانی پێ کردن، بڕۆن و خوداوەندی دیکە بپەرستن و کڕنۆشی بۆ ببەن، تووڕەیی یەزدان بەسەرتاندا دەجۆشێت و بە زوویی لەسەر ئەو خاکە چاکە لەناودەچن کە پێیداون.»

یه‌شوع ٢٤

  • 1ئینجا یەشوع هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلی لە شەخەم کۆکردەوە و پیرانی ئیسرائیل و ڕابەر و دادوەر و کوێخاکانی بانگکرد و ئەوانیش لەبەردەم خودا وەستان.
  • 2یەشوع بە هەموو گەلی گوت: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل وای فەرمووە: ”لە کۆنەوە باوباپیرانتان لەوبەری ڕووباری فوراتەوە نیشتەجێ بوون، تارەحی باوکی ئیبراهیم و باوکی ناحۆر خوداوەندی دیکەیان دەپەرست.
  • 3بەڵام من ئیبراهیمی باوکتانم لەوبەری ڕووباری فورات برد و بەناو هەموو زەوی کەنعاندا گێڕام، نەوەکانی ئەوم زۆر کرد و ئیسحاقم دایێ،
  • 4یاقوب و عیسۆشم دایە ئیسحاق، بەشە میراتی ناوچە شاخاوییەکانی سێعیرم دایە عیسۆ، بەڵام یاقوب و کوڕەکانی دابەزین بۆ میسر.
  • 5«”لەدوای ئەوە موسا و هارونم نارد و خەڵکی میسرم تووشی بەڵا کرد بەگوێرەی هەموو ئەوەی لەناویدا کردم، ئینجا ئێوەم دەرهێنا،
  • 6جا باوباپیرانتانم لە میسر دەرهێنا و چوونە ناو دەریاوە و میسرییەکانیش بە گالیسکە و ئەسپەوە بۆ دەریای سوور دوای باوباپیرانتان کەوتن.
  • 7جا کە هاواریان بۆ یەزدان کرد، ئەویش تاریکاییەکی خستە نێوان ئێوە و میسرییەکانەوە و دەریاکەی بەسەریاندا هێنایەوە و دایپۆشین. ئێوە بە چاوی خۆتان بینیتان من لە میسر چیم کرد. پاشان ئێوە لە چۆڵەوانیدا ڕۆژانێکی زۆر مانەوە.
  • 8«”ئینجا ئێوەم هێنایە ناو خاکی ئەمۆرییەکان، ئەوانەی لەوبەری ڕووباری ئوردوندا بەلای ڕۆژهەڵاتدا نیشتەجێ بوون و لە دژتان جەنگان و منیش ئەوانم دا بەدەستتانەوە و دەستتان بەسەر خاکەکەیاندا گرت و لەبەردەمتان لەناوم بردن.
  • 9ئینجا بالاقی کوڕی چیپوری پاشای مۆئاب هەستا و لە دژی ئیسرائیل جەنگا و بەلعامی کوڕی بەعۆری بانگکرد بۆ ئەوەی نەفرەتتان لێ بکات،
  • 10بەڵام من ئامادە نەبووم گوێ لە بەلعام بگرم، بۆیە ئەویش چەند جارێک داوای بەرەکەتی بۆ کردن و بەو شێوەیە لە دەستی دەربازم کردن.
  • 11«”ئینجا لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە و هاتن بۆ ئەریحا و خەڵکی ئەریحاش، ئەمۆری و پریزی و کەنعانی و حیتی و گرگاشی و حیڤی و یەبوسییەکان لە دژتان جەنگان و منیش ئەوانم دایە دەستتان و
  • 12زەردەواڵەشم لەپێشتانەوە نارد و هەردوو پاشای ئەمۆرییەکانم لەبەردەمتان دەرکرد، نە بە شمشێرەکەت و نە بە کەوانەکەت.
  • 13ئینجا زەوییەکم پێدان کە پێوەی ماندوو نەبوون و چەند شارێک کە بنیادتان نەناوە و تێیدا نیشتەجێن و ڕەزەمێو و زەیتوونێکیش کە نەتانچاندووە و دەیخۆن.“
  • 14«ئێستاش لە یەزدان بترسن و بە تەواوی و دڵسۆزییەوە بیپەرستن. ئەو خودایانەش لە خۆتان دابماڵن کە باوباپیرانتان لەوبەری ڕووباری فورات و لە میسر دەیانپەرست و یەزدان بپەرستن.
  • 15بەڵام ئەگەر بەلاتانەوە خراپە یەزدان بپەرستن، ئەوا ئەمڕۆ بۆ خۆتان هەڵبژێرن کێ دەپەرستن، ئەگەر ئەو خوداوەندانە بن کە باوباپیرانتان لەوبەری ڕووباری فورات دەیانپەرستن یان خوداوەندەکانی ئەمۆرییەکان ئەوانەی ئێوە لەناو خاکەکەیاندا نیشتەجێن. بەڵام من و بنەماڵەکەم یەزدان دەپەرستین.»
  • 16جا گەل وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «لە ئێمە بەدوور بێت واز لە یەزدان بهێنین و خوداوەندانی دیکە بپەرستین،
  • 17چونکە یەزدانی پەروەردگارمان ئێمە و باوباپیرانمانی لە خاکی میسر، لە خاکی کۆیلایەتییەوە هێنایە دەرەوە و ئەو هەموو نیشانە گەورانەی لەبەرچاوماندا کرد. لە هەموو ئەو ڕێگایەی پێیدا ڕۆیشتین و لە کاتی تێپەڕینمان بەناو ئەو هەموو گەلانەدا پارێزگاری لێکردین.
  • 18هەروەها یەزدان هەموو ئەو گەلانە و لەنێویشیاندا ئەمۆرییەکانی نیشتەجێی خاکەکەی لەبەردەممان دەرکرد، لەبەر ئەوە ئێمە یەزدان دەپەرستین، چونکە ئەو خودامانە.»
  • 19یەشوعیش بە گەلی گوت: «ئێوە ناتوانن یەزدان بپەرستن، چونکە ئەو خودایەکی پیرۆز و خودایەکی ئیرەدارە، لە یاخیبوون و گوناهەکانتان خۆش نابێت.
  • 20ئەگەر واز لە یەزدان بهێنن و خوداوەندی بێگانە بپەرستن، ئەوا دەگەڕێتەوە و خراپتان بەسەردەهێنێت و کۆتاییتان پێ دەهێنێت، پاش ئەوەی چاکەی لەگەڵتاندا کرد.»
  • 21گەلیش بە یەشوعیان گوت: «نەخێر! بەڵکو یەزدان دەپەرستین.»
  • 22یەشوعیش پێی گوتن: «ئێوە شایەتن لەسەر خۆتان، کە ئێوە یەزدانتان بۆ خۆتان هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی بیپەرستن.»
  • ئەوانیش گوتیان: «ئێمە شایەتین.»
  • 23«ئینجا ئێستا ئەو خوداوەندە بێگانانەی لەنێوتاندان دابماڵن و دڵتان بە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بسپێرن.»
  • 24گەلیش بە یەشوعیان گوت: «یەزدانی پەروەردگارمان دەپەرستین و گوێڕایەڵی ئەو دەبین.»
  • 25ئینجا یەشوع لەو ڕۆژەدا پەیمانێکی لەگەڵ گەلدا بەست و لە شەخەمدا فەرز و یاسای بۆ دانان.
  • 26یەشوع ئەم وشانەی لە پەڕتووکی تەوراتی خودا نووسی و بەردێکی گەورەی هێنا و لەژێر دار بەڕووەکەی لای پیرۆزگاکەی یەزدان چەقاندی.
  • 27یەشوع بە هەموو گەلی گوت: «سەیر بکەن! ئەم بەردە دەبێتە شایەت بەسەرمانەوە، چونکە گوێی لە هەموو وشەکانی یەزدان بوو کە پێی فەرمووین، جا دەبێتە شایەت بەسەرتانەوە نەوەک نکۆڵی لە خودای خۆتان بکەن.»
  • 28ئینجا یەشوع گەلی ڕەوانە کردەوە، هەرکەسە و بەرەو میراتەکەی خۆی.
  • 29پاش ئەم شتانە یەشوعی کوڕی نونی بەندەی یەزدان لە تەمەنی سەد و دە ساڵی مرد.
  • 30لە سنووری میراتەکەی خۆی لە تیمنەت سەرەح کە لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمە لە باکووری کێوی گاعەش ناشتیان.
  • 31نەوەی ئیسرائیلیش بە درێژایی سەردەمی یەشوع یەزدانیان دەپەرست، هەروەها بە درێژایی سەردەمی پیران کە لەدوای یەشوع تەمەنیان درێژەی کێشا و هەموو ئەو کارانەیان بینی کە یەزدانی مەزن بۆ ئیسرائیلی ئەنجام دا.
  • 32ئێسکەکانی یوسفیش کە نەوەی ئیسرائیل لە میسرەوە هێنایانەوە، لە شەخەمدا ناشتیان لەناو ئەو پارچە کێڵگەیەی کە یاقوب لە نەوەی حەمۆری باوکی شەخەم بە سەد پارچە زیو کڕیبووی و بوو بە میرات بۆ نەوەی یوسف.
  • 33ئینجا ئەلعازاری کوڕی هارون مرد و لە گیڤعا ناشتیان، لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بوو کە درابووە فینەحاسی کوڕی.