
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
لۆقا ١١: ١ - ٢٦
- 1جارێک عیسا لە شوێنێکدا نوێژی دەکرد، کاتێک لە نوێژەکەی بووەوە، یەکێک لە قوتابییەکانی پێی گوت: «گەورەم، فێری نوێژمان بکە، هەروەک چۆن یەحیا قوتابییەکانی خۆی فێرکرد.»
- 2پێی فەرموون: «کاتێک نوێژ دەکەن، بڵێن:
- ”باوکە،
- با ناوت پیرۆز بێت،
- با پاشایەتییەکەت بێ،
- 3نانی ڕۆژانەمان هەموو ڕۆژێک بدەرێ.
- 4لە گوناهەکانمان خۆشبە،
- چونکە ئێمەش لەوانە خۆشدەبین کە خراپەمان بەرامبەر دەکەن.
- مەمانخەرە تاقیکردنەوە.“»
- 5ئینجا پێی فەرموون: «کێ لە ئێوە ئەگەر هاوڕێیەکی هەبێت و لە نیوەشەودا بچێتە لای و پێی بڵێت: ”هاوڕێم، سێ کولێرەم بە قەرز بدەرێ،
- 6چونکە هاوڕێیەکم لە دوورەوە بۆ لام هاتووە، هیچم نییە لەبەردەمی دابنێم.“
- 7ئەمەی ژوورەوە وەڵام دەداتەوە: ”هەراسانم مەکە، دەرگا داخراوە، خۆم و منداڵم لەناو جێگاداین، ناتوانم هەستم و بتدەمێ.“
- 8پێتان دەڵێم: ئەگەر لەبەر هاوڕێیەتی هەڵنەستێت و بیداتێ، ئەوا لەبەر پاراستنی ناوبانگی خۆی، هەڵدەستێت و دەیداتێ.
- 9«لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم، داوا بکەن، پێتان دەدرێت، بگەڕێن دەدۆزنەوە، لە دەرگا بدەن، لێتان دەکرێتەوە،
- 10چونکە هەرکەسێک داوا بکات، وەردەگرێت، ئەوەی بگەڕێت، دەدۆزێتەوە. ئەوەش لە دەرگا دەدات لێی دەکرێتەوە.
- 11«چ باوکێک لە ئێوە ئەگەر کوڕەکەی داوای ماسی لێ بکات، لە جیاتی ماسی ماری دەداتێ؟
- 12یان داوای هێلکە بکات دووپشکی دەداتێ؟
- 13جا ئێوە کە خراپن، بزانن شتی باش بدەنە منداڵەکانتان، باوک کە لە ئاسمانە، چەند زیاتر ڕۆحی پیرۆز دەداتە ئەوانەی داوای لێ دەکەن.»
- عیسا و سەرۆکی شەیتان
- 14عیسا ڕۆحێکی پیسی دەردەکرد کە لاڵ بوو، کاتێک ڕۆحە پیسەکە دەرکرا، لاڵەکە قسەی کرد و خەڵکەکە سەرسام بوون.
- 15بەڵام هەندێکیان گوتیان: «بە بەعلزەبولی شای ڕۆحە پیسەکان، ڕۆحی پیس دەردەکات.»
- 16هەندێکی دیکەش تاقییان دەکردەوە، داوای نیشانەیەکی ئاسمانییان لێی کرد.
- 17ئەویش بە بیرکردنەوەیانی زانی، پێی فەرموون: «هەر شانشینێک دووبەرەکی تێبکەوێت وێران دەبێت، هەر ماڵێکیش دووبەرەکی تێبکەوێت تێکدەچێت.
- 18ئەگەر شەیتان دووبەرەکی تێبکەوێت، ئیتر چۆن شانشینەکەی خۆی ڕادەگرێت؟ چونکە دەڵێن: ”من بە بەعلزەبول ڕۆحی پیس دەردەکەم.“
- 19باشە ئەگەر من بە بەعلزەبول ڕۆحی پیس دەربکەم، ئەی شوێنکەوتەکانی ئێوە بە کێ دەریاندەکەن؟ لەبەر ئەوە ئەوان حوکمتان دەدەن.
- 20بەڵام ئەگەر من بە پەنجەی خودا ڕۆحی پیس دەربکەم، ئەوا پاشایەتی خودا هاتووەتە سەرتان.
- 21«کاتێک پیاوێکی بەهێز و چەکدار پارێزگاری لە ماڵەکەی دەکات، ماڵەکەی پارێزراوە.
- 22بەڵام کاتێک یەکێکی لە خۆی بەهێزتر بێتە سەری دەیبەزێنێت، چەکەکانی لێ دەستێنێ کە پشتی پێی بەستبوو، تاڵانییەکەش دابەش دەکات.
- 23«ئەوەی لەگەڵ من نییە لە دژی منە، ئەوەش لەگەڵ من کۆناکاتەوە، بڵاو دەکاتەوە.
- گەڕانەوەی ڕۆحی پیس
- 24«کاتێک ڕۆحی پیس لە مرۆڤێک دەردەچێت، لە شوێنە وشکەکاندا بەدوای حەوانەوەدا دەگەڕێت و دەستی ناکەوێت. ئینجا دەڵێت: ”دەگەڕێمەوە بۆ ئەو ماڵەی کە بەجێمهێشت.“
- 25کاتێک دەگەڕێتەوە، دەبینێت گسکدراوە و ڕێکخراوە.
- 26ئەوسا دەچێت و حەوت ڕۆحی پیسی دیکە لە خۆی خراپتر دەهێنێت، دەچنەوە نێو مرۆڤەکە و لەناویدا دەژین، ئینجا کۆتایی ئەو مرۆڤە لە جاران خراپتر دەبێت.»