
Season 48 · Episode 15
هۆشهع ١١: ١ - ١٤: ٩
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
September 9, 202523m 48s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
هۆشهع ١١: ١ - ١٤: ٩
- 1«کە ئیسرائیل منداڵ بوو، خۆشم ویست و
- من کوڕی خۆمم لە میسر بانگ کرد.
- 2بەڵام هەرچەندەی بانگم دەکردن،
- ئەوەندە منیان لە خۆیان دوورخستەوە،
- قوربانییان بۆ بەعلەکان سەردەبڕی و
- بخووریان بۆ وێنەی خوداوەندەکان دەسووتاند.
- 3من بووم ئەفرایمم فێری ڕۆیشتن کرد،
- دەستم بە باڵیانەوە گرت،
- بەڵام نەیانزانی من چاکم کردنەوە.
- 4بە گوریسی نەرمونیانی مرۆڤانە ڕایاندەکێشم،
- بە بەستنی خۆشەویستی،
- من بۆیان بووم بەوەی کە نیر لەسەر ملیان هەڵدەگرێت،
- چەمامەوە بۆ ئەوەی نانیان بدەمێ.
- 5«ئایا ناگەڕێنەوە بۆ خاکی میسر و
- ئاشور نابێتە پاشایان،
- چونکە ڕەتیان کردەوە بگەڕێنەوە لام؟
- 6شمشێر دەکەوێتە شارەکانیان و
- شەوبەندی دەروازەکانیان تێکدەشکێنێت،
- کۆتایی بە تەگبیرەکانیان دەهێنێت.
- 7گەلەکەم مکوڕن لەسەر هەڵگەڕانەوە لە من.
- تەنانەت ئەگەر هاوار بۆ خودای هەرەبەرزەکەش بکەن،
- ئەو پایەبەرزیان ناکات.
- 8«ئەی ئەفرایم، چۆن وازت لێ بهێنم؟
- ئەی ئیسرائیل، چۆن بە دەستتەوە بدەم؟
- چۆن وەک ئەدما هەڵسوکەوتت لەگەڵدا بکەم؟
- چۆن وەک چەبۆئیمت لێبکەم؟
- دڵم لێم هەڵگەڕاوەتەوە و
- هەموو میهرەبانیم گڕی گرتووە.
- 9گڕی تووڕەییم ناخەمەگەڕ و
- ناگەڕێمەوە ئەفرایم وێران بکەم،
- چونکە من خودام نەک مرۆڤ،
- من خودا پیرۆزەکەم، لە ناوەڕاستی ئێوەدام،
- بە قینەوە نایەم.
- 10لەدوای یەزدانەوە دەڕۆن،
- وەک شێرێک دەنەڕێنێت.
- کاتێک دەنەڕێنێت،
- منداڵەکان لە ڕۆژئاواوە بە لەرزەوە دێن.
- 11وەک چۆلەکە لە میسرەوە بە لەرزەوە دێن،
- وەک کۆتر لە خاکی ئاشورەوە.
- ئینجا لە ماڵەکانیاندا نیشتەجێیان دەکەم.»
- ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 12ئەفرایم بە درۆ دەوری لێدام و
- بنەماڵەی ئیسرائیلیش بە فێڵەوە،
- یەهوداش هێشتا سەرسەختە بەرامبەر بە خودا،
- لە پیرۆزە دڵسۆزەکە.
هۆشهع ١٢
- 1ئەفرایم لەسەر با دەلەوەڕێت،
- دوای بای ڕۆژهەڵات کەوتووە،
- هەموو ڕۆژێک درۆ و توندوتیژی زیاد دەکات.
- لەگەڵ ئاشوردا پەیمان دەبەستن و
- زەیتی زەیتوون بۆ میسر دەنێرێت.
- 2یەزدان لە دژی یەهودا سکاڵای هەیە،
- سزای یاقوب بەپێی ڕەفتارەکەی دەدات،
- کردەوەکانی بەسەر خۆیدا دەداتەوە.
- 3لەناو سکدا پاژنەی براکەی گرت و
- بە هێزی خۆی لەگەڵ خودا کەوتە زۆرانێ.
- 4لەگەڵ فریشتەکە زۆرانێی کرد و سەرکەوت،
- گریا و پاڕایەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵی میهرەبان بێت.
- لە بێتئێل تووشی بوو،
- لەوێ قسەی لەگەڵی کرد.
- 5یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار،
- ناوبانگی یەزدانە!
- 6تۆش بۆ لای خودات بگەڕێوە،
- خۆشەویستی نەگۆڕ و دادپەروەری پەیڕەو بکە و
- هەمیشە چاوەڕوانی خودای خۆت بە.
- 7بازرگان تەرازووی ساختەی لە دەستدایە،
- حەز دەکات ستەم بکات.
- 8ئەفرایم گوتی:
- «من دەوڵەمەند بووم و سامانم بۆ خۆم پێکەوەنا،
- لە هەموو سامانەکەم خراپەیەکم تێدا نابیننەوە
- کە گوناه بێت.»
- 9«من یەزدانی پەروەردگاری ئێوەم،
- ئەوەی لە خاکی میسرەوە تۆی دەرهێنا،
- دووبارە لەناو چادرەکان نیشتەجێت دەکەم،
- وەک ڕۆژانی جەژن.
- 10قسەم لەگەڵ پێغەمبەرەکاندا کرد و
- بینینی زۆرم بۆ ئاشکرا کردن،
- هەروەها لە ڕێگەی پێغەمبەرانەوە نموونەم هێنایەوە.»
- 11ئایا خراپەکاری لە گلعاد هەیە؟
- بێگومان دانیشتووانەکەی پووچن!
- لە گلگال گا دەکەن بە قوربانی،
- بەڵێ، بەڵام قوربانگاکانیان وەک کۆمەڵە بەرد دەبن
- لەسەر هێڵەکانی جووتی کێڵگەدا.
- 12یاقوب بۆ دەشتودەری ئارام هەڵات و
- ئیسرائیل لە پێناوی ژنێکدا خزمەتی کرد،
- لە پێناوی ژنێکدا شوانایەتی کرد.
- 13یەزدان لە ڕێگەی پێغەمبەرێکەوە ئیسرائیلی لە میسر دەرهێنا و
- لە ڕێگەی پێغەمبەرێکیشەوە چاودێری کرد.
- 14بەڵام ئەفرایم زۆر بە خراپی یەزدانی پەست کرد،
- پەروەردگارەکەشی تاوانی ئەو خوێنەی لەسەریەتی دەیهێڵێتەوە و
- سووکایەتییەکەی بەسەر خۆیدا دەداتەوە.
هۆشهع ١٣
- 1کاتێک ئەفرایم قسەی کرد، لەرزین پەیدابوو،
- ئەویش لە ئیسرائیلدا پایەدار بوو،
- بەڵام خۆی تاوانبار کرد بە پەرستنی بەعل و مرد.
- 2ئێستا گوناهیان زیاتر و زیاتر دەکەن،
- لە زیوەکانیان بتی لەقاڵبدراو بۆ خۆیان دروستدەکەن،
- بتی دروستکراو بەپێی تێگەیشتنی خۆیان،
- هەمووی دەستکردی وەستایە.
- دەربارەیان دەڵێن:
- «ئەوانە مرۆڤ دەکەنە قوربانی،
- بتە گوێرەکەکان ماچ دەکەن!»
- 3لەبەر ئەوە وەک هەوری بەیانییان دەبن و
- وەک ئەو شەونمەی بە زوویی دەڕوات،
- وەک پووشی جۆخین کە دەدرێت بەدەم باوە،
- وەک دووکەڵ لە کڵاوڕۆژنەوە.
- 4«بەڵام من یەزدانی پەروەردگارتم،
- ئەوەی لە خاکی میسر دەریهێنایت.
- جگە لە من دان بە هیچ خودایەکی دیکەدا نانێیت،
- جگە لە منیش هیچ خودایەک ڕزگارکەر نییە.
- 5من لە چۆڵەوانیدا چاودێری تۆم کرد،
- لە زەوی تینووێتی.
- 6کاتێک لە لەوەڕ تێربوون،
- کە تێربوون دڵیان بەفیز بوو،
- لەبەر ئەوە منیان لەیاد کرد.
- 7جا وەک شێر دەبم بۆیان،
- وەک پڵنگ لەسەر ڕێگا خۆم مات دەکەم.
- 8وەک ورچێکی جەرگسووتاو پەلاماریان دەدەم و
- پەردەی دڵیان دەدڕێنم.
- وەک شێرە مێ لەوێ دەیانخۆم،
- ئاژەڵی کێوی پارچەپارچەیان دەکەن.
- 9«ئەی ئیسرائیل، تۆ لەناوچوویت،
- چونکە تۆ لە دژی منیت، لە دژی یارمەتیدەری خۆتیت.
- 10ئێستا کوا پاشاکەت؟
- تاکو لە هەموو شارۆچکەکانت ڕزگارت بکات،
- کوا ئەو فەرمانڕەوایانەی کە سەبارەت بەوان گوتت:
- ”پاشا و میرم بدەرێ“؟
- 11لە تووڕەییمدا پاشایەکم پێت دا و
- لە هەڵچوونمدا بردمەوە.
- 12تاوانەکانی ئەفرایم ئەمبار کراون،
- گوناهەکانیشی تۆمارکراون.
- 13ژانی منداڵبوون بەسەریدا دێت،
- بەڵام منداڵێکی نەفامە،
- چونکە لە کاتی خۆیدا نایەت و
- لە منداڵدان ناترازێتە خوارەوە.
- 14«لە دەست جیهانی مردووان خۆمیان بۆ بەخت دەکەم،
- لە مردن دەیانکڕمەوە.
- ئەی مردن، کوا دەردەکانت؟
- ئەی جیهانی مردووان، کوا وێرانکاریت؟
- «میهرەبانی لە چاوەکانم شاردراونەتەوە،
- 15هەرچەندە لەناو براکانیدا بە بەروبووم بوو.
- بایەکی ڕۆژهەڵات دێت،
- بای یەزدان لە چۆڵەوانی هەڵدەکات،
- ئینجا کانییەکەی کوێردەبێتەوە و
- سەرچاوەکەی بێ ئاو دەبێت.
- گەنجینەی هەموو کەلوپەلە بەنرخەکانی
- تاڵان دەکرێت.
- 16خەڵکی سامیرە تاوانبار دەکرێن،
- چونکە لە خودای خۆیان یاخی بوون،
- بە شمشێر دەکوژرێن و
- منداڵەکانیان تێکدەشکێنرێن،
- سکی سکپڕان هەڵدەدڕێت.»
هۆشهع ١٤
- 1ئەی ئیسرائیل، بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری خۆتان بگەڕێنەوە،
- چونکە بە تاوانی خۆتان تێکشکان!
- 2ئەم قسانە لەگەڵ خۆتان ببەن و
- بگەڕێنەوە لای یەزدان،
- پێی بڵێن:
- «لە هەموو تاوانێک خۆشبە و
- بە چاکەی خۆت وەرمانبگرە،
- بەروبوومی لێوەکانمان سوپاسکردنی تۆ دەبێت.
- 3ئاشور ڕزگارمان ناکات.
- سواری ئەسپ نابین،
- جارێکی دیکە بە دەستکردەکانمان ناڵێین،
- ”خوداوەندەکانمان،“
- چونکە لەلایەن تۆ هەتیو بەر بەزەیی دەکەوێت.»
- 4«من هەڵگەڕانەوەیان چاک دەکەمەوە،
- بە دڵفراوانییەوە ئەوانم خۆشدەوێت،
- چونکە تووڕەییم لەوان دامرکایەوە.
- 5بۆ ئیسرائیل وەک شەونم دەبم،
- ئەویش وەک سەوسەن گوڵ دەکات و
- وەک دار ئورزی لوبنان ڕەگ دادەکوتێت،
- 6چڵەکانی درێژ دەبنەوە،
- جوانییەکەی وەک دار زەیتوون دەبێت و
- وەکو دار ئورزی لوبنان بۆندار دەبێت.
- 7نیشتەجێبووان لە سایەی سێبەرەکەی دەگەڕێنەوە.
- وەک دانەوێڵە دەژیێتەوە و
- وەک مێو دەگەشێتەوە.
- ناوبانگی وەک شەرابی لوبنان دەبێت.
- 8ئەی ئەفرایم، لەمەولا چ پەیوەندییەکم بە بتەوە هەیە؟
- من وەڵام دەدەمەوە و چاودێریت دەکەم،
- من وەک دار سنەوبەرێکی سەوزم،
- بەروبوومەکەت لەلایەن منەوەیە.»
- 9کێ دانایە و لە ئەمانە تێدەگات؟
- کێ تێگەیشتووە و دەیانزانێت؟
- چونکە ڕێگاکانی یەزدان ڕاستن و
- ڕاستودروستان پێیدا دەڕۆن،
- بەڵام یاخیبووەکان ساتمەی تێدا دەکەن و دەکەون.