
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
لۆقا ٩: ١ - ١٠: ٢٤
- 1کاتێک عیسا دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، هێز و دەسەڵاتی پێدان بۆ دەرکردنی هەموو ڕۆحە پیسەکان و چاککردنەوەی نەخۆشییەکان،
- 2ناردنی تاکو مزگێنی پاشایەتی خودا بدەن و نەخۆش چاک بکەنەوە.
- 3پێی فەرموون: «بۆ ڕێگا هیچ هەڵمەگرن، نە گۆچان و نە توورەکە، نە نان و نە پارە، کەسیش کراسی زیادەی پێ نەبێت.
- 4چوونە هەر ماڵێک لەوێ بمێننەوە هەتا ئەو کاتەی ئەوێ بەجێدەهێڵن.
- 5ئەگەر خەڵکەکەی پێشوازییان لێ نەکردن، لە شارۆچکەکەیان بڕۆنە دەرەوە و تۆزی پێتان بتەکێنن، بۆ شایەتی لەسەریان.»
- 6جا بەڕێکەوتن و بە گوندەکاندا دەگەڕان، مزگێنییان دەدا و لە هەموو لایەک خەڵکیان چاک دەکردەوە.
- 7هێرۆدسی ئەنتیپاس کە فەرمانڕەوای جەلیل بوو، هەموو ئەو شتانەی بیستەوە کە ڕوویدەدا و سەری سوڕما، چونکە هەندێک دەیانگوت: «یەحیا لەناو مردووان هەستاوەتەوە.»
- 8هەندێکی دیکەش دەیانگوت: «ئەلیاس دەرکەوتووە.» کەسانی دیکەش: «یەکێک لە پێغەمبەرانی کۆن زیندووبووەتەوە.»
- 9هێرۆدسیش گوتی: «خۆم سەری یەحیام لێکردەوە، ئەی ئەمە کێیە شتی وای لێ دەبیستم؟» لەبەر ئەوە هەوڵی دەدا بیبینێت.
- 10نێردراوان گەڕانەوە و ئەوەی کردبوویان بۆ عیسایان گێڕایەوە، ئەویش ئەوانی برد و بە تەنها چوون بۆ شارۆچکەیەک کە ناوی بێتسەیدا بوو.
- 11بەڵام خەڵکەکە زانییان و دوای کەوتن، ئەویش پێشوازی لێکردن و باسی پاشایەتی خودای بۆ کردن، ئەوانەی پێویستییان بە چاکبوونەوە بوو چاکیکردنەوە.
- 12کاتێک ڕۆژ بەرەو ئاوابوون دەچوو، دوازدە قوتابییەکە هاتن و پێیان گوت: «خەڵکەکە بەڕێبکە با بڕۆنە گوند و کێڵگەکانی دەوروبەر، تاکو لەوێ بمێننەوە و خواردنیش پەیدا بکەن، چونکە ئێمە لێرە لە شوێنێکی چۆڵداین.»
- 13پێی فەرموون: «ئێوە شتێکیان بدەنێ با بیخۆن.»
- وەڵامیان دایەوە: «لە پێنج نان و دوو ماسی زیاترمان نییە، مەگەر بڕۆین نان بۆ هەموو خەڵکەکە بکڕین،»
- 14چونکە نزیکەی پێنج هەزار پیاو دەبوون.
- ئینجا بە قوتابییەکانی فەرموو: «بە کۆمەڵ دایاننیشێنن، هەر کۆمەڵێک نزیکەی پەنجا کەس بێت.»
- 15جا بەم جۆرەیان کرد و هەموویان دانیشاندن.
- 16ئینجا عیسا پێنج نانەکە و دوو ماسییەکەی هەڵگرت و تەماشای ئاسمانی کرد، سوپاسی خودای کرد و لەتی کردن، دایە قوتابییەکان تاکو لەبەردەمی خەڵکەکەی دابنێن.
- 17هەموو خواردیان و تێر بوون. لەو پەلکەنانەی لێیان مایەوە دوازدە سەبەتە هەڵگیرایەوە.
- 18کاتێک عیسا بە تەنها نوێژی دەکرد، قوتابییەکان لەگەڵی بوون، لێی پرسین: «خەڵکەکە دەڵێن من کێم؟»
- 19وەڵامیان دایەوە: «یەحیای لەئاوهەڵکێش، هەندێکیش ئەلیاس، خەڵکی دیکەش دەڵێن کە یەکێک لە پێغەمبەرانی کۆنە زیندووبووەتەوە.»
- 20پێی فەرموون: «ئەی ئێوە دەڵێن من کێم؟»
- پەترۆس وەڵامی دایەوە: «مەسیحی خودایت.»
- 21ئەویش ئاگاداری کردنەوە و ڕایسپاردن ئەمە بە کەس نەڵێن.
- 22هەروەها فەرمووی: «کوڕی مرۆڤ دەبێت زۆر ئازار بچێژێت و پیران و کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ڕەتی بکەنەوە، بکوژرێت و لە ڕۆژی سێیەم هەستێنرێتەوە.»
- 23ئینجا بە هەمووانی فەرموو: «ئەگەر کەسێک دەیەوێت ببێتە قوتابی من، با نکۆڵی لە خۆی بکات و ڕۆژانە خاچەکەی هەڵبگرێت و دوام بکەوێت،
- 24چونکە ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆی ڕزگار بکات دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لە پێناوی من ژیانی خۆی بدۆڕێنێت، ڕزگاری دەکات.
- 25چی بەکەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەر هەموو جیهان بباتەوە، بەڵام خۆی بدۆڕێنێت یان خۆی لە دەست بدات؟
- 26ئەوەی شەرمی بە من و بە وتەکانم بێت، کوڕی مرۆڤیش شەرمی پێی دەبێت، کاتێک بە شکۆمەندی خۆی و باوک و فریشتە پیرۆزەکانەوە دێتەوە.
- 27«بەڵام ڕاستیتان پێ دەڵێم، هەندێک لەوانەی لێرە ڕاوەستاون مردن ناچێژن هەتا شانشینی خودا نەبینن.»
- 28نزیکەی هەشت ڕۆژ لەدوای ئەم وتانە، عیسا پەترۆس و یۆحەنا و یاقوبی برد و سەرکەوتە سەر چیایەک تاکو نوێژ بکات.
- 29کاتێک نوێژی دەکرد، ڕوخساری گۆڕا و جلەکانی سپی بریسکەدار هەڵگەڕان.
- 30دوو پیاویش لەگەڵی دەدوان، موسا و ئەلیاس بوون.
- 31بە شکۆوە دەرکەوتن و لەبارەی ڕووداوی بەجێهێشتنی جیهان کە دەبووایە بەم نزیکانە لە ئۆرشەلیم بێتە دی، گفتوگۆیان کرد.
- 32بەڵام پەترۆس و هاوڕێیانی خەو چاوی قورس کردبوون، کاتێک بە تەواوی خەبەریان بووەوە شکۆی ئەویان بینی و هەروەها ئەو دوو پیاوەشیان بینی کە لەگەڵی ڕاوەستابوون.
- 33کاتێک پیاوەکان لە عیسا جیا دەبوونەوە، پەترۆس بە عیسای گوت: «گەورەم، پێمان باشە لێرە بین. با سێ کەپر دروستبکەین، یەکێک بۆ تۆ و یەکێک بۆ موسا و یەکێکیش بۆ ئەلیاس.» ئەمەی گوت بێ ئەوەی بزانێت باسی چی دەکات.
- 34کاتێک لەم قسانەدا بوو، هەورێک هات و باڵی بەسەریاندا کێشا، کە کەوتنە ناو هەورەکە، ترسان.
- 35دەنگێک لەناو هەورەکەوە هات: «ئەمە کوڕی منە، ئەوەی هەڵمبژاردووە، گوێی لێ بگرن.»
- 36کە دەنگەکە نەما، عیسا بە تەنها بینرا. ئەوانیش بێدەنگ بوون و لەو ڕۆژانەدا لەلای کەس باسی ئەو شتانەیان نەکرد کە بینییان.
- 37بۆ بەیانی، کە لە کێوەکە هاتنە خوارەوە، خەڵکێکی زۆر بەرەوپیریان هاتن.
- 38لەنێو خەڵکەکەدا پیاوێک هاواری کرد: «مامۆستا، لێت دەپاڕێمەوە تەماشای کوڕەکەم بکە، چونکە تاقە کوڕمە.
- 39ڕۆحی پیس دەستی لێ دەوەشێنێت، کوڕەکەشم لەناکاو هاوار دەکات و فێی لێ دێت و دەمی کەف دەکات، بە زەحمەت وازی لێ دەهێنێت و شلوکوتی دەکات.
- 40لە قوتابییەکانت پاڕامەوە تاکو دەریبکەن، بەڵام نەیانتوانی.»
- 41عیسا وەڵامی دایەوە: «ئەی نەوەی بێباوەڕ و خوار، هەتا کەی لەگەڵتان بم و بەرگەتان بگرم؟ کوڕەکەت بهێنە ئێرە.»
- 42کاتێک کوڕەکە دەهات، ڕۆحە پیسەکە ڕایتەکاند و فێی لێ هێنا، عیساش لە ڕۆحە پیسەکەی ڕاخوڕی و کوڕەکەی چاککردەوە، دایەوە دەست باوکی.
- 43هەموو لە گەورەیی خودا سەرسام بوون.
- کاتێک هەمووان لە تەواوی کارەکانی عیسا سەرسام ببوون، عیسا بە قوتابییەکانی فەرموو:
- 44«بە باشی گوێ لە قسەکانم بگرن: کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست خەڵک.»
- 45بەڵام لەم قسەیە تێنەگەیشتن، لێیان شاردرابووەوە تاکو حاڵی نەبن، ترسان لەبارەی ئەم قسەیە پرسیاریشی لێ بکەن.
- 46دەمەقاڵەیەک لەنێوان قوتابییەکاندا دروست بوو لەسەر ئەوەی کە کامیان پایەبەرزترە.
- 47عیسا بە نیازی دڵیانی زانی، منداڵێکی هێنا و لەلای خۆی ڕایگرت،
- 48پێی فەرموون: «ئەوەی بە ناوی منەوە پێشوازی لەم منداڵە بکات، پێشوازی لە من دەکات، ئەوەش پێشوازی لە من بکات، ئەوا پێشوازی لەوە دەکات کە ناردوومی، چونکە بچووکترینی هەمووتان پایەبەرزترە.»
- 49یۆحەنا گوتی: «گەورەم، یەکێکمان بینی بە ناوی تۆوە ڕۆحی پیسی دەردەکرد، ڕێمان لێ گرت، چونکە لەگەڵمان دوات ناکەوێت.»
- 50عیساش پێی فەرموون: «ڕێی لێ مەگرن، چونکە ئەوەی دژتان نییە لەگەڵتانە.»
- 51کە ڕۆژانی بەرزکردنەوەی عیسا نزیک بووەوە، پێداگری کرد لەسەر ڕۆیشتنی بۆ ئۆرشەلیم.
- 52نێردراوی لەپێش خۆی نارد، ئەوانیش ڕۆیشتن و چوونە گوندێکی سامیرەییەکان تاکو شوێنی بۆ ئامادە بکەن،
- 53بەڵام پێشوازییان لێ نەکرد، چونکە بەرەو ئۆرشەلیم دەچوو.
- 54کاتێک یاقوب و یۆحەنای قوتابییانی عیسا ئەمەیان بینی، گوتیان: «گەورەم، دەتەوێ داوا بکەین لە ئاسمانەوە ئاگر بێتە خوارەوە و لەناویان ببات؟»
- 55بەڵام عیسا ئاوڕی دایەوە و سەرزەنشتی کردن.
- 56ئینجا چوونە گوندێکی دیکە.
- 57کاتێک بە ڕێگادا دەڕۆیشتن، یەکێک پێی گوت: «بۆ هەرکوێ بچیت دوات دەکەوم.»
- 58عیساش پێی فەرموو: «ڕێوی کونی هەیە و باڵندەی ئاسمانیش هێلانە، بەڵام کوڕی مرۆڤ جێیەکی نییە کە سەری لەسەر دابنێت.»
- 59بە یەکێکی دیکەی فەرموو: «دوام بکەوە.» ئەمەیان گوتی: «گەورەم، ڕێگام بدە یەکەم جار بچم باوکم بنێژم.»
- 60عیساش پێی فەرموو: «واز لە مردووان بهێنە با مردووەکانی خۆیان بنێژن، بەڵام تۆ بڕۆ مزگێنی پاشایەتی خودا بدە.»
- 61یەکێکی دیکە گوتی: «گەورەم، دوات دەکەوم، بەڵام جارێ لێمگەڕێ با ماڵئاوایی لە خانەوادەکەم بکەم.»
- 62عیساش پێی فەرموو: «هەرکەسێک دەست لەسەر گاسن دابنێت و ئاوڕ لە دواوە بداتەوە، بەکەڵکی شانشینی خودا نایەت.»
لۆقا ٩
- 1پاش ئەمە مەسیحی خاوەن شکۆ حەفتا و دوو کەسی دیکەی دەستنیشان کرد، لەپێش خۆی دوو دوو ناردنی بۆ هەر شار و جێگایەک کە بەتەمابوو بۆی بچێت.
- 2جا پێی فەرموون: «دروێنە زۆرە، بەڵام سەپان کەمە. لەبەر ئەوە داوا لە خاوەنی دروێنە بکەن تاکو سەپان بۆ دروێنەکەی بنێرێت.
- 3بڕۆن! ئەوا من وەک بەرخ بۆ ناو گورگتان دەنێرم.
- 4نە کیسەی پارە و نە توورەکە و نە پێڵاو هەڵمەگرن، لە ڕێگاش سڵاو لە کەس مەکەن.
- 5«چوونە هەر ماڵێکیش، یەکەم جار بڵێن: ”ئاشتی بۆ ئەم ماڵە بێت،“
- 6ئەگەر پیاوی ئاشتی لەوێ بێت، ئەوا ئاشتیتان دەچێتە سەری، ئەگینا بۆ خۆتان دەگەڕێتەوە.
- 7لەو ماڵە بمێننەوە و لەوەی هەیانە بخۆن و بخۆنەوە، چونکە کرێکار شایانی کرێی خۆیەتی. ماڵە و ماڵیش مەکەن.
- 8«چوونە هەر شارێک و پێشوازییان لێکردن، ئەوەی لەبەردەمتانی دادەنێن بیخۆن،
- 9ئەو نەخۆشانەی تێیدایە چاکیان بکەنەوە و پێیان بڵێن: ”پاشایەتی خودا لێتان نزیک بووەتەوە.“
- 10بەڵام ئەگەر چوونە شارۆچکەیەک و پێشوازییان لێ نەکردن، بڕۆنە سەر شەقامەکانی و بڵێن:
- 11”تەنانەت تۆزی شارۆچکەکەتان کە بە پێمانەوە نووساوە بۆتانی دەتەکێنین، بەڵام ئەمە بزانن: پاشایەتی خودا لێتان نزیک بووەتەوە.“
- 12پێتان دەڵێم: لەو ڕۆژەدا سەدۆم سزای سووکتری دەبێت لەوەی ئەو شارۆچکەیە.
- 13«قوڕبەسەرت، ئەی شاری خورازین! قوڕبەسەرت، ئەی بێتسەیدا! چونکە ئەو پەرجووانەی لەنێو ئێوەدا کران، ئەگەر لە سور و سەیدا بکرایە، ئەوا هەر زوو خەڵکەکەی بە جلوبەرگی گوش و لەناو خۆڵەمێشدا دادەنیشتن و تۆبەیان دەکرد.
- 14بەڵام لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا، سزای سور و سەیدا لە هی ئێوە سووکتر دەبێت.
- 15تۆش ئەی کەفەرناحوم، ئایا بۆ ئاسمان بەرز دەکرێیتەوە؟ نەخێر، تۆ بۆ جیهانی مردووان دەچیتە خوارەوە.
- 16«ئەوەی گوێتان لێ بگرێت، گوێ لە من دەگرێت، ئەوەی ڕەتتان دەکاتەوە من ڕەت دەکاتەوە. ئەوەش من ڕەت دەکاتەوە، ئەوە ڕەت دەکاتەوە کە منی ناردووە.»
- 17حەفتا و دوو نێردراوەکە بە شادییەوە گەڕانەوە و گوتیان: «گەورەم، تەنانەت ڕۆحی پیسیش بە ناوی تۆوە ملکەچمانن.»
- 18ئەویش پێی فەرموون: «شەیتانم بینی وەک بروسکە لە ئاسمانەوە دەکەوت.
- 19ئەوەتا دەسەڵاتم پێتان داوە پێ بە مار و دووپشک و هەموو هێزی دوژمندا بنێن، هیچ شتێکیش زیانتان پێناگەیەنێت.
- 20بەڵام بەمە دڵخۆش مەبن کە ڕۆحە پیسەکان ملکەچتانن، بەڵکو دڵخۆش بن کە ناوتان لە ئاسماندا نووسراوە.»
- 21لەو کاتەدا عیسا بە ڕۆحی پیرۆز شادمان بوو و فەرمووی: «ئەی باوک سوپاست دەکەم، پەروەردگاری ئاسمان و زەوی، چونکە ئەمانەت لە دانا و تێگەیشتووان شاردووەتەوە و بۆ منداڵانت ئاشکرا کردووە. بەڵێ ئەی باوک، چونکە ئەمەت پێ باش بوو!
- 22«باوکم هەموو شتێکی پێ سپاردووم، کەس نازانێت کوڕەکە کێیە باوک نەبێت، یان باوک کێیە کوڕەکە و ئەوانە نەبێت کە کوڕەکە دەیەوێ بۆیانی ئاشکرا بکات.»
- 23ئینجا ئاوڕی لە قوتابییەکانی دایەوە و بە تەنها بەوانی فەرموو: «خۆزگە دەخوازرێت بەو چاوانەی ئەوە دەبینێت کە ئێوە دەیبینن،
- 24چونکە پێتان دەڵێم، زۆر پێغەمبەر و پاشا ویستیان ئەوە ببینن کە ئێوە دەیبینن، بەڵام نەیانبینی، ئەوەش ببیستن کە ئێوە دەیبیستن، بەڵام نەیانبیست.»