
Season 21 · Episode 17
دووهم ههواڵی ڕۆژان ٣٤: ١ - ٣٦: ٢٣
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
April 10, 202417m 55s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
دووهم ههواڵی ڕۆژان ٣٤: ١ - ٣٦: ٢٣
- 1یۆشیا کوڕێکی هەشت ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، سی و یەک ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد.
- 2یۆشیا ئەوەی ڕاست بوو لەبەرچاوی یەزدان کردی، ڕێبازەکەی داودی باپیرە گەورەی پەیڕەو کرد، بەلای ڕاست و چەپدا لای نەدا.
- 3لە هەشتەمین ساڵی پاشایەتییەکەیدا کە هێشتا مێردمنداڵ بوو، ڕووی لە خودای داودی باپیرە گەورەی کرد. لە دوازدەیەمین ساڵیدا دەستی بە پاککردنەوەی یەهودا و ئۆرشەلیم کرد لە نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان، ستوونە ئەشێراکان و بتە داتاشراو و داڕێژراوەکان.
- 4لەبەردەمیدا قوربانگاکانی بەعلیان ڕووخاند و قوربانگاکانی بخوور کە لە سەرەوە لەسەریان دانرا بوون پارچەپارچەی کردن، ستوونە ئەشێراکان و بتە داتاشراو و داڕێژراوەکانی شکاند و کوتای و بە بای کردن بەسەر گۆڕی ئەوانەی قوربانییان بۆ سەردەبڕین.
- 5ئێسکی کاهینەکانیشی لەسەر قوربانگاکانیان سووتاند و یەهودا و ئۆرشەلیمی پاککردەوە.
- 6لە شارۆچکەکانی مەنەشە و ئەفرایم و شیمۆن و هەتا نەفتالی، هەروەها لە کەلاوەکانی دەوروبەریان
- 7قوربانگاکان و ستوونە ئەشێراکانی ڕووخاند و پەیکەری بتەکانی ورد کوتی و هەموو قوربانگاکانی بخووریشی پارچەپارچە کرد. لە هەموو خاکی ئیسرائیلدا بەو شێوەیەی کرد، ئینجا گەڕایەوە بۆ ئۆرشەلیم.
- 8هەروەها لە هەژدەیەمین ساڵی پاشایەتی یۆشیادا، پاش ئەوەی خاکەکە و پەرستگاکەی پاککردەوە، شافانی کوڕی ئەچەلیاهو و مەعسێیاهوی سەرۆکی شارەکە و یۆئاحی کوڕی یۆئاحازی تۆمارکاری نارد، بۆ چاککردنەوەی پەرستگای یەزدانی پەروەردگاری خۆی.
- 9ئەوانیش هاتن بۆ لای حیلقیای سەرۆکی کاهین و ئەو زیوەیان پێیدا کە هاتووەتە ناو پەرستگای خوداوە، ئەوەی لێڤییەکان چاودێرانی دەرگاکان لە خەڵکی مەنەشە و ئەفرایم و هەموو ئەوانەی لە ئیسرائیل مابوونەوە کۆیان کردبوونەوە، هەروەها لە هەموو خەڵکی یەهودا و بنیامین و دانیشتووانی ئۆرشەلیم.
- 10ئینجا دایانە دەست سەرپەرشتیارەکانی کارەکەی پەرستگای یەزدان، ئەوانیش دایانە ئەوانەی لە پەرستگای یەزدان کاریان دەکرد، بۆ چاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی پەرستگاکە.
- 11هەروەها دایانە دارتاش و بیناسازەکان هەتا بەردی داتاشراو و داری پێ بکڕن بۆ کاریتە و دارەڕای بنمێچی ئەو تەلارانەی کە بەهۆی کەمتەرخەمی پاشاکانی یەهوداوە، وێران ببوون.
- 12پیاوەکان بە دەستپاکییەوە کارەکەیان دەکرد، لەژێر سەرپەرشتی یەحەت و عۆبەدیا کە هەردووکیان لێڤی و سەر بە نەوەی مەراری بوون و زەکەریا و مەشولام سەر بە نەوەی قەهاتییەکان بۆ سەرپەرشتی. لە لێڤییەکانیش هەموو ئەوانەی لە ئامێرە مۆسیقییەکان شارەزا بوون
- 13سەرپەرشتیار بوون بەسەر کۆڵکێشەکان و بەسەر هەموو ئەوانەی کارەکەیان دەکرد، لە خزمەتە جۆراوجۆرەکان، هەروەها لە لێڤییەکان خامەی نهێنی و سەرقەڵەم و دەرگاوانیان تێدابوو.
- 14کاتێک خەریکی دەرهێنانی ئەو زیوە بوون کە هاتبووە ناو پەرستگای یەزدان، حیلقیای کاهین پەڕتووکی تەوراتی یەزدانی دۆزییەوە کە لە ڕێگەی موساوە درابوو.
- 15جا حیلقیا بە شافانی خامەی نهێنی گوت: «لە پەرستگای یەزدان پەڕتووکی تەوراتم دۆزیوەتەوە.»
- 16ئینجا شافان پەڕتووکەکەی بۆ لای پاشا برد و پێی ڕاگەیاند: «هەموو ئەوەی بە دەست خزمەتکارەکانت سپێردراوە دەیکەن.
- 17ئەو زیوەی لەناو پەرستگای یەزداندا هەبوو بەتاڵیان کردووە و داویانەتە دەست سەرپەرشتیار و کرێکارەکان.»
- 18هەروەها شافانی خامەی نهێنی بە پاشای گوت: «حیلقیای کاهین پەڕتووکێکی پێداوم.» ئینجا شافان لەبەردەم پاشادا لە پەڕتووکەکەی خوێندەوە.
- 19کە پاشا گوێی لە وشەکانی تەورات بوو، جلەکانی لەبەر خۆی دادڕی و
- 20پاشا فەرمانی بە حیلقیا و ئەحیقامی کوڕی شافان و عەبدۆنی کوڕی میخا و شافانی خامەی نهێنی و عەسایای خزمەتکاری خۆی کرد و پێی گوتن:
- 21«بڕۆن و پرسیار لە یەزدان بکەن لە پێناوی من و لە پێناوی ئەوانەی لە ئیسرائیل و یەهودا ماونەتەوە، سەبارەت بە پەیامی ئەم پەڕتووکەی کە دۆزراوەتەوە، چونکە ئەو تووڕەییەی یەزدان کە بەسەرماندا ڕژاوە مەزنە، لەبەر ئەوەی باوباپیرانمان وشەکانی یەزدانیان نەپاراستووە هەتا بەپێی هەموو ئەوەی لەم پەڕتووکەدا هاتووە کار بکەن.»
- 22ئینجا حیلقیا لەگەڵ ئەوانەی پاشا فەرمانی پێ کردن چوونە لای حولدای پێغەمبەر کە ژنی شەلومی کوڕی تۆقهەتی کوڕی حەسرای لێپرسراوی جلوبەرگەکانی پەرستگا بوو، ئەو لە گەڕەکی دووەمی ئۆرشەلیم دەژیا، ئیتر قسەیان لەگەڵی کرد.
- 23ئەویش پێی گوتن: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بەو پیاوە بڵێن کە ئێوەی بۆ لای من ناردووە،
- 24”یەزدان ئەمە دەفەرموێت: من وا بەڵا بەسەر ئەم شوێنە و دانیشتووانەکەی دەهێنم، بەپێی هەموو ئەو نەفرەتانەی لەو پەڕتووکە نووسراوە، ئەوەی لەبەردەم پاشای یەهودا خوێندیانەوە.
- 25لەبەر ئەوەی وازیان لێ هێنام و بخووریان بۆ خوداکانی دیکە سووتاند هەتا بە هەموو کارەکانی دەستیان پەستم بکەن، تووڕەییم بەسەر ئەم شوێنەدا دەڕژێت و ناکوژێتەوە.“
- 26بەڵام بە پاشای یەهودا ئەوەی ئێوەی ناردووە پرسیار لە یەزدان بکەن بڵێن، ”یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل سەبارەت بەو وشانەی گوێت لێ بوو ئەوە دەفەرموێت:
- 27لەبەر ئەوەی کاتێک گوێت لە پەیامەکەی بوو لە دژی ئەم شوێنە و دانیشتووانەکەی لەبەردەم خودا دڵت نەرم بوو و خۆتت نزم کردەوە، جلەکانت لەبەر خۆتدا دادڕی و لەبەردەممدا گریایت، هەروەها منیش گوێم لێت بوو. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
- 28ئێستا من دەتخەمە پاڵ باوباپیرانت، جا بە ئاشتییەوە لە گۆڕەکەت دەنرێیت. ئەو هەموو کارەساتە نابینی کە من بەسەر ئەم شوێنە و دانیشتووانەکەیدا دەهێنم.“»
- ئەوانیش وەڵامەکەیان بۆ پاشا بردەوە.
- 29ئینجا پاشا ناردی و هەموو پیرانی یەهودا و ئۆرشەلیمی کۆکردەوە.
- 30لەگەڵ هەموو گەلی یەهودا و دانیشتووانی ئۆرشەلیم، کاهین و لێڤییەکان و هەموو گەل لە گەورەوە هەتا بچووک چوونە پەرستگای یەزدان. لەبەردەمیان تەواوی وشەکانی پەڕتووکی پەیمانی خوێندەوە، ئەوەی لە پەرستگای یەزدان دۆزرایەوە.
- 31پاشا لەلای کۆڵەکەکە ڕاوەستا و لەبەردەم یەزدان پەیمانی دا کە دوای یەزدان بکەوێت و بە هەموو دڵ و گیانییەوە فەرمان و یاسا و فەرزەکانی بەجێبهێنێت، بۆ ئەوەی وشەکانی ئەم پەیمانەی لەم پەڕتووکەدا نووسراوە پەیڕەو بکرێت.
- 32پاشا داوای لە هەموو ئامادەبووان کرد لە ئۆرشەلیم و بنیامین کە سوێند بخۆن، جا دانیشتووانی ئۆرشەلیمیش ئەوەیان کرد بەگوێرەی پەیمانی خودا، خودای باوباپیرانیان.
- 33یۆشیا هەموو بتە قێزەونەکانی لە هەموو هەرێمەکانی ئیسرائیل داماڵی و کارێکی وای کرد کە هەموو ئەو کەسانەی لە خاکی ئیسرائیل نیشتەجێ بوون یەزدانی پەروەردگاریان بپەرستن. بە درێژایی ژیانی ئەو خەڵکی لایان نەدا لە پەرستنی یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان.
دووهم ههواڵی ڕۆژان ٣٥
- 1یۆشیا لە چواردەی مانگی یەک لە ئۆرشەلیم جەژنی پەسخەی بۆ یەزدان گێڕا و بەرخی پەسخەی کردە قوربانی.
- 2کاهینەکانی لەسەر ئەرکەکانی خۆیان دانا و هانی دان بۆ خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان.
- 3بەو لێڤییانەی گوت کە هەموو ئیسرائیلیان فێر دەکرد، ئەوانەی بۆ یەزدان تەرخان کرابوون: «سندوقی پیرۆز لەناو ئەو پەرستگایەدا دابنێن کە سلێمانی کوڕی داودی پاشای ئیسرائیل بنیادی نا، چیتر بەشان هەڵیمەگرن، ئێستاش یەزدانی پەروەردگارتان بپەرستن و خزمەتی ئیسرائیلی گەلی بکەن و
- 4بنەماڵەکانتان بەپێی تیرەکان ئامادە بکەن، بەگوێرەی ئەو نووسراوەی داودی پاشای ئیسرائیل و هەروەها نووسراوەکەی سلێمانی کوڕی.
- 5«لە پیرۆزگادا بەپێی کۆمەڵەی بنەماڵەی براکانتان لە کوڕانی گەل و کۆمەڵەی بنەماڵەکانی لێڤی ڕابوەستن.
- 6ئەو کاتە بەرخی پەسخە سەرببڕن و خۆتان تەرخان بکەن و ئامادەکاری بۆ براکانتان بکەن بۆ ئەوەی بەپێی فەرمایشتی خودا لە ڕێگەی موساوە، کار بکەن.»
- 7یۆشیا لە مێگەل، سی هەزار سەر بەرخ و گیسکی بۆ قوربانی پەسخە دابین کرد، لە گاگەلیش سێ هەزار سەری بە گەل بەخشی. هەموو ئەوانە لە سامانی پاشا بوون و دران بەوانەی کە لەوێ ئامادە بوون.
- 8هەروەها کاربەدەستەکانیشی بە خواستی خۆیان پیتاکیان بە گەل، بە کاهین و لێڤییەکان بەخشی. حیلقیا، زەکەریا و یەحیێلی لێپرسراوانی پەرستگای خودا دوو هەزار و شەش سەد سەر لە مێگەل بۆ قوربانی پەسخە، هەروەها سێ سەد سەر لە گاگەلیان بە کاهینەکان بەخشی.
- 9کۆنەنیاهو و براکانیشی، شەمەعیا و نەتەنێل، لەگەڵ حەشەڤیا و یەعیێل و یۆزاڤاد سەرکردەکانی لێڤییەکان، پێنج هەزار سەر لە مێگەلیان بۆ قوربانی پەسخە دابین کرد، هەروەها پێنج سەد سەر لە گاگەلیان بە لێڤییەکان بەخشی.
- 10بەو شێوەیە خزمەتەکە ڕێکخرا و کاهینەکان شوێنەکانی خۆیان گرت و لێڤییەکانیش لە بەشەکانی خۆیان بەپێی فەرمانی پاشا.
- 11بەرخەکانی پەسخەیان سەربڕی و کاهینەکان بە دەستیان خوێنەکەیان دەپرژاند، بەڵام لێڤییەکان کەوڵیان دەکرد.
- 12ئینجا قوربانی سووتاندنەکەیان جیا کردەوە هەتا بەپێی بەشەکانی بنەماڵەکان بە کوڕانی گەلی بدەن، بۆ ئەوەی بۆ یەزدانی پێشکەش بکەن بەپێی ئەوەی لە پەڕتووکی موسادا نووسراوە، بۆ گایەکانیش بە هەمان شێوە.
- 13بەپێی ڕێوڕەسم قوربانییەکانی پەسخەیان بە ئاگر برژاند، بەڵام پێشکەشکراوە پیرۆزەکانی دیکەیان لەناو مەنجەڵ و مەنجەڵی گەورە و تاوەدا کوڵاند و دەستوبرد بەسەر گەلدا دابەشیان کرد.
- 14پاشان هەمان خواردنیان بۆ خۆیان و بۆ کاهینەکان ئامادە کرد، چونکە کاهینەکان لە نەوەی هارون هەتا شەو خەریکی پێشکەشکردنی قوربانی سووتاندنەکان و پیوەکە بوون. لەبەر ئەوە لێڤییەکان بەشیان بۆ خۆیان و بۆ کاهینەکان لە نەوەی هارون ئامادە کرد.
- 15گۆرانیبێژەکانیش لە نەوەی ئاساف لە شوێنی خۆیان بوون، بەپێی فەرمانی داود، ئاساف، هێیمان و یەدوتون کە پەیامی خودای بە پاشا ڕادەگەیاند. پێویست نەبوو دەرگاوانی دەروازەکانیش شوێنی چاودێریکردنەکەیان بەجێبهێڵن، چونکە برا لێڤییەکانیان بەشیان بۆ ئامادە کردن.
- 16بەو شێوەیە هەموو خزمەتەکەی یەزدان لەو کاتەدا جێبەجێ کرا بۆ کردنی جەژنی پەسخە و سەرخستنی قوربانی سووتاندنەکان لەسەر قوربانگاکەی یەزدان بەپێی فەرمانی یۆشیای پاشا.
- 17هەموو نەوەی ئیسرائیل، ئامادەبووان لەو کاتەدا جەژنی پەسخەیان گێڕا و حەوت ڕۆژیش جەژنی فەتیرەیان گێڕا.
- 18لە سەردەمی ساموئێلی پێغەمبەرەوە جەژنی پەسخەی بەو شێوەیە لە ئیسرائیل نەگێڕدرابوو، هەروەها هیچ پاشایەکی ئیسرائیلیش جەژنێکی پەسخەی نەگێڕابوو وەک ئەوەی یۆشیا گێڕای لەگەڵ کاهینەکان و لێڤییەکان و هەموو خەڵکی یەهودا و ئیسرائیل کە لەگەڵ دانیشتووانی ئۆرشەلیم ئامادە بوون.
- 19لە هەژدەیەمین ساڵی پاشایەتی یۆشیا ئەم جەژنەی پەسخە گێڕدرا.
- مردنی یۆشیا
- 20پاش هەموو ئەمانە کە یۆشیا پەرستگاکەی ئامادە کرد، نێخۆی پاشای میسر چوو بۆ شەڕ لە کەرکەمیش لەلای ڕووباری فورات، یۆشیاش چوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی.
- 21بەڵام نێخۆ نێردراوی بۆ نارد و گوتی: «ئەی پاشای یەهودا، چ کێشەیەک لە نێوان من و تۆ هەیە؟ ئەمڕۆ لە دژی تۆ نەهاتووم، بەڵکو لە دژی ئەو ماڵەی جەنگی لەگەڵ دەکەم. خودا فەرموویەتی پەلە بکەم. لەبەر ئەوە واز لە دژایەتی خودا بهێنە کە لەگەڵمدایە، با لەناوت نەبات.»
- 22بەڵام یۆشیا پێداگری کرد و گوێی لە قسەکانی نێخۆ نەگرت کە لە دەمی خوداوە بوو، بەڵکو شێوەی خۆی گۆڕی و چوو لە دەشتی مەگیدۆ شەڕی لەگەڵ کرد.
- 23تیرهاوێژەکان یۆشیا پاشایان پێکا و پاشاش بە ئەفسەرەکانی گوت: «بمگوازنەوە، چونکە برینەکەم سەختە.»
- 24ئیتر خزمەتکارەکانی لە گالیسکەکەیەوە بۆ گالیسکەکەی دیکەی گواستیانەوە و بردیان بۆ ئۆرشەلیم، لەوێ مرد و لە گۆڕستانی باوباپیرانیدا نێژرا و هەموو یەهودا و ئۆرشەلیمیش شیوەنیان بۆ گێڕا.
- 25یەرمیاش یۆشیای لاواندەوە، ئیتر لەو ڕۆژەوە هەتا ئێستا هەموو پیاو و ژنە گۆرانیبێژەکانیش لە لاواندنەوەکانیاندا شیوەن بۆ یۆشیا دەگێڕن. ئەمەش بوو بە نەریتێک لە ئیسرائیلدا و لە پەڕتووکی شینەکاندا نووسرایەوە.
- 26ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یۆشیا و کردەوە چاکەکانی بەپێی ئەوەی لە تەوراتی یەزداندا نووسراوە و
- 27کاروبارەکانی لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی، لە پەڕتووکی پاشاکانی ئیسرائیل و یەهودا تۆمار کراون.
دووهم ههواڵی ڕۆژان ٣٦
- 1ئینجا گەلی خاکەکە یەهۆئاحازی کوڕی یۆشیایان برد و لە جێی باوکی لە ئۆرشەلیمدا کردیانە پاشا.
- 2یەهۆئاحاز گەنجێکی بیست و سێ ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، سێ مانگ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد.
- 3دوای ئەوە پاشای میسر یەهۆئاحازی لە ئۆرشەلیم لابرد و سەرانەی بەسەر یەهودا سەپاند، سەد تالنت زیو و تالنتێک زێڕ.
- 4پاشای میسر ئەلیاقیمی برای یەهۆئاحازی کرد بە پاشای یەهودا و ئۆرشەلیم، ناوەکەی گۆڕی بۆ یەهۆیاقیم، بەڵام نێخۆ یەهۆئاحازی برای ئەلیاقیمی برد و هێنای بۆ میسر.
- 5یەهۆیاقیم گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، یازدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگاری خۆی خراپەکاری کرد.
- 6نەبوخودنەسری پاشای بابل پەلاماری دا و بە زنجیری بڕۆنز کۆتی کرد هەتا بۆ بابلی ببات.
- 7هەروەها نەبوخودنەسر هەندێک لە قاپوقاچاغەکانی پەرستگای یەزدانی هێنا بۆ بابل و خستنییە ناو پەرستگاکەی خۆیەوە لە بابل.
- 8ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆیاقیم و کارە قێزەونەکانی کە کردی و ئەوەی لە ئەودا بینرا، لە پەڕتووکی پاشاکانی ئیسرائیل و یەهودا تۆمار کراون. ئیتر یەهۆیاکینی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
- 9یەهۆیاکین گەنجێکی هەژدە ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، سێ مانگ و دە ڕۆژ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد.
- 10لە بەهاری ساڵ نەبوخودنەسر پاشا ناردی بەدوایدا و لەگەڵ قاپوقاچاغە بەنرخەکانی پەرستگای یەزدان هێنای بۆ بابل و سدقیای مامی یەهۆیاکین بوو بە پاشای یەهودا و ئۆرشەلیم.
- 11سدقیا گەنجێکی بیست و یەک ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، یازدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد،
- 12لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگاری خۆی خراپەکاری کرد، لەبەردەم یەرمیا پێغەمبەر خۆی نزم نەکردەوە کە بە فەرمایشتی یەزدان ئاگاداری کردەوە.
- 13هەروەها لە نەبوخودنەسری پاشا هەڵگەڕایەوە پاش ئەوەی بە خودا سوێندی دا، جا کەللەڕەقی کرد و دڵی کرد بە بەرد لە ئاست گەڕانەوە بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل.
- 14تەنانەت هەموو کاهینە باڵاکان و گەل ناپاکی زۆریان کرد بەپێی هەموو نەریتە قێزەونەکانی نەتەوەکان، ئەو پەرستگایەی یەزدانیان گڵاوکرد کە یەزدان لە ئۆرشەلیمدا تەرخانی کردبوو.
- 15یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان بەردەوام لە ڕێگەی نێردراوەکانییەوە پەیامی بۆ دەناردن، چونکە بەزەیی بە گەلەکەی و بە ماڵەکەیدا هاتەوە.
- 16بەڵام گاڵتەیان بە نێردراوەکانی خودا کرد و نرخیان بۆ وشەکانی ئەو دانەنا و سووکایەتییان بە پێغەمبەرەکانی کرد، هەتا تووڕەیی یەزدان لە گەلەکەی ورووژا، بە ڕادەیەک کە چارەسەر نەبوو.
- 17ئیتر پاشای بابلییەکانی ناردە سەریان و لە پیرۆزگاکەیاندا گەنجەکانی ئەوانی بە شمشێر کوشت و بەزەیی بە کوڕ و کچی گەنج و پیر و ڕیش سپیدا نەهاتەوە، بەڵکو هەموویانی دا بە دەستی نەبوخودنەسرەوە.
- 18هەموو قاپوقاچاغەکانی پەرستگای خودا لە گەورە و بچووک، گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان، گەنجینەکانی پاشا و کاربەدەستەکانی، هەمووی بۆ بابل هێنا.
- 19پەرستگای خودایان سووتاند و شووراکەی ئۆرشەلیمیان ڕووخاند و هەموو کۆشکەکانیان سووتاند و هەموو قاپوقاچاغە بەهادارەکانیان لەناوبرد.
- 20ئەوانەی مانەوە و بە شمشێر نەکوژران، ڕاپێچی کردن بۆ بابل، جا بۆ خۆی و بۆ کوڕەکانی بوون بە خزمەتکار هەتا کاتی بەهێزبوونی شانشینی فارس.
- 21زەوییەکە بە تەواوی پشووی دا؛ لە ماوەی کاولبوونیدا پشووی دا هەتا تەواوبوونی حەفتا ساڵ، بەمەش فەرمایشتەکەی یەزدان هاتە دی کە لەسەر زاری یەرمیا فەرمووبووی.
- 22لە ساڵی یەکەمی کۆرشی پاشای فارس، بۆ بەدیهێنانی پەیامی یەزدان کە لەسەر زاری یەرمیاوە فەرمووبووی، یەزدان ڕۆحی کۆرشی پاشای فارسی هەژاند. ئینجا بانگەوازێکی بەناو هەموو شانشینەکەیدا ڕاگەیاند، هەروەها بە نووسراویش فەرمانی دا:
- 23«کۆرشی پاشای فارس ئاوا دەڵێت:
- «”یەزدان، خودای ئاسمان هەموو شانشینەکانی زەوی داوەتە دەستم، ڕایسپاردووم پەرستگایەکی لە ئۆرشەلیمی یەهودا بۆ بنیاد بنێم. هەرکەسێک لە ئێوە کە سەر بە گەلەکەی ئەوە، با یەزدانی پەروەردگاری خۆی لەگەڵ بێت و بڕوات.“»