PLAY PODCASTS
ئیشایا ٤٠: ٣ - ٤١: ٢٠
Season 36 · Episode 32

ئیشایا ٤٠: ٣ - ٤١: ٢٠

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

February 22, 202519m 44s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

ئیشایا ٤٠: ٣ - ٤١: ٢٠

  • 3کەسێک هاوار دەکات و دەڵێت:
  • «لە چۆڵەوانی ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن،
  • لە بیابان شاڕێگا بۆ خودامان ڕێکبخەن.
  • 4هەموو دۆڵێک هەڵدەچێت و
  • هەموو چیا و گردێک ڕۆدەچێت.
  • خوار ڕاست دەبێتەوە،
  • هەورازیش دەبێت بە دەشت،
  • 5شکۆمەندی یەزدان دەردەکەوێت و
  • هەموو مرۆڤایەتی پێکەوە دەیبینن،
  • چونکە دەمی یەزدان فەرمووی.»
  • 6دەنگێک دەڵێت: «بانگەواز بکە!»
  • منیش گوتم: «بانگەوازی چی بکەم؟»
  • «هەموو مرۆڤێک وەک گژوگیا وایە و
  • هەموو دڵسۆزییەکەی وەک گوڵی کێوی وایە.
  • 7گژوگیا وشک دەبێت و گوڵ هەڵدەوەرێ،
  • چونکە هەناسەی یەزدان هەڵیکردە سەری،
  • بێگومان گەل وەکو گژوگیان.
  • 8گژوگیا وشک دەبێت و گوڵ هەڵدەوەرێ،
  • بەڵام پەیامی خودامان بۆ هەتاهەتایە چەسپاو دەبێت.»
  • 9ئەی مزگێنیدەر بۆ سییۆن،
  • بڕۆ سەر کێوێکی بەرز،
  • بە هێزەوە دەنگت بەرز بکەرەوە،
  • بەرزی بکەرەوە، مەترسە.
  • ئەی مزگێنیدەر بۆ ئۆرشەلیم،
  • بە شارۆچکەکانی یەهودا بڵێ:
  • «ئەوەتا خوداتان!»
  • 10ئەوەتا یەزدانی باڵادەست بە هێزەوە دێت،
  • بە بازووی فەرمانڕەوایەتی بۆ دەکات.
  • ئەوەتا پاداشتەکەی لەگەڵیدایە و
  • خەڵاتەکەی لەبەردەمی.
  • 11وەک شوان مێگەلەکەی دەلەوەڕێنێت:
  • بە بازووی خۆی بەرخەکان کۆدەکاتەوە و
  • بە باوەش هەڵیاندەگرێت،
  • بە نەرمی شیردەرەکان بە پێش خۆی دەدات.
  • 12کێ بە چنگ ئاوی پێواوە و
  • بە بست ئاسمان؟
  • کێ خۆڵی زەوی بە قزناغ پێواوە؟
  • کێ چیاکانی بە قەپان کێشاوە و
  • گردەکانیش بە تەرازوو؟
  • 13کێ لەبیری یەزدان تێگەیشتووە
  • یاخود وەک ڕاوێژکار فێری کردووە؟
  • 14یەزدان ڕاوێژی بە کێ کرد و تێیگەیاند،
  • ڕێگای دادپەروەری فێرکرد؟
  • کێ زانینی فێرکرد و
  • ڕێگای تێگەیشتنی پێ ناساند؟
  • 15ئەوەتا نەتەوەکان وەک دڵۆپێک ئاوی ناو سەتڵ و
  • بە تۆزی تەرازوو دادەنرێن.
  • ئەوەتا دوورگەکان وەک پووش هەڵدەگرێت.
  • 16داری لوبنان بەس نییە بۆ سووتەمەنی قوربانگا و
  • ئاژەڵەکانی بەس نین بۆ قوربانی سووتاندن.
  • 17هەموو نەتەوەکان وەک هیچن لەبەردەمی،
  • لەلای ئەو بە نەبوو و پووچ دادەنرێن.
  • 18جا خودا بە چی هاوشێوە دەکەن،
  • چ وێنەیەک بەو یەکسان دەکەن؟
  • 19پەیکەرێک کە وەستا دایدەڕێژێت،
  • زێڕنگەریش بە زێڕ ڕووکەشی دەکات،
  • زنجیری زیویش زیوگەر.
  • 20دەستکورتیش بۆ پێشکەشکردنی پیتاک
  • دارێکی ساغ هەڵدەبژێرێت کە نەڕزیبێت.
  • داوای وەستایەکی شارەزا دەکات
  • بۆ ئەوەی پەیکەرێکی نەلەقیوی بۆ دابنێت.
  • 21ئایا نازانن؟
  • ئایا نابیستن؟
  • ئەی لە سەرەتاوە پێتان ڕانەگەیەنراوە؟
  • ئایا لەو کاتەوەی زەوی بەدیهێنراوە تێنەگەیشتوون کە
  • 22ئەو لەسەر ئاسۆی زەوی دادەنیشێت و
  • دانیشتووانەکەی وەک پێکوڕە وان؟
  • ئەو ئاسمان وەک پڵاس بڵاو دەکاتەوە،
  • وەک ڕەشماڵ هەڵیدەدات بۆ نیشتەجێبوون.
  • 23ئەو مەزنەکان وەک نەبوو لێدەکات و
  • حوکمڕانانی جیهان دەکات بە هیچ.
  • 24هەر ئەوەندەی نێژران، چێنران و
  • قەدیان لە زەوی ڕەگی داکوتا،
  • فووی لێکردن و وشک هەڵگەڕان،
  • ڕەشەبا وەک پووش هەڵیاندەگرێت.
  • 25خودای پیرۆز دەفەرموێت: «لەگەڵ کێ هاوشێوەم دەکەن؟
  • من هاوتای کێم؟
  • 26چاوتان بۆ بەرزی هەڵبڕن و
  • ببینن کێ ئەمەی بەدی هێناوە،
  • کێ ئەستێرەکانی بە ژمارە دەردەهێنێت و
  • ناو لە هەموویان دەنێت؟
  • لەبەر زۆری هێز و توندی توانای
  • هیچ کامیان ون نابێت.
  • 27«ئەی یاقوب، بۆ دەڵێیت،
  • ئەی ئیسرائیل، بۆ سکاڵا دەکەیت:
  • ”ڕێگای من لە یەزدان شاردرایەوە،
  • دادی من لە خودام تێپەڕی“؟
  • 28ئایا نەتزانی،
  • یان نەتبیست؟
  • یەزدان خودای هەتاهەتاییە،
  • بەدیهێنەری ئەمسەر و ئەوسەری زەوی.
  • نە ماندوو و نە شەکەت دەبێت،
  • کەس پەی بە تێگەیشتنی ئەو نابات.
  • 29توانا بە ماندوو دەدات و
  • بۆ داهێزراویش هێز زۆر دەکات.
  • 30گەنجەکان ماندوو و شەکەت دەبن،
  • لاوەکان پێیان هەڵدەکەوێت و دەکەون،
  • 31بەڵام ئەوانەی چاوەڕوانی یەزدانن،
  • هێزیان نوێ دەبێتەوە،
  • وەک هەڵۆ لە شەقەی باڵ دەدەن،
  • ڕادەکەن و شەکەت نابن،
  • دەڕۆن و ماندوو نابن.

ئیشایا ٤١

  • 1«ئەی خەڵکی دوورگەکان لەبەردەمم بێدەنگ بن!
  • با نەتەوەکان هێزیان نوێ بکەنەوە!
  • با نزیک بنەوە ئینجا قسە بکەن،
  • با پێکەوە بچینە دادگاییکردن.
  • 2«کێ لە ڕۆژهەڵاتەوە کەسە سەرکەوتووەکەی هەستاندووە،
  • ئەوەی بە ڕاستودروستی بانگی کرد بۆ خزمەتەکەی؟
  • نەتەوەکانی دەداتە پێشی،
  • پاشایان ژێردەستەی دەکات.
  • بە شمشێرەکەی وەک خۆڵیان لێ دەکات،
  • بە کەوانەکەی وەک سەرکۆزەری بەباکراو.
  • 3ڕاویان دەنێت، بە سەلامەتی تێدەپەڕێت،
  • بە ڕێگایەکدا کە پێیەکانی پێیدا نەڕۆیشتوون.
  • 4کێ کردوویەتی و کێ ئەنجامی داوە،
  • لە سەرەتاوە بانگی نەوەکانی کردووە؟
  • من یەزدانم،
  • لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، من هەر ئەوم.»
  • 5دوورگەکان تەماشایان کردووە و دەترسن،
  • هەر چوار لای زەوی دەلەرزن،
  • نزیک بوونەوە و دێن،
  • 6هەریەکە و هاوکاری برادەرەکەی دەکات،
  • بە براکەی دەڵێت: «ورەت بەرز بێت!»
  • 7دارتاش زێڕنگەر هاندەدات،
  • ئەوەی بە چەکوش لووس دەکات
  • ئاسنگەر هاندەدات لە دەستگاکەی بکوتێت،
  • بە جۆشکردن دەڵێت: «باشە.»
  • بە بزمارەکان توندی دەکات هەتا نەلەقێت.
  • 8«بەڵام تۆ ئەی ئیسرائیلی بەندەم،
  • ئەی یاقوب کە هەڵمبژاردووە،
  • توخمی ئیبراهیمی خۆشەویستم،
  • 9ئەوەی لەوپەڕی زەوییەوە تۆم گرت،
  • لە دوورترین گۆشەیەوە بانگم کردیت و
  • بە تۆم گوت: ”تۆ بەندەی منیت،“
  • تۆم هەڵبژاردووە و ڕەتم نەکردوویتەوە.
  • 10مەترسە، چونکە لەگەڵتدام،
  • مەپەشۆکێ، چونکە من خودای تۆم.
  • بەهێزت دەکەم و یارمەتیت دەدەم،
  • بە دەستی ڕاستی دادپەروەریم پشتیوانیت دەکەم.
  • 11«ئەوەتا شەرمەزار و ڕیسوا دەبن
  • هەموو ئەوانەی لە تۆ تووڕەن،
  • وەک هیچیان لێدێت و لەناودەچن
  • ئەوانەی دژایەتیت دەکەن.
  • 12بەدوایدا دەگەڕێیت و نایانبینیتەوە
  • ئەوانەی ناکۆکن لەگەڵت.
  • ئەوانەی لە دژت دەجەنگن
  • وەک هیچ و وەک نەبوو دەبن،
  • 13چونکە من یەزدانم، خودای تۆ،
  • ئەوەی دەستی ڕاستی گرتوویت،
  • ئەوەی پێت دەڵێت،
  • مەترسە، من یارمەتیت دەدەم.
  • 14مەترسە ئەی یاقوبی کرم،
  • ئەی ئیسرائیلی بچووک،
  • من یارمەتیت دەدەم.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە،
  • ئەوەی دەتکڕێتەوە، پیرۆزەکەی ئیسرائیل.
  • 15«ئەوەتا دەتکەمە جەنجەڕێکی
  • تیژی نوێی دداندار.
  • چیاکان دەکوتییەوە و وردوخاشیان دەکەیت،
  • گردەکان وەک کا لێ دەکەیت.
  • 16شەنیان دەکەیت و با هەڵیاندەگرێت،
  • ڕەشەبا پەرتوبڵاویان دەکات،
  • بەڵام تۆ بە یەزدان دڵخۆش دەبیت،
  • شانازی بە خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل دەکەیت.
  • 17«کڵۆڵ و هەژاران بەدوای ئاودا دەگەڕێن و نییە،
  • لە تینووێتییان زمانیان وشک بوو.
  • بەڵام من یەزدانم بە دەنگیانەوە دەچم،
  • خودای ئیسرائیلم بەجێیان ناهێڵم.
  • 18ڕووباری ڕۆیشتوو لە گردۆڵکەکان دەردەهێنم،
  • کانیاو لەناوەندی دۆڵەکانیش هەڵدەقوڵێنم.
  • چۆڵەوانی دەکەم بە گۆلاو،
  • زەوی وشک دەکەمە سەرچاوەی ئاو.
  • 19داری ئورز و ئەکاسیا و مۆرد و زەیتوون
  • لە چۆڵەوانی دەڕوێنم،
  • داری سنەوبەر و کاژ و سەروو پێکەوە
  • لە بیابان دادەنێم،
  • 20بۆ ئەوەی پێکەوە ببینن و بزانن و
  • سەرنج بدەن و تێبگەن
  • کە دەستی یەزدان ئەمەی کردووە و
  • خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل بەدییهێناوە.»