PLAY PODCASTS
دووه‌م پاشایان ٧: ١ - ٨: ٢٩
Season 18 · Episode 5

دووه‌م پاشایان ٧: ١ - ٨: ٢٩

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

January 27, 202423m 2s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

دووه‌م پاشایان ٧: ١ - ٨: ٢٩

  • 1ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن. یەزدان ئەمە دەفەرموێت: سبەینێ لەم کاتەدا، لە دەروازەی سامیرە پێوانەیەک لە باشترین ئارد بە شاقلێک و دوو پێوانە جۆ بە شاقلێک دەبێت.»
  • 2ئەفسەرێک کە گەورە یاوەری پاشا بوو، بە پیاوەکەی خودای گوت: «هەتا ئەگەر یەزدان دەرگاکانی ئاسمانیش بکاتەوە، ئایا شتی وا ڕوودەدات؟»
  • ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «تۆ بە چاوی خۆت دەیبینیت، بەڵام لێی ناخۆیت.»
  • 3چوار پیاوی گەڕوگول لە دەروازەی شارەکە بوون، بە یەکتریان گوت: «بۆ لێرە بمێنینەوە هەتا دەمرین؟
  • 4ئەگەر بڵێین: ”با بچینە ناو شارەکەوە،“ لە شارەکە قاتوقڕی هەیە و لەوێ دەمرین. ئەگەر لێرەش دانیشین، هەر دەمرین. ئێستا با بچینە ئۆردوگای ئارامییەکان و خۆمان ڕادەست بکەین، ئەگەر لێمان خۆشبوون ئەوا دەژین، ئەگەر بشمانکوژن ئەوا هەر دەمرین.»
  • 5لە زەردەپەڕی ئێوارە هەستان بۆ ئەوەی بچنە ئۆردوگای ئارامییەکان. هاتن هەتا گەیشتنە قەراغی ئۆردوگای ئارامییەکان، کەسی لێ نەبوو،
  • 6چونکە پەروەردگار وای کرد کە ئۆردوگای ئارامییەکان دەنگی گالیسکە و ئەسپ و سوپایەکی گەورە ببیستن، ئیتر بە یەکتریان گوتبوو: «ئەوەتا پاشای ئیسرائیل پاشاکانی حیتی و میسرییەکانی لە دژی ئێمە بەکرێ گرتووە هەتا لەگەڵمان بجەنگن!»
  • 7لەبەر ئەوە هەستان و لە زەردەپەڕی ئێوارە هەڵاتن، وازیان لە چادر و ئەسپ و گوێدرێژەکانیان هێنا. ئۆردوگاکەیان وەک خۆی بەجێهێشت و بۆ دەربازکردنی ژیانی خۆیان هەڵاتن.
  • 8ئەو گەڕوگولانه هەتا قەراغی ئۆردوگاکە هاتن، چوونە ناو چادرێک و خواردیان و خواردیانەوە. زێڕ و زیو و جلوبەرگیان برد و چوون شاردییانەوە. پاشان گەڕانەوە و چوونە ناو چادرێکی دیکە، لەوێش بردیان و چوون و شاردییانەوە.
  • 9ئینجا بە یەکترییان گوت: «ئەوەی ئێمە دەیکەین ڕاست نییە. ئەمڕۆ ڕۆژی مژدەیە و ئێمەش لێی بێدەنگین. ئەگەر هەتا بەرەبەیان چاوەڕێ بکەین تووشی سزا دەبین. وەرن با ئێستا بچین و بە کۆشکی پاشای ڕابگەیەنین.»
  • 10ئیتر هاتن و دەرگاوانی شارەکەیان بانگکرد و پێیان گوت: «ئێمە چووینە ناو ئۆردوگای ئارامییەکان، کەس لەوێ نەبوو، دەنگی کەسیش نەدەبیسترا، تەنها ئەسپ و گوێدرێژ بەستراونەتەوە، چادرەکانیش هەروەک خۆیان لەوێن.»
  • 11دەرگاوانەکان جاڕیان دا، هەواڵەکەشیان بە کۆشکی پاشا ڕاگەیاند.
  • 12پاشا شەو هەستا و بە ئەفسەرەکانی گوت: «من پێتان دەڵێم ئارامییەکان چییان لێکردووین. دەزانن ئێمە برسیمانە، لە ئۆردوگاکە چوونەتە دەرەوە و لە دەشتاییەکان خۆیان مەڵاس داوە، وا بیریان کردووەتەوە: ”بێگومان لە شارەکە دێنە دەرەوە، بە زیندوویی دەیانگرین و دەچینە ناو شارەکە.“»
  • 13یەکێک لە ئەفسەرەکانی وەڵامی دایەوە: «کەواتە، با هەندێک پیاو پێنج ئەسپ ببەن لەوانەی کە لە شارەکە ماوەتەوە. چارەنووسیان لە نەوەی ئیسرائیل خراپتر نابێت کە خەریکە لەناو شار دەمرن. با بیاننێرین تاکو بزانین چی ڕوویداوە.»
  • 14ئیتر دوو گالیسکەیان بە ئەسپەوە دەستنیشان کرد و پاشا ئەوانی نارد بۆ ئەوەی شوێنی سوپای ئارام بکەون. پاشا فەرمانی کرد و گوتی: «بڕۆن و بزانن چی ڕوویداوە.»
  • 15ئەوانیش بەدوایاندا بەرەو ڕووباری ئوردون چوون، بینییان هەموو ڕێگاکە پڕە لە جلوبەرگ و قاپوقاچاغ، ئەوەی ئارامییەکان لە پەلەپەلیان فڕێیان داوە. نێردراوەکان گەڕانەوە و بە پاشایان ڕاگەیاند.
  • 16پاشان گەل چوونە دەرەوە و ئۆردوگای ئارامییەکانیان تاڵان کرد، پێوانەیەک لە باشترین ئارد بووە شاقلێک و دوو پێوانە جۆ بووە شاقلێک، هەروەک یەزدان فەرمووی.
  • 17ئەو ئەفسەرەی کە گەورە یاوەری پاشا بوو، پاشا لەسەر دەروازەکەی دانا، گەلیش لە دەروازەکە پێشێلیان کرد و مرد، هەروەک پیاوەکەی خودا پێی گوت کاتێک پاشا چووە ماڵی.
  • 18ئەوە ڕوویدا کە پیاوەکەی خودا بە پاشای گوت: «سبەینێ ئەم کاتە لە دەروازەی سامیرە دوو پێوانە جۆ بە شاقلێک و پێوانەیەک باشترین ئاردیش بە شاقلێک دەبێت.»
  • 19ئەفسەرەکەش بە پیاوەکەی خودای گوت: «هەتا ئەگەر یەزدان دەرگاکانی ئاسمانیش بکاتەوە، ئایا شتی وا ڕوودەدات؟» پیاوی خوداش گوتبووی: «تۆ بە چاوی خۆت دەیبینیت، بەڵام لێی ناخۆیت.»
  • 20ئیتر ڕێک وای بەسەرهات، گەل لە دەروازەکە پێشێلیان کرد و مرد.

دووه‌م پاشایان ٨

  • 1ئەلیشەع بەو ژنەی گوتبوو کە کوڕەکەی بۆ زیندوو کردبووەوە: «لەگەڵ خێزانەکەتان بڕۆن و لە هەرکوێیەک دەتوانن ماوەیەک بمێننەوە، چونکە یەزدان بڕیاری داوە قاتوقڕی بێتە سەر ئەم خاکە، حەوت ساڵ درێژە دەکێشێت.»
  • 2ژنەکەش گوێڕایەڵی قسەی پیاوەکەی خودا بوو. خۆی و خێزانەکەی ڕۆیشتن و حەوت ساڵ لە خاکی فەلەستییەکان مانەوە.
  • 3لە کۆتایی حەوت ساڵەکە ژنەکە لە خاکی فەلەستییەکان گەڕایەوە، هانای بۆ پاشا برد بۆ بەدەستهێنانەوەی ماڵ و کێڵگەکەی.
  • 4پاشاش قسەی لەگەڵ گێحەزی خزمەتکاری پیاوەکەی خودا دەکرد، پێی دەگوت: «باسی هەموو ئەو کارە گەورانەم بۆ بکە کە ئەلیشەع ئەنجامی دا.»
  • 5لەو کاتەی گێحەزی باسی ئەوەی بۆ پاشا دەکرد کە چۆن ئەلیشەع مردووی زیندوو کردووەتەوە، ئەو ژنەی کە ئەلیشەع کوڕەکەی بۆ زیندوو کردبووەوە لەبەر ماڵەکەی و کێڵگەکەی هاواری بۆ پاشا هێنا.
  • گێحەزیش گوتی: «پاشای گەورەم، ئەوە ژنەکەیە، ئەوەش کوڕەکەیەتی کە ئەلیشەع زیندووی کردەوە.»
  • 6پاشاش دەربارەی ئەوە لە ژنەکەی پرسی، ئەویش ئەوەی بۆ گێڕایەوە.
  • ئینجا پاشا کاربەدەستێکی لەگەڵ نارد و گوتی: «هەموو ئەوەی هی ئەوە بۆی بگەڕێنەوە، لەگەڵ داهاتی کێڵگەکەی لەو ڕۆژەوەی کە زەوییەکەی بەجێهێشتووە هەتا ئێستا.»
  • 7ئەلیشەع هاتە دیمەشق و بەن‌هەدەدی پاشای ئارامیش نەخۆش بوو. کاتێک پێی ڕاگەیەنرا «پیاوەکەی خودا هاتووەتە ئێرە،»
  • 8پاشا بە حەزائێلی گوت: «دیارییەک لەگەڵ دەستت ببە و بەرەوپیری پیاوەکەی خودا بڕۆ، لە ڕێگەی ئەوەوە پرسیار لە یەزدان بکە، بزانە ئایا لەم نەخۆشییەم چاک دەبمەوە؟»
  • 9حەزائێلیش لەگەڵ خۆی باری چل وشتری لە هەموو بەروبوومە باشەکانی دیمەشق بە دیاری برد و چووە پێشوازی ئەلیشەع و لەبەردەمی ڕاوەستا و گوتی: «کوڕەکەت، بەن‌هەدەدی پاشای ئارام، منی بۆ لای تۆ ناردووە و دەڵێت: ”ئایا لەم نەخۆشییەم چاک دەبمەوە؟“»
  • 10ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «بڕۆ و پێی بڵێ: ”بە دڵنیاییەوە چاک دەبیتەوە.“ بەڵام یەزدان پیشانی داوم کە دەمرێت!»
  • 11چاوی تێبڕی هەتا حەزائێل شەرم دایگرت، ئینجا پیاوەکەی خودا دەستی بە گریان کرد.
  • 12حەزائێل پرسیاری کرد: «گەورەم بۆچی دەگریێت؟»
  • ئەلیشەع وەڵامی دایەوە: «چونکە زانیم چ خراپەیەک بەسەر نەوەی ئیسرائیلدا دەهێنیت. ئاگر لە قەڵاکانیان بەردەدەیت، گەنجەکانیان بە شمشێر دەکوژیت، منداڵەکانیان وردوخاش دەکەیت، ورگی سکپڕەکانشیان دەدڕێنیت.»
  • 13حەزائێلیش گوتی: «گەورەم، سەگێکی وەک من چۆن دەتوانێ کاری وا گەورە بکات؟»
  • ئەلیشەعیش وەڵامی دایەوە: «یەزدان پیشانی دام کە تۆ دەبیتە پاشای ئارام.»
  • 14پاشان حەزائێل لەلای ئەلیشەع ڕۆیشت و گەڕایەوە لای گەورەکەی. کاتێک بەن‌هەدەد لێی پرسی: «ئەلیشەع چی پێ گوتی؟» حەزائێل وەڵامی دایەوە: «پێی گوتم، بە دڵنیاییەوە چاک دەبیتەوە.»
  • 15بەڵام ڕۆژی پاشتر، جاجمەکەی برد و لە ئاوی هەڵکێشا و دای بەسەر دەموچاوی پاشادا و هەناسەی لێ بڕی، هەر بۆیە پاشا مرد. ئیتر حەزائێل لە جێی ئەو بوو بە پاشا.
  • 16لە ساڵی پێنجەمی یۆرامی کوڕی ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل و یەهۆشافاتی پاشای یەهودا، یەهۆرامی کوڕی یەهۆشافات بوو بە پاشای یەهودا.
  • 17تەمەنی سی و دوو ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشا، هەشت ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد.
  • 18هەمان ڕێچکەی پاشاکانی ئیسرائیل و بنەماڵەی ئەحاڤی گرتەبەر، چونکە کچەکەی ئەحاڤ ژنی بوو. لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد.
  • 19لەگەڵ ئەوەشدا، یەزدان لەبەر داودی بەندەی خۆی، نەیدەویست یەهودا لەناوببات، چونکە بەڵێنی بە داود دابوو کە بۆ هەتاهەتایە چرایەک دەداتە خۆی و نەوەکانی.
  • 20لە سەردەمی پاشایەتی یەهۆرام، ئەدۆم لە یەهودا یاخی بوو، پاشایەکیان بۆ خۆیان دانا.
  • 21ئیتر یەهۆرام بە هەموو گالیسکەکانییەوە پەڕییەوە چاعیر. لەوێ ئەدۆمییەکان ئابڵوقەیان دان، بەڵام شەو خۆی و سەرکردەی گالیسکەکانی هەستان و ئابڵوقەکەیان شکاند و دەرباز بوون، لەشکرەکەش هەڵاتن و گەڕانەوە چادرەکانیان.
  • 22هەتا ئێستاش ئەدۆم لە یەهودا یاخییە. هەر لەو کاتەدا لیڤناش یاخی بوو.
  • 23ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆرام و هەموو کارەکانی کە کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی ئیسرائیل تۆمار کراون.
  • 24یەهۆرام لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، لە شاری داود لەگەڵ باوباپیرانی نێژرا. ئیتر ئەحەزیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
  • 25لە ساڵی دوازدەیەمینی یۆرامی کوڕی ئەحاڤی پاشای ئیسرائیل، ئەحەزیای کوڕی یەهۆرام بوو بە پاشای یەهودا.
  • 26ئەحەزیا گەنجێکی بیست و دوو ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، یەک ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. دایکی ناوی عەتەلیای کچەزای عۆمری پاشای ئیسرائیل بوو.
  • 27هەمان ڕێچکەی بنەماڵەی ئەحاڤی گرتەبەر، هەروەک بنەماڵەی ئەحاڤ لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، چونکە زاوای ماڵی ئەحاڤ بوو.
  • 28ئەحەزیا لەگەڵ یۆرامی کوڕی ئەحاڤ چووە جەنگ لە دژی حەزائێلی پاشای ئارام لە ڕامۆتی گلعاد، ئارامییەکان یۆرامیان پێکا.
  • 29ئیتر یۆرام پاشا گەڕایەوە هەتا لە یەزرەعیل لەو برینانەی چاک بێتەوە کە ئارامییەکان لە ڕامۆت لە کاتی شەڕکردنی لە دژی حەزائێلی پاشای ئارام پێکابوویان.
  • لەدوای ئەوە ئەحەزیای کوڕی یەهۆرامی پاشای یەهوداش چوو بۆ یەزرەعیل هەتا چاوی بە یۆرامی کوڕی ئەحاڤ بکەوێت، چونکە نەخۆش بوو.