PLAY PODCASTS
سامۆئێلی دووه‌م ١٧: ١ - ١٨: ٣٣
Season 16 · Episode 10

سامۆئێلی دووه‌م ١٧: ١ - ١٨: ٣٣

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

January 6, 202421m 57s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

سامۆئێلی دووه‌م ١٧: ١ - ١٨: ٣٣

  • 1ئەحیتۆفەل بە ئەبشالۆمی گوت: «پێم باشە دوازدە هەزار پیاو هەڵبژێریت و هەستیت و هەر ئەمشەو بەدوای داود بکەویت.
  • 2کە هێشتا ماندووە و دەستی شلە بەسەریدا بدە، ئینجا بیتۆقێنە، ئیتر هەموو ئەو گەلەی لەگەڵیدان هەڵدێن. بە تەنها لە پاشا بدە،
  • 3هەموو گەلت بۆ دەگەڕێتەوە. مەرگی ئەو پیاوەی داوای دەکەیت، واتای گەڕانەوەی هەمووانە، جا هەموو گەل لە ئاشتیدا دەبن.»
  • 4ئەم تەگبیرەی لەلایەن ئەبشالۆم و هەموو پیرانی ئیسرائیلەوە پەسەند کرا.
  • 5بەڵام ئەبشالۆم گوتی: «حوشەی ئەرکیش بانگ بکەن، با بزانین ئەویش چی دەڵێت.»
  • 6ئیتر حوشەی هاتە لای، ئەبشالۆم پێی گوت: «ئەحیتۆفەل ئەم قسەیەی کردووە، ئایا بە قسەی بکەین؟ ئەگەر نا، تۆ چی دەڵێت؟»
  • 7حوشەیش بە ئەبشالۆمی گوت: «ڕاوێژەکەی ئەم جارەی ئەحیتۆفەل باش نییە.
  • 8تۆ باوکت و پیاوەکانی دەناسیت، پاڵەوانن، وەک دەڵەورچێک کە لە دەشتودەرە بەچکەکانی ڕاوکرابێت تووڕەن. جگە لەوەش باوکت پیاوی جەنگە و لەگەڵ لەشکر شەو بەسەرنابات.
  • 9ئێستا ئەو لە ئەشکەوتێک یان لە شوێنێکدا خۆی شاردووەتەوە. ئەگەر لە سەرەتادا هەندێکتان لێ بکوژرێت و خەڵکی بیبیستنەوە و بڵێن، ”ئەو لەشکرەی لەگەڵ ئەبشالۆم بوو، تێکشکاوە،“
  • 10ئەوا تەنانەت ئەو پاڵەوانەی دڵی وەک شێر وایە دڵی دەتوێتەوە، چونکە هەموو ئیسرائیل دەزانن کە باوکت پاڵەوانە و ئەوانەی لەگەڵیدان قارەمانن.
  • 11«لەبەر ئەوە من ئامۆژگاریت دەکەم کە هەموو ئیسرائیل لە دانەوە هەتا بیری شابەع، وەک لمی سەر دەریا لێت کۆببنەوە لە زۆریدا، بەڕێزیشت سەرکردایەتی جەنگەکە بکە.
  • 12ئینجا بۆی دەچینە یەکێک لەو شوێنانەی کە ئەوی لێیە، وەک شەونمی سەر زەوی بەسەریدا دادەبارین. هیچ کەسیان لێ ناهێڵینەوە، نە خۆی و نە هەموو ئەو پیاوانەی لەگەڵیدان.
  • 13ئەگەر بۆ شارێک پاشەکشەی کرد، با هەموو ئیسرائیل گوریس بۆ ئەو شارە ببەن و دیوارەکانی شارەکە بۆ ناو دۆڵەکە ڕادەکێشین بۆ ئەوەی تەنانەت بەردێکیشی لەوێ نەبینرێتەوە.»
  • 14ئینجا ئەبشالۆم و هەموو پیاوانی ئیسرائیل گوتیان: «ئامۆژگارییەکەی حوشەی ئەرکی لە ڕاوێژەکەی ئەحیتۆفەل باشترە.» ئیتر پووچەڵکردنەوەی ڕاوێژە باشەکەی ئەحیتۆفەل بە فەرمانی یەزدان بوو، بۆ ئەوەی یەزدان بەڵا بەسەر ئەبشالۆمدا بهێنێت.
  • 15حوشەی بە سادۆق و بە ئەبیاتاری گوت، هەردوو کاهینەکە: «ئەحیتۆفەل بەو شێوەیە ئامۆژگاری بۆ ئەبشالۆم و پیرانی ئیسرائیل کردووە، منیش بەم شێوەیە ڕاوێژم کردووە.
  • 16ئێستاش بە پەلە بنێرن و بە داود ڕابگەیەنن و بڵێن: ”ئەمشەو لەسەر تەنکاوەکەی بەرەو چۆڵەوانی بەسەرمەبە، لە ڕووبارەکە بپەڕەوە، نەوەک پاشا و ئەو گەلەی لەگەڵیدان هەڵبلووشرێن.“»
  • 17یۆناتان و ئەحیمەعەچ نەیاندەویست بچنە ناو شارەکە و ببینرێن، لەلای کانی ڕۆگێل چاوەڕێی کارەکەرێک بوون پەیامێکیان پێ ڕابگەیەنێت، ئەوانیش بچن و بە داودی پاشای ڕابگەیەنن.
  • 18بەڵام گەنجێک هەردووکیانی بینی و بە ئەبشالۆمی ڕاگەیاند، لەبەر ئەوە هەردووکیان بە پەلە ڕۆیشتن و چوونە ناو ماڵی پیاوێک لە بەحوریم، بیرێک لەناو حەوشەکەیدا هەبوو، هەردووکیان شۆڕ بوونەوە ناوی.
  • 19ژنەکەی دەمی بیرەکەی بە ڕووپۆشێک داپۆشی و دانەوێڵەی بەسەردا بڵاوکردەوە، کەس پێی نەزانی.
  • 20ئیتر خزمەتکارەکانی ئەبشالۆم هاتن بۆ لای ژنەکە بۆ ماڵەکە و گوتیان: «ئەحیمەعەچ و یۆناتان لەکوێن؟»
  • ژنەکەش وەڵامی دانەوە: «لە جۆگەی ئاوەکە پەڕینەوە.» جا پاش ئەوەی بەدوایاندا گەڕان و نەیاندۆزینەوە، گەڕانەوە ئۆرشەلیم.
  • 21پاش ئەوەی خزمەتکارەکانی ئەبشالۆم ڕۆیشتن، ئەحیمەعەچ و یۆناتان لە بیرەکە هاتنە دەرەوە و ڕۆیشتن و بە داود پاشایان ڕاگەیاند و بە داودیان گوت: «هەستن و بە پەلە لە تەنکاوەکە بپەڕنەوە، چونکە ئەحیتۆفەل ئاوا ئامۆژگاری کردوون.»
  • 22لەبەر ئەوە داود و هەموو ئەو گەلەی لەگەڵیدا بوون هەستان و لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە و لە بەرەبەیاندا کەس نەمابوو لە ڕووباری ئوردون نەپەڕیبێتەوە.
  • 23بەڵام کاتێک ئەحیتۆفەل بینی کار بە ڕاوێژەکەی نەکراوە، گوێدرێژەکەی کورتان کرد و هەستا، بەرەو ماڵەکەی لە شارەکەی خۆیدا بەڕێکەوت و وەسیەتی بۆ ماڵەکەی کرد و خۆی خنکاند و مرد، جا لە گۆڕەکەی باوکی ناشتیان.
  • 24ئینجا داود هات بۆ مەحەنەیم و ئەبشالۆمیش خۆی و هەموو ئەو پیاوانەی ئیسرائیل کە لەگەڵیدا بوون لە ڕووباری ئوردونەوە پەڕینەوە.
  • 25ئەبشالۆم لە جیاتی یۆئاب عەماسای کردبوو بە سوپاسالار و عەماساش کوڕی پیاوێک بوو ناوی یەتەری ئیسرائیلی بوو، کە ئەبیگایلی کچی ناحاش، خوشکی چەرویا، دایکی یۆئاب خێزانی بوو.
  • 26ئیسرائیل و ئەبشالۆم لە خاکی گلعاددا چادریان هەڵدا.
  • 27کاتێک داود گەیشتە مەحەنەیم، شۆڤیی کوڕی ناحاش لە شاری ڕەبەی عەمۆنییەکان و ماکیری کوڕی عەمیێل لە لۆدەڤار و بەرزیلەیی گلعادی لە ڕۆگەلیمەوە
  • 28ڕاخەر و تەشت و قاپوقاچاغی گڵین، گەنم و جۆ و ئارد، دانەوێڵەی برژاو و پاقلە و نیسک و نۆکی برژاو،
  • 29هەنگوین و دەڵەمە و مەڕ و پەنیری مانگایان پێشکەشی داود و ئەو گەلەی لەگەڵیدا بوون کرد هەتا بیخۆن، چونکە گوتیان: «گەل لە چۆڵەوانیدا برسی و ماندوو و تینوون.»

سامۆئێلی دووه‌م ١٨

  • 1داود سەرژمێری ئەو پیاوانەی کرد کە لەگەڵیدا بوون، فەرماندەی هەزاران و سەدانی بەسەرەوە دانان.
  • 2ئینجا داود سێیەکی سەربازەکانی بە دەستی یۆئابدا نارد، سێیەکیش بە دەستی ئەبیشەی کوڕی چەرویای برای یۆئاب، سێیەکیش بە دەستی ئیتتایی گەتی. پاشا بە سوپاکەی گوت: «هەروەها بە دڵنیاییەوە منیش لەگەڵتان دێمە دەرەوە.»
  • 3بەڵام سەربازەکان گوتیان: «مەچۆ دەرەوە، چونکە ئەگەر ئێمە هەڵبێین گوێمان پێ نادەن، ئەگەر نیوەشمان لێ بمرێت هەر گوێمان پێ نادەن، بەڵام تۆ هێندەی دە هەزار کەسی لە ئێمە، ئێستاش باشترە کە تۆ بۆ یارمەتیدانمان لە شارەکە بیت.»
  • 4پاشاش وەڵامی دانەوە: «ئەوەی پێتان باشە دەیکەم.»
  • ئیتر پاشا لەلای دەروازەکەوە وەستا و هەموو پیاوان بە یەکەی سەدان و بە هەزاران چوونە دەرەوە.
  • 5پاشا فەرمانی بە یۆئاب و ئەبیشەی و ئیتتای کرد و گوتی: «لەبەر من، لەگەڵ ئەو گەنجە نەرم بن، لەگەڵ ئەبشالۆم.» هەموو سەربازەکانیش گوێیان لێبوو کاتێک پاشا سەبارەت بە ئەبشالۆم فەرمانی بە سەرکردەکان کرد.
  • 6سوپای داود چوونە دەرەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل لە دەشتودەر، شەڕەکەش لە دارستانی ئەفرایم ڕوویدا.
  • 7لەوێ سوپای ئیسرائیل لەبەردەم خزمەتکارەکانی داود شکان، لەو ڕۆژەدا کوشتارێکی گەورە ڕوویدا، بیست هەزار پیاو کوژرا.
  • 8شەڕەکە لە هەموو ناوچەکەدا بڵاو بووەوە، لەو ڕۆژەدا ئەوانەی لەناو دارستانەکەدا لەناوچوون زیاتر بوون لەوانەی بە شمشێر لەناوچوون.
  • 9ئەبشالۆم بە سواری هێسترەکەیەوە بەڕێکەوت تووشی خزمەتکارەکانی داود بوو. هێسترەکە چووە ژێر لقەکانی دار بەڕووێکی گەورە و سەری ئەبشالۆم لەنێوان لقەکانی دار بەڕووەکەدا گیربوو، لەنێوان ئاسمان و زەویدا هەڵواسرا، هێسترەکەی ژێریشی ڕۆیشت.
  • 10پیاوێک بینی و بە یۆئابی ڕاگەیاند: «هەر ئێستا ئەبشالۆمم بینی بە دار بەڕووەکەوە هەڵواسرابوو.»
  • 11یۆئابیش بەو پیاوەی گوت کە پێی ڕاگەیاند: «هەر ئێستا بینیت؟ ئەی بۆچی لەوێ بە زەویتدا نەدا، هەتا دە شاقل زیو و پشتێنێکت بدەمێ؟»
  • 12بەڵام پیاوەکە بە یۆئابی گوت: «تەنانەت ئەگەر هەزار شاقل زیویش بکێشن و بە دەستم بگات، بە هیچ جۆرێک دەستم بۆ کوڕی پاشا درێژ ناکەم، چونکە پاشا لەبەردەمی ئێمە فەرمانی بە تۆ و ئەبیشەی و ئیتتای کرد و گوتی: ”لەبەر من ئەو گەنجە، ئەبشالۆم بپارێزن و دەستی لێ مەدەن.“
  • 13ئەگەر نا ستەمم لەگەڵ خۆم دەکرد، پاشاش هیچی لێ ناشاردرێتەوە، تۆش لە دژم دەوەستایت.»
  • 14یۆئابیش گوتی: «من بەم شێوەیە لەبەردەمتدا ئارام ناگرم.» جا سێ ڕمی گرت بە دەستیەوە و لە دڵی ئەبشالۆمی گرت کە هێشتا لەناو دار بەڕووەکەدا زیندوو بوو.
  • 15دە خزمەتکار کە هەڵگرانی تفاقەکانی یۆئاب بوون چواردەوریان دا، لە ئەبشالۆمیان دا و کوشتیان.
  • 16ئەوسا یۆئاب فووی بە کەڕەنادا کرد و ڕێگای لەسەر سەربازەکان گرت، سەربازەکانیش لە ڕاونانی ئیسرائیل گەڕانەوە.
  • 17ئیتر ئەبشالۆمیان هەڵگرت و لە دارستانەکەدا فڕێیاندایە ناو چاڵێکی گەورە، بەردێکی زۆریان لەسەری کەڵەکە کرد. هەموو ئیسرائیلیش هەریەکە و بۆ شوێنی خۆی هەڵات.
  • 18پێشتر ئەبشالۆم کە هێشتا زیندوو بوو، ئەو کۆڵەکەیەی کە لە دۆڵی پاشادا بوو بردبووی و بۆ خۆی دایمەزراندبوو، چونکە گوتبووی: «کوڕێکم نییە بۆ یادکردنەوەی ناوەکەم.» کۆڵەکەکەشی بە ناوی خۆیەوە ناو نا، هەتا ئەمڕۆش پێ دەگوترێت «یادەوەری ئەبشالۆم».
  • 19ئەوە بوو ئەحیمەعەچی کوڕی سادۆق گوتی: «با ڕابکەم و مژدە بدەمە پاشا: ”یەزدان حەقی بۆ سەندیتەوە و لە دوژمنەکانت ڕزگاری کردیت.“»
  • 20یۆئابیش پێی گوت: «تۆ ئەمڕۆ خاوەن مژدە نیت، لە ڕۆژێکی دیکەدا مژدە بدە و ئەمڕۆ مژدە مەدە، چونکە کوڕی پاشا مردووە.»
  • 21یۆئاب بە کوشییەکی گوت: «بڕۆ و ئەوەی بینیت بە پاشای ڕابگەیەنە.» کوشییەکەش کڕنۆشی بۆ یۆئاب برد و ڕایکرد.
  • 22ئەحیمەعەچی کوڕی سادۆق دووبارە بە یۆئابی گوت: «هەرچییەک بووە لێمگەڕێ با منیش بەدوای کوشییەکەدا ڕابکەم.»
  • یۆئابیش گوتی: «کوڕم، تۆ بۆ ڕادەکەیت، لە کاتێکدا مژدەیەکت نییە شایانی پاداشت بێت؟»
  • 23ئەویش گوتی: «هەرچی بێت، ڕادەکەم.»
  • یۆئابیش پێی گوت: «ڕابکە!» ئەوسا ئەحیمەعەچ بە ڕێگای پێدەشتەکەدا ڕایکرد و بە پێش کوشییەکە کەوت.
  • 24کاتێک داود لەنێوان دەروازەکانی ژوورەوە و دەرەوە دانیشتبوو، ئێشکگرەکە سەرکەوتە سەربانی دەرگاکە بۆ سەر شووراکە، چاوی هەڵبڕی و بینی پیاوێک بە تەنها ڕادەکات.
  • 25ئێشکگرەکە هاواری کرد و بە پاشای ڕاگەیاند.
  • پاشاش گوتی: «ئەگەر بە تەنها بێت مژدەی پێیە.» پیاوەکەش ڕایدەکرد و نزیک دەبووەوە.
  • 26ئینجا ئێشکگرەکە پیاوێکی دیکەی بینی ڕادەکات، بانگی دەرگاوانەکەی کرد و پێی گوت: «ئەوەتا پیاوێکی دیکەش بە تەنها ڕادەکات.»
  • پاشاش گوتی: «ئەمەش هەر مژدەی پێیە.»
  • 27ئێشکگرەکە گوتی: «من دەبینم کە ڕاکردنی یەکەم وەک ڕاکردنی ئەحیمەعەچی کوڕی سادۆق وایە.»
  • پاشاش گوتی: «ئەمە پیاوچاکە و مژدەیەکی چاکیش دەهێنێت.»
  • 28ئەحیمەعەچ هاواری کرد و بە پاشای گوت: «سڵاو، هەموو شتێک باشە!» کڕنۆشی بۆ پاشا برد و سەری خستە سەر زەوی و گوتی: «ستایش بۆ یەزدانی پەروەردگارت، ئەوەی ئەو خەڵکەی ڕادەست کرد کە لە پاشای گەورەم هەستابوون!»
  • 29پاشاش گوتی: «ئەو گەنجە، ئەبشالۆم سەلامەتە؟»
  • ئەحیمەعەچیش گوتی: «گەورەم، کاتێک کە یۆئابی بەردەستی تایبەتی تۆ منی دەنارد، شڵەژانێکی گەورەم بینی، بەڵام نەمزانی چی بوو.»
  • 30پاشاش گوتی: «بسووڕێوە و لێرە ڕابوەستە.» ئەویش سووڕایەوە و ڕاوەستا.
  • 31لەو کاتەدا کوشییەکەش هات، کوشییەکە گوتی: «پاشای گەورەم مژدەم بدەرێ، چونکە یەزدان ئەمڕۆ حەقی بۆ سەندیتەوە و لە هەموو ئەوانەی لێت ڕاست بوونەوە ڕزگاری کردیت!»
  • 32پاشاش بە کوشییەکەی گوت: «ئەو گەنجە، ئەبشالۆم سەلامەتە؟»
  • کوشییەکەش گوتی: «با دوژمنەکانی پاشای گەورەم و هەموو ئەوانەی بۆ خراپە لە دژی تۆ سەرهەڵدەدەن وەک ئەو گەنجەیان لێ بێت.»
  • 33جا پاشا نیگەران بوو، دەگریا و سەرکەوتە ژووری سەر دەروازەکە، بە دەم ڕۆیشتنەوە ئاوای دەگوت: «کوڕەکەم ئەبشالۆم! کوڕەکەم، کوڕەکەم ئەبشالۆم! خۆزگە لە جێی تۆ بمردبامایە، کوڕەکەم ئەبشالۆم! کوڕەکەم!»