
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
ناحوم ٣: ٨ - ١٩
- 8ئایا لە شاری تیب چاکتریت،
- دانیشتووی سەر نیل،
- ئاو چواردەوری دابوو؟
- ئەوەی ڕووبارەکە دەیپاراست،
- ئاوەکان شوورای بوون.
- 9کوش و میسر هێزی لە ڕادەبەدەری بوون،
- پووت و لیبییەکان هاوپەیمانی بوون.
- 10بەڵام ئەو بە دیل گیرا و
- ڕاپێچ کرا،
- منداڵەکانی پارچەپارچە کران
- لەسەر سووچی هەموو شەقامێک.
- لەسەر پیاوماقوڵانی تیروپشک کرا و
- هەموو گەورە پیاوانی کۆت و زنجیر کران.
- 11هەروەها تۆش سەرخۆش دەبیت،
- خۆت دەشاریتەوە و
- لە پەنایەک دەگەڕێیت لە دەستی دوژمن.
- 12هەموو قەڵاکانت وەک داری هەنجیرن
- بە یەکەم بەرەوە،
- کە بتەکێن بەردەبنەوە
- بۆ ناو دەمی ئەو کەسەی دەیخوات.
- 13تەماشای سەربازەکانت بکە،
- هەموویان وەک ژنن!
- دەروازەکانی خاکەکەت
- بۆ دوژمنانت دەخرێنە سەر پشت،
- ئاگر شمشیرەی دەروازەکانت هەڵدەلووشێت.
- 14ئاو بکێشەوە بۆ کاتی گەمارۆدراویت،
- قەڵاکانت بەهێز بکە!
- بڕۆ ناو قوڕەوە،
- قوڕ بشێلە و
- خشتبڕەکانت توندوتۆڵ بکە!
- 15لەوێدا ئاگر دەتخوات،
- شمشێر دەتبڕێت و
- وەک پۆلە کوللە دەتخوات.
- وەک پۆلە کوللە زیادبە،
- زیادبە وەک پێکوڕە!
- 16بازرگانەکانی خۆت
- لە ئەستێرەکانی ئاسمان زۆرتر کرد،
- بەڵام وەک کوللە خاکەکە ڕووت دەکەنەوە و دەفڕن.
- 17پاسەوانەکانت وەک کوللەن،
- ئەفسەرەکانت وەک ڕەوە کوللەن،
- کە لە ڕۆژێکی سارد لەسەر دیوار هەڵنیشتوون،
- بەڵام کە خۆر هەڵهات دەفڕن،
- کەس نازانێ بەرەو کوێ چوون.
- 18ئەی پاشای ئاشور، شوانەکانت خەوتن،
- گەورە پیاوانت پاڵکەوتن پشوو بدەن.
- گەلەکەت لەسەر چیاکان پەرتەوازە بوون،
- کەس نییە کۆیان بکاتەوە.
- 19شکانەکەت ناگیرێتەوە،
- برینەکەت ساڕێژ نابێت.
- هەموو ئەوانەی هەواڵی تۆ دەبیستن
- لە خۆشیدا چەپڵە لێ دەدەن،
- چونکە کێ نەیچێشتووە
- خراپەی بەردەوامی تۆ؟