PLAY PODCASTS
یه‌كه‌م هه‌واڵی ڕۆژان ١٨: ١ - ١٩: ١٩
Season 20 · Episode 7

یه‌كه‌م هه‌واڵی ڕۆژان ١٨: ١ - ١٩: ١٩

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

March 19, 202415m 19s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

یه‌كه‌م هه‌واڵی ڕۆژان ١٨: ١ - ١٩: ١٩

  • 1ئەوە بوو پاش ئەمە داود فەلەستییەکانی بەزاند و زەلیلی کردن، گەت و شارۆچکەکانی لە فەلەستییەکان سەند.
  • 2هەروەها داود مۆئابییەکانیشی بەزاند. مۆئابییەکان هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود و سەرانەیان بۆ دەهێنا.
  • 3هەروەها داود هەدەدعەزەری پاشای چۆڤای لە نزیکی حەمات بەزاند، کاتێک چوو بۆ ئەوەی تاشەبەردێک بۆ یادەوەری لە کەناری ڕووباری فورات بنەخشێنێت.
  • 4داود هەزار گالیسکە و حەوت هەزار گالیسکەسوار و بیست هەزار پیادەی بە دیل گرت، ئینجا داود جومگە پێی ئەسپی گالیسکەکانیانی بڕییەوە و تەنها سەد ئەسپی گالیسکەی هێشتەوە.
  • 5کاتێک ئارامییەکانی دیمەشق بۆ یارمەتیدانی هەدەدعەزەری پاشای چۆڤا هاتن، داود بیست و دوو هەزار پیاوی لە ئارامییەکان کوشت.
  • 6ئیتر داود لە شانشینی ئارامییەکانی دیمەشق سەربازگەی دانا، ئارامییەکانیش هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود و سەرانەیان بۆ دەهێنا. داودیش ڕووی لە هەرکوێ دەکرد، یەزدان سەرکەوتووی دەکرد.
  • 7پاشان داود قەڵغانە زێڕینەکانی ئەفسەرەکانی هەدەدعەزەری برد و هێنایە ئۆرشەلیم.
  • 8هەروەها داود بڕۆنزێکی زۆریشی لە تەڤەح و کوون برد کە شارۆچکەی هەدەدعەزەر بوون، بەوە بوو کە سلێمان حەوزە بڕۆنزییەکە و کۆڵەکەکان و قاپوقاچاغە بڕۆنزییەکانی دروستکرد.
  • 9کاتێک تۆعوی پاشای حەمات بیستی کە داود هەموو سوپاکەی هەدەدعەزەری پاشای چۆڤای بەزاندووە،
  • 10هەدۆرامی کوڕی نارد بۆ لای داودی پاشا بۆ ئەوەی لە سەلامەتی بپرسێت و پیرۆزبایی لێ بکات کە لەگەڵ هەدەدعەزەر جەنگاوە و بەزاندوویەتی، چونکە هەدەدعەزەر لە جەنگدا بوو لە دژی تۆعو. هەدۆرامیش لەگەڵ دەستی خۆیدا هەموو جۆرە کەلوپەلێکی زێڕ و زیو و بڕۆنزی هێنابوو.
  • 11داودی پاشا ئەم کەلوپەلانەی بۆ یەزدان تەرخان کرد، هەروەک ئەو زێڕ و زیوەی تەرخان کرد کە لە هەموو ئەم نەتەوانە بردبووی: ئەدۆم، مۆئاب، عەمۆن، فەلەستی و عەمالێقییەکان.
  • 12ئەبیشەیی کوڕی چەرویاش لە دۆڵی خوێ هەژدە هەزاری لە ئەدۆمییەکان کوشت.
  • 13لە خاکی ئەدۆم سەربازگەی دانا و هەموو ئەدۆمییەکان هاتنە ژێر دەسەڵاتی داود، داود ڕووی لە هەرکوێ دەکرد، یەزدان سەرکەوتووی دەکرد.
  • 14داود پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد، دادپەروەری و ڕاستودروستی بۆ هەموو گەلەکەی پەیڕەو کرد.
  • 15یۆئابی کوڕی چەرویاش سوپاسالار بوو؛
  • یەهۆشافاتی کوڕی ئەحیلودیش تۆمارکار بوو؛
  • 16سادۆقی کوڕی ئەحیتوڤ و ئەحیمەلەخی کوڕی ئەبیاتار کاهین بوون؛
  • شەڤشا خامەی نهێنی بوو؛
  • 17بەنایای کوڕی یەهۆیاداع فەرماندەی کریتی و پەلەتییەکان بوو؛
  • کوڕەکانی داودیش دەستەڕاستی پاشا بوون.

یه‌كه‌م هه‌واڵی ڕۆژان ١٩

  • 1دوای ماوەیەک ناحاشی پاشای عەمۆنییەکان مرد و کوڕەکەی لەدوای ئەو بوو بە پاشا.
  • 2داود گوتی: «لەگەڵ حانوونی کوڕی ناحاش دڵسۆز دەبم، چونکە باوکی لەگەڵم دڵسۆز بوو.» لەبەر ئەوە داود شاندێکی نارد بۆ ئەوەی سەرەخۆشی لە حانوون بکەن سەبارەت بە باوکی.
  • کاتێک شاندەکەی داود هاتنە لای حانوون لە خاکی عەمۆنییەکان بۆ ئەوەی سەرەخۆشی لێ بکەن،
  • 3میرەکانی عەمۆنییەکان بە حانوونیان گوت: «تۆ لەو باوەڕەدایت کە داود لەبەر ڕێزگرتن لە باوکت شاندی ناردووە بۆ ئەوەی سەرەخۆشیت لێ بکات؟ ئایا خزمەتکارەکانی بۆ پشکنین و سەرەوژێرکردن و سیخوڕیکردن بەسەر خاکەکەوە نەهاتوون بۆ لات؟»
  • 4ئیتر حانوون پیاوەکانی داودی گرت و ڕیشی تاشین، جلەکانیشیان لە نیوەوە هەتا پاشەڵیانی دادڕی و بەڕەڵای کردن.
  • 5کاتێک هەندێک کەس چوون و سەبارەت بەو پیاوانە بە داودیان ڕاگەیاند، ئەویش چەند کەسێکی نارد بۆ پێشوازییان، چونکە پیاوەکان زۆر شەرمیان دەکرد، پاشاش گوتی: «هەتا ڕیشتان دێتەوە لە ئەریحا بمێننەوە، ئینجا بگەڕێنەوە.»
  • 6کاتێک عەمۆنییەکان بینییان لەلایەن داودەوە قێزەون بوون، حانوون و عەمۆنییەکان هەزار تالنت زیویان نارد بۆ ئەوەی لە ئارامییەکانی میسۆپۆتامیا و لە ئارامییەکانی مەعکا و لە چۆڤا گالیسکە و گالیسکەسوار بەکرێ بگرن.
  • 7جا سی و دوو هەزار گالیسکە و گالیسکەسواریان بەکرێ گرت، هەروەها پاشای مەعکا لەگەڵ سوپاکەی هات و لە بەرامبەر مادەبا دامەزران، عەمۆنییەکانیش لە شارۆچکەکانیانەوە کۆبوونەوە و هاتن بۆ جەنگ.
  • 8کاتێک داود ئەمەی بیستەوە یۆئاب و هەموو سوپا شەڕکەرەکانی نارد.
  • 9عەمۆنییەکان هاتنە دەرەوە و لە دەمی دەروازەی شارەکەیان بۆ جەنگ ڕیزیان بەست، بەڵام ئەو پاشایانەی کە هاتبوون بە جیا لە دەشتودەر بوون.
  • 10کاتێک یۆئاب بینی کە بەرەکانی جەنگ لەپێشی و لەپاشییەوەن، لە باشترین جەنگاوەرانی ئیسرائیل چەند هێزێکی هەڵبژارد، بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئارامییەکان ڕیزی کردن.
  • 11ئەو پیاوانەی کە مانەوە دایە دەست ئەبیشەیی برای و ئەویش بۆ بەرەنگاربوونەوەی عەمۆنییەکان ڕیزی کردن.
  • 12یۆئاب گوتی: «ئەگەر ئارامییەکان لە من بەهێزتر بوون، ئەوا تۆ بەهانامەوە دێیت؛ بەڵام ئەگەر عەمۆنییەکان لە تۆ بەهێزتر بوون، ئەوا من بەهاناتەوە دێم.
  • 13ئازابە و با بەهێز بین لە پێناوی گەلەکەمان و لە پێناوی شارەکانی خوداکەمان، یەزدانیش چی پێ باشە ئەوە دەکات.»
  • 14ئینجا یۆئاب و ئەو لەشکرەی لەگەڵی بوون بۆ جەنگ لە دژی ئارامییەکان چوونە پێشەوە، ئەوانیش لەبەردەمیدا هەڵاتن.
  • 15کاتێک عەمۆنییەکان بینییان ئارامییەکان هەڵدەهاتن، ئەوانیش لەبەردەم ئەبیشەی هەڵاتن و چوونە ناو شارەکە. ئیتر یۆئاب گەڕایەوە ئۆرشەلیم.
  • 16کاتێک ئارامییەکان بینییان لە بەرامبەر ئیسرائیل تێکشکاون، چەند نێردراوێکیان نارد و ئارامییەکانی ئەوبەری ڕووباری فوراتیان هێنا و شوفەخی سەرکردەی سوپاکەی هەدەدعەزەریش لەپێشیانەوە بوو.
  • 17کاتێک بە داود ڕاگەیەنرا، ئەویش هەموو ئیسرائیلی کۆکردەوە و لە ڕووباری ئوردونەوە پەڕییەوە و بۆیان هات و ڕیزی لێیان بەست، داود بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئارامییەکان ڕیزی بەست بۆ جەنگ و ئەوانیش لە دژی جەنگان.
  • 18بەڵام ئارامییەکان لەبەردەم ئیسرائیلدا هەڵاتن، داودیش حەوت هەزار گالیسکەسوار و چل هەزار پیادەی لە ئارامییەکان کوشت، هەروەها شوفەخی سەرکردەی سوپاکەشی کوشت.
  • 19کاتێک ژێردەستەکانی هەدەدعەزەر بینییان کە ئەوان لە بەرامبەر ئیسرائیل تێکشکاون، لەگەڵ داود ئاشت بوونەوە و بوونە ژێردەستەی ئیسرائیل.
  • ئیتر ئارامییەکان نەیانوێرا بەهانای عەمۆنییەکانەوە بچن.