
Season 15 · Episode 9
سامۆئێلی یهكهم ١٦: ١ - ١٧: ٥٨
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
December 19, 202322m 4s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
سامۆئێلی یهكهم ١٦: ١ - ١٧: ٥٨
- 1جا یەزدان بە ساموئێلی فەرموو: «هەتا کەی شیوەن بۆ شاول دەگێڕیت، چونکە من ڕەتم کردووەتەوە پاشای ئیسرائیل بێت؟ قۆچەکەت پڕ بکە لە زەیت و بڕۆ، دەتنێرم بۆ لای یەسای بێتلەحمی، لەنێو کوڕەکانیدا پاشایەکم بۆ خۆم هەڵبژاردووە.»
- 2ساموئێلیش گوتی: «چۆن بڕۆم؟ ئەگەر شاول ئەمە ببیستێتەوە دەمکوژێت.»
- یەزدانیش فەرمووی: «گوێرەکەیەکی مێینەی سێ ساڵە لەگەڵ دەستت دەبەیت و دەڵێیت: ”بۆ قوربانی سەربڕین بۆ یەزدان هاتووم.“
- 3جا یەسا بۆ قوربانییە سەربڕدراوەکە بانگهێشت دەکەیت و من فێرت دەکەم چی بکەیت و ئەو کەسەم بۆ دەستنیشان دەکەیت کە پێت دەفەرمووم.»
- 4ساموئێل ئەوەی کرد کە یەزدان پێی فەرموو، هات بۆ بێتلەحم و پیرانی شارۆچکەکە بە ترسەوە پێشوازییان کرد و گوتیان: «بە ئاشتی هاتوویت؟»
- 5ساموئێلیش وەڵامی دایەوە: «بە ئاشتییە، هاتووم بۆ سەربڕینی قوربانی بۆ یەزدان، خۆتان تەرخان بکەن و لەگەڵمدا وەرن بۆ قوربانییەکە.» ئینجا یەسا و کوڕەکانی تەرخان کرد و بۆ قوربانییەکە بانگهێشتی کردن.
- 6کاتێک هاتن، ساموئێل تەماشای ئەلیابی کرد و لەبەرخۆیەوە گوتی: «بە دڵنیاییەوە ئەوەیە یەزدان دەستنیشانی کردووە، لەبەردەمیەتی.»
- 7بەڵام یەزدان بە ساموئێلی فەرموو: «تەماشای ڕوخسار و باڵای مەکە، چونکە ڕەتم کردووەتەوە. یەزدان وەک مرۆڤ تەماشا ناکات، چونکە مرۆڤ تەماشای ڕوخسار دەکات، بەڵام یەزدان تەماشای دڵ دەکات.»
- 8دوای ئەوەی یەسا ئەبینادابی بانگکرد و بە بەردەم ساموئێلدا تێپەڕی کرد، ساموئێلیش گوتی: «یەزدان ئەمەشی هەڵنەبژاردووە.»
- 9ئینجا یەسا شەممای تێپەڕاند و ساموئێلیش گوتی: «یەزدان ئەمەشی هەڵنەبژاردووە.»
- 10یەسا هەر حەوت کوڕەکەی لەبەردەم ساموئێلدا تێپەڕاند. ساموئێلیش بە یەسای گوت: «یەزدان لەمانەی هەڵنەبژاردووە.»
- 11لە یەسای پرسی: «ئایا هەموو کوڕەکانت لێرەن؟»
- ئەویش گوتی: «بچووکترینیان هێشتا ماوە و مەڕ دەلەوەڕێنێت.»
- ساموئێلیش گوتی: «بنێرە بەدوایدا و بیهێنە، چونکە دانانیشین هەتا ئەو دێتە ئێرە.»
- 12ئەویش بەدوایدا ناردی و هێنای، سوورەیەکی چاوجوانی قۆز بوو.
- ئینجا یەزدان فەرمووی: «هەستە و دەستنیشانی بکە، چونکە ئەمە خۆیەتی.»
- 13ساموئێل قۆچە زەیتەکەی برد و لەنێو براکانیدا دەستنیشانی کرد و لەو ڕۆژە بەدواوە ڕۆحی یەزدان بە تواناوە هاتە سەر داود. پاشان ساموئێل هەستا و چوو بۆ ڕامە.
- 14ڕۆحی یەزدانیش لە شاول جیا بووەوە و بە فەرمانی یەزدان ڕۆحێکی بەد هەراسانی کرد.
- 15جا خزمەتکارەکانی شاول پێیان گوت: «ئەوەتا ئێستا ڕۆحێکی بەد لەلایەن خوداوە هەراسانت دەکات.
- 16با ئێستا گەورەمان فەرمان بە خزمەتکارەکانی بەردەمی بکات بەدوای پیاوێکدا بگەڕێن کە شارەزایی لە قیسارە ژەنین هەبێت، جا هەر کاتێک ئەو ڕۆحە بەدەی لەلایەن خوداوەیە بێتە سەرت، قیسارە بژەنێت تۆ باش دەبیت.»
- 17شاولیش بە خزمەتکارەکانی گوت: «ئێستا پیاوێکم بۆ ببیننەوە قیسارە بە چاکی بژەنێت و بۆ منی بهێنن.»
- 18جا یەکێک لە خزمەتکارەکان وەڵامی دایەوە و گوتی: «کوڕێکی یەسای بێتلەحمیم بینیوە، دەزانێت قیسارە بژەنێت. هەروەها قارەمانێکی بەهێزە و جەنگاوەرە، زمان ڕەوانە و پیاوێکی قۆزە، یەزدانیشی لەگەڵدایە.»
- 19شاولیش نێردراوی بۆ لای یەسا نارد و گوتی: «داودی کوڕتم بۆ بنێرە، ئەوەی مەڕ دەلەوەڕێنێت.»
- 20یەساش گوێدرێژێکی هێنا، نان و مەشکەیەک شەراب و کارەبزنێکی لێ بارکرد، بە دەستی داودی کوڕیدا بۆ شاولی نارد.
- 21ئیتر داود هاتە لای شاول و دەستی بە خزمەتکردنی کرد. شاولیش داودی زۆر خۆشویست و کردییە یەکێک لە هەڵگری تفاقەکانی.
- 22شاول بۆ یەسای نارد و گوتی: «تکایە با داود لە خزمەتی مندا بمێنێتەوە، چونکە لەلام پەسەندە.»
- 23هەر کاتێک ڕۆحەکە لەلایەن خوداوە بۆ سەر شاول دەهات، داود قیسارەکەی بەدەستەوە دەگرت و دەیژەند، شاولیش دڵی دەکرایەوە و باش دەبوو، ڕۆحە بەدەکە وازی لێ دەهێنا.
سامۆئێلی یهكهم ١٧
- 1ئەوە بوو فەلەستییەکان هێزەکانیان بۆ جەنگ کۆکردەوە و لە سۆکۆی یەهودا کۆبوونەوە، لەنێوان سۆکۆ و عەزێقا لە ئەفەس دەمیم خێوەتگایان هەڵدا.
- 2شاول و پیاوانی ئیسرائیلیش لە دۆڵی ئێلە کۆبوونەوە و خێوەتگایان بۆ جەنگ هەڵدا، بەرەیان بەست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی فەلەستییەکان.
- 3جا فەلەستی و ئیسرائیلییەکان لەسەر دوو گردی بەرامبەر یەکتر ڕاوەستابوون، دۆڵێکیشیان لەنێوان بوو.
- 4پاڵەوانێکی خەڵکی گەت کە ناوی گۆلیات بوو لەناو خێوەتگای فەلەستییەکان هاتە دەرەوە، درێژییەکەی شەش باڵ و بستێک بوو.
- 5کڵاوێکی بڕۆنز لەسەری و زرێیەکی پولەکەداریشی لەبەردا بوو، کێشی زرێیەکە پێنج هەزار شاقل بڕۆنز بوو.
- 6هەروەها پارچەیەک بڕۆنز لولاقی پۆشیبوو، تیرێکی بڕۆنزیش لەنێو شانەکانی بوو،
- 7دەسکی ڕمەکەی وەک نۆردی جۆڵاکان وابوو، نووکەکەشی شەش سەد شاقل ئاسن بوو، هەڵگری قەڵغانەکەی لەبەردەمیەوە دەڕۆیشت.
- 8جا گۆلیات وەستا و بانگی ڕیزەکانی ئیسرائیلی کرد و پێی گوتن: «بۆچی هاتوونەتە دەرەوە تاکو بۆ جەنگ ڕیزببەستن؟ ئایا من فەلەستی و ئێوەش خزمەتکارانی شاول نین؟ جا پیاوێک بۆ خۆتان هەڵبژێرن و با بۆم بێتە خوارەوە.
- 9ئەگەر توانی لەگەڵمدا بجەنگێت و بمکوژێت، ئەوا دەبینە خزمەتکارتان، بەڵام ئەگەر من بەسەریدا زاڵ بووم و کوشتم، ئەوا ئێوە دەبنە خزمەتکارمان و خزمەتمان دەکەن.»
- 10ئینجا فەلەستییەکە گوتی: «من ئەمڕۆ تەحەدای ڕیزەکانی ئیسرائیل دەکەم، پیاوێکم بدەنێ بۆ ئەوەی پێکەوە لەگەڵ یەکتری بجەنگین.»
- 11کاتێک شاول و هەموو ئیسرائیل گوێیان لە قسەکانی فەلەستییەکە بوو، سڵەمینەوە و زۆر ترسان.
- 12داودی کوڕی یەسای ئەفراتی، لە بێتلەحمی یەهودا بوو. یەسا هەشت کوڕی هەبوو، لە ماوەی پاشایەتی شاولدا لە تەمەنی پیریدا بوو.
- 13هەر سێ کوڕە گەورەکەی یەسا بۆ جەنگ دوای شاول کەوتبوون، ناوی سێ کوڕەکەی کە بۆ جەنگ چووبوون، ئەلیاب نۆبەرەکە و دووەمیان ئەبیناداب و سێیەمیان شەمما بوو.
- 14داودیش بچووکترینیان بوو، سێ کوڕە گەورەکەش دوای شاول کەوتبوون.
- 15جا داود هاتوچۆی دەکرد، ناوبەناو لەلای شاول دەگەڕایەوە بۆ لەوەڕاندنی مەڕەکانی باوکی لە بێتلەحم.
- 16بۆ ماوەی چل ڕۆژ، بەیانییان و ئێواران، فەلەستییەکە دەهاتە پێش و دەوەستا.
- 17ئەوە بوو یەسا بە داودی کوڕی گوت: «ئێستا ئێفەیەک لەم دانەوێڵە برژاوە و ئەم دە نانە بۆ براکانت ببە و ڕابکە بۆ خێوەتگاکەیان،
- 18ئەم دە پارچە پەنیرەش بە فەرماندەی یەکەکە بدە و سەلامەتی براکانت بەسەربکەوە و نیشانەیەکیان لێ وەربگرە.
- 19شاول و ئەوان و هەموو پیاوانی ئیسرائیل لە دۆڵی ئێلە لە دژی فەلەستییەکان دەجەنگان.»
- 20بەیانی زوو داود لە خەو هەستا و مەڕەکانی لەلای پاسەوانێک بەجێهێشت، بارگەکەی هەڵگرت و ڕۆیشت، هەروەک یەسای باوکی فەرمانی پێ کردبوو. لە هەمان ئەو کاتەدا گەیشتە خێوەتگاکە کە سوپا بۆ بەرەکانی جەنگ دەچوون و نەعرەتەی جەنگیان دەکێشا.
- 21جا ئیسرائیل و فەلەستییەکان ڕیزیان دەبەست، ڕیز بەرامبەر ڕیز.
- 22داودیش شتومەکەکەی کە پێی بوو بە پاسەوانی شتومەکەکان سپارد، بۆ بەرەی جەنگ ڕایکرد، هات و لە سەلامەتی براکانی پرسی.
- 23کاتێک قسەی لەگەڵ دەکردن، پاڵەوانەکەی خەڵکی گەت، گۆلیاتی فەلەستی لە بەرەی فەلەستییەکانەوە هاتە پێشەوە، بە هەمان شێوازی پێشوو هاواری کرد، داودیش گوێی لێبوو.
- 24هەموو پیاوانی ئیسرائیلیش کە پیاوەکەیان بینی زۆر ترسان و لێی هەڵاتن.
- 25پیاوانی ئیسرائیل قسەیان دەکرد و دەیانگوت: «ئەو پیاوەتان بینی کە هاتە پێشەوە؟ بۆ تەحەداکردنی ئیسرائیل بوو. ئەو پیاوەی بیکوژێت پاشا زۆر دەوڵەمەندی دەکات و کچەکەی خۆی دەداتێ، ماڵی باوکیشی لە ئیسرائیل لە باج دەبەخشرێت.»
- 26داودیش بەو پیاوانەی گوت کە لەگەڵی ڕاوەستابوون: «چی دەکرێت بۆ ئەو پیاوەی ئەو فەلەستییە بکوژێت، ئەو شەرمەزارییە لەسەر ئیسرائیل لاببات؟ ئەو فەلەستییە خەتەنەنەکراوە کێیە هەتا تەحەدای سوپای خودای زیندوو بکات؟»
- 27ئەوانیش قسەکەیان بۆ دووبارە کردەوە کە دەیانگوت، پێیان گوت: «ئاوا دەکرێت بۆ ئەو پیاوەی کە ئەمە بکوژێت.»
- 28کاتێک ئەلیابی برا گەورەی گوێی لێبوو کە داود لەگەڵ پیاوەکان قسە دەکات، ئەلیاب زۆر لێی تووڕە بوو و گوتی: «بۆ دابەزیت؟ ئەو کەمە مەڕەت لە چۆڵەوانیدا بەسەر کێدا بەجێهێشت؟ من دەزانم چەند لەخۆباییت و دڵت چەند خراپە، چونکە تۆ تەنها بۆ تەماشاکردنی جەنگەکە دابەزیویت.»
- 29داودیش گوتی: «ئێستا من چیم کردووە؟ هەر قسەکردن نییە؟»
- 30ئینجا لەلای ئەو چوو بۆ لای یەکێکی دیکە و هەمان قسەی کردەوە و جەنگاوەرەکانیش هەمان وەڵامیان دایەوە.
- 31ئەو قسانەی داود گوتی بیسترانەوە و بە شاول ڕاگەیەنرا و ئەویش ناردی بە شوێنیدا.
- 32داود بە شاولی گوت: «کەس بەهۆی ئەوەوە دڵی خورپە نەکات. خزمەتکارەکەت دەچێت و لەگەڵ ئەو فەلەستییە دەجەنگێت.»
- 33شاولیش بە داودی گوت: «ناتوانیت بچیت بۆ ئەو فەلەستییە و لەگەڵیدا بجەنگیت، چونکە تۆ منداڵیت و ئەویش لە منداڵییەوە جەنگاوەرە.»
- 34داودیش بە شاولی گوت: «خزمەتکارەکەت شوانی مەڕەکانی باوکی بووە. هەر کاتێک شێرێک یان ورچێک دەهات و مەڕێکیان لە مێگەلەکە دەبرد،
- 35من بەدوایدا دەچووم و دەمکوشت و لە دەمی دەربازم دەکرد، کاتێک بۆم هەڵدەستا ملیم دەگرت و لێم دەدا و دەمکوشت.
- 36خزمەتکارەکەت شێر و ورچی دەکوشت و ئەو فەلەستییە خەتەنەنەکراوەش وەک یەکێک دەبێت لەوان، چونکە تەحەدای ڕیزەکانی سوپای خودای زیندووی کردووە.
- 37یەزدان کە منی لە چنگی شێر و ورچ دەرباز کردووە، هەر ئەو لە چنگ ئەم فەلەستییە دەربازم دەکات.»
- شاولیش بە داودی گوت: «بڕۆ، با یەزدان لەگەڵتدا بێت.»
- 38ئینجا شاول کراسەکەی خۆی لەبەر داود کرد و کڵاوێکی بڕۆنزی لەسەر سەری دانا و زرێیەکی لەبەرکرد.
- 39داودیش شمشێرەکەی لەسەر کراسەکەی بەست و ویستی پێیانەوە بڕوات، چونکە تاقی نەکردبووەوە.
- ئینجا داود بە شاولی گوت: «ناتوانم پێیانەوە بڕۆم، چونکە تاقیم نەکردوونەتەوە.» جا داود لە خۆی کردنەوە و
- 40گۆچانەکەی بەدەستەوە گرت، پێنج بەردی لووسی لە دۆڵەکەدا هەڵبژارد و خستییە ناو توورەکەی شوانییەکەی لەناو هەگبەکەی، قۆچەقانییەکەی بەدەستەوە گرت و لە فەلەستییەکە چووە پێش.
- 41لەو کاتەدا فەلەستییەکە هات و لە داود نزیک بووەوە، هەڵگری قەڵغانەکەشی لەپێشیەوە دەڕۆیشت.
- 42کاتێک فەلەستییەکە تەماشای کرد و داودی بینی، بە سووکی سەیری کرد، چونکە منداڵێکی سوورە و قۆز بوو.
- 43فەلەستییەکە بە داودی گوت: «من سەگم هەتا تۆ بە گۆچانەوە بۆم بێیت؟» ئینجا بە خوداوەندەکانی خۆی نەفرەتی لە داود کرد و
- 44پێی گوت: «بۆم وەرە هەتا گۆشتی تۆ بدەمە باڵندەکانی ئاسمان و دڕندەکانی دەشتودەر!»
- 45داودیش بە فەلەستییەکەی گوت: «تۆ بە شمشێر و ڕم و تیر بۆم دێیت، بەڵام منیش بە ناوی یەزدانی سوپاسالارەوە بۆت دێم، خودای سوپای ئیسرائیل، ئەوەی تەحەدات کرد.
- 46ئەمڕۆ یەزدان لە دەستمدا بەندت دەکات و دەتکوژم و سەرت لێ دەکەمەوە، ئەمڕۆ لاشەکانی سوپای فەلەستییەکان بە باڵندەکانی ئاسمان و ئاژەڵەکانی زەوی دەدەم، جا هەموو زەوی دەزانێت کە ئیسرائیل خودای هەیە.
- 47هەموو ئەم کۆمەڵەش دەزانن کە ڕزگاریی یەزدان بە شمشێر و ڕم نییە، چونکە ئەم جەنگە هی یەزدانە و ئێوەمان دەداتە دەست.»
- 48جا کاتێک فەلەستییەکە نزیک بووەوە بۆ هێرشکردنە سەر داود، داود بە پەلە ڕووەو ڕیزی جەنگەکە ڕایکرد بۆ بەرەنگاربوونەوەی فەلەستییەکە.
- 49داود دەستی بۆ توورەکەکەی درێژکرد و بەردێکی لێ دەرهێنا و بە قۆچەقانییەکەی تێی گرت و لە ناوچەوانی فەلەستییەکەی دا، بەردەکە لە ناوچەوانی چەقی و بە ڕوودا کەوتە سەر زەوی.
- 50بەم جۆرە داود بە قۆچەقانی و بە بەرد بەسەر فەلەستییەکەدا سەرکەوت، کاتێک لە فەلەستییەکەی دا و کوشتی، داود هیچ شمشێری بەدەستەوە نەبوو.
- 51ئینجا داود ڕایکرد و چووە سەر فەلەستییەکە، شمشێرەکەی هەڵگرت و لە کێلانەکەیەوە ڕایکێشا، کوشتی و بە شمشێرەکەی سەری لێکردەوە.
- کاتێک فەلەستییەکان بینییان وا پاڵەوانەکەیان مردووە، هەڵاتن.
- 52دوای ئەوە پیاوانی ئیسرائیل و یەهودا هەستان و هاواریان کرد و دوای فەلەستییەکان کەوتن هەتا گەت و دەروازەکانی عەقرۆن. جا کوژراوەکانی فەلەستییەکان لە ڕێگای شەعەرایم هەتا گەت و عەقرۆن کەوتن.
- 53کاتێک نەوەی ئیسرائیل لە ڕاونانی فەلەستییەکان گەڕانەوە، خێوەتگاکەیان تاڵان کردن.
- 54داودیش سەری فەلەستییەکەی هەڵگرت و بردی بۆ ئۆرشەلیم، چەکەکانی فەلەستییەکەشی لەناو چادرەکەی خۆی دانا.
- 55کاتێک شاول داودی بینی کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی فەلەستییەکە چووە، لە ئەبنێری فەرماندەی گشتی سوپاکەی پرسی: «ئەبنێر، ئەو گەنجە کوڕی کێیە؟»
- ئەویش وەڵامی دایەوە: «بە گیانی پاشا نازانم.»
- 56پاشاش گوتی: «بپرسە، بزانە ئەم گەنجە کوڕی کێیە؟»
- 57کاتێک داود لە کوشتنی فەلەستییەکە گەڕایەوە، ئەبنێر بردی بۆ بەردەم شاول و سەری فەلەستییەکەشی بەدەستەوە بوو.
- 58شاولیش پێی گوت: «ئەی گەنج تۆ کوڕی کێیت؟»
- داودیش گوتی: «کوڕی یەسای بێتلەحمیم، خزمەتکاری تۆ.»