
Season 21 · Episode 7
دووهم ههواڵی ڕۆژان ١٢: ١٠ - ١٥: ١٢
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
March 31, 202420m 50s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
دووهم ههواڵی ڕۆژان ١٢: ١٠ - ١٥: ١٢
- 10لەبەر ئەوە ڕەحەڤەعام پاشا لە جێی ئەوانە قەڵغانی بڕۆنزی دروستکرد و دایە دەستی سەرکردەی پاسەوانەکانی دەروازەی کۆشکی شاهانە.
- 11هەر کاتێک پاشا بۆ پەرستگای یەزدان دەچوو، پاسەوانەکان قەڵغانەکانیان هەڵدەگرت و لەگەڵیدا دەچوون، پاشان دەیانگەڕاندەوە ژووری پاسەوانەکان.
- 12لەبەر ئەوەی ڕەحەڤەعام خۆی نزم کردەوە، تووڕەییەکەی یەزدان دامرکایەوە و بە تەواوی لەناوی نەبرد، هەروەها هەندێک کاری چاکیش لە یەهودا بەدی کراوە.
- 13ڕەحەڤەعام پاشا دەسەڵاتی خۆی لە ئۆرشەلیم بەهێز کرد و بەردەوام بوو لە پاشایەتیکردنی، تەمەنی چل و یەک ساڵ بوو کاتێک بوو بە پاشا و حەڤدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ئەو شارەی کە یەزدان هەڵیبژارد لەنێو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا هەتا ناوی خۆی تێیدا دابنێت. دایکیشی ناوی نەعمای عەمۆنی بوو.
- 14ئەو خراپەکاری کرد، چونکە بە هەموو دڵ ڕووی لە خودا نەکردبوو.
- 15ڕووداوەکانی پاشایەتی ڕەحەڤەعام لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی لە تۆمارەکانی شەمەعیا پێغەمبەر و لە بینینەکانی عیدۆ دەربارەی ڕەچەڵەکەکان نووسراون. بەردەوام جەنگ لەنێوان ڕەحەڤەعام و یارۆڤعام هەبوو.
- 16ئیتر ڕەحەڤەعام لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری داود بە خاک سپێردرا، ئەبیای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
دووهم ههواڵی ڕۆژان ١٣
- 1لە هەژدەیەمین ساڵی پاشایەتی یارۆڤعام، ئەبیا بوو بە پاشای یەهودا.
- 2سێ ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی مەعکای کچی ئوریێل بوو، خەڵکی گیڤعا بوو.
- ئەوە بوو جەنگ لەنێوان ئەبیا و یارۆڤعام هەڵگیرسا.
- 3ئەبیا بە سوپایەکی چوار سەد هەزار جەنگاوەری توانادارەوە چووە ناو جەنگەکە، یارۆڤعامیش بەرەی بەست بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بە هەشت سەد هەزار جەنگاوەری هەڵبژاردەوە لە پیاوانی پاڵەوان.
- 4ئەبیا لەسەر کێوی چەمارایم کە لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمە ڕاوەستا و گوتی: «یارۆڤعام و هەموو ئیسرائیل گوێم لێ بگرن!
- 5ئایا نازانن کە یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل پاشایەتی ئیسرائیلی بە پەیمانی نمەک بە داود و نەوەکانی داوە بۆ هەتاهەتایە؟
- 6کەچی یارۆڤعامی کوڕی نەڤات، خزمەتکاری سلێمانی کوڕی داود هەستا و لە گەورەکەی یاخی بوو،
- 7جا کۆمەڵێک پیاوخراپ و سووکوچروک لێی کۆبوونەوە و خۆیان لە دژی ڕەحەڤەعامی کوڕی سلێمان بەهێز کرد و ڕەحەڤەعامیش گەنجێکی پێنەگەیشتوو بوو و خۆی لەبەردەمیاندا نەگرت.
- 8«ئێستاش ئێوە دەڵێن کە خۆتان لەبەردەم پاشایەتی یەزداندا ڕادەگرن کە بە دەستی نەوەی داودەوەیە. ڕاستە ئێوە کۆمەڵێکی زۆرن و گوێرەکە زێڕەکانیشتان لەگەڵدایە کە یارۆڤعام کردوونی بە خوداوەندەکانتان.
- 9بەڵام ئایا ئێوە کاهینەکانی یەزدان، نەوەکانی هارون و لێڤییەکانتان دەرنەکرد و وەک گەلانی خاکەکانی دیکە کاهینتان بۆ خۆتان دانەنا؟ ئەوەی بێت بۆ خۆتەرخانکردن بە جوانەگایەک و حەوت بەرانەوە، دەبێت بە کاهینی ئەوانەی کە خودا نین.
- 10«بەڵام سەبارەت بە ئێمە یەزدان خودامانە و وازمان لێ نەهێناوە. ئەو کاهینانەی کە خزمەتی یەزدان دەکەن، ئەوان نەوەی هارون و لێڤییەکان یارمەتییان دەدەن.
- 11هەموو بەیانییەک و ئێوارەیەک قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان دەکەن، بخووری بۆنخۆش دەسووتێنن و نانی تەرخانکراویش لەسەر مێزە زێڕە بێگەردەکە دادەنێن، چرادانە زێڕەکە و چراکانیشی هەموو ئێوارەیەک دادەگیرسێنن، چونکە ئێمە فەرمانەکانی یەزدانی پەروەردگاری خۆمان پاراستووە، بەڵام ئێوە وازتان لێ هێناوە.
- 12خودا لەگەڵماندایە و ئەو سەرکردەمانە. کاهینەکانی بە کەڕەنا دەستپێکی جەنگ لە دژی ئێوە ڕادەگەیەنن. جا ئەی نەوەی ئیسرائیل، لە دژی یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان مەجەنگن، چونکە سەرکەوتوو نابن.»
- 13پێشتر یارۆڤعام هێزێکی ناردبوو تاکو بسووڕێنەوە بۆ پشتی سوپای یەهودا. ئیتر کە یارۆڤعام بەرامبەر ڕیزی سوپای یەهودا بووەوە، بۆسەیەکیش لە پشتیانەوە بوو.
- 14کاتێک نەوەی یەهودا ئاوڕیان دایەوە، بینییان لەپێشەوە و لەپاشەوە ڕووبەڕووی جەنگ بوونەتەوە، ئیتر هاواریان بۆ یەزدان کرد. پاشان کاهینەکان کەڕەنایان لێدا و
- 15پیاوانی یەهودا نەعرەتەی جەنگیان کێشا. لە دەنگی نەعرەتە کێشانی جەنگیان، خودا لەبەردەم ئەبیا و پیاوانی یەهودا یارۆڤعام و هەموو ئیسرائیلی تێکشکاند.
- 16ئیتر نەوەی ئیسرائیل لەبەردەم یەهودا هەڵاتن و خودا ئەوانی دا بەدەستیانەوە.
- 17ئەبیا و سوپاکەی زیانێکی گەورەیان پێ گەیاند و پێنج سەد هەزار پیاوی هەڵبژاردە لە ئیسرائیل کوژران.
- 18لەو کاتەدا نەوەی ئیسرائیل زەلیل بوون و نەوەی یەهودا ورەیان بەرز بوو، چونکە پشتیان بە یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانیان بەستبوو.
- 19پاش ئەوەی ئەبیا یارۆڤعامی ڕاونا و شارۆچکەکانی بێتئێل و یەشانا و عەفرۆنی لێ سەند، لەگەڵ گوندەکانیان،
- 20یارۆڤعام چیتر لە ماوەی پاشایەتی ئەبیا بەهێز نەبووەوە و یەزدانیش لێیدا و مرد.
- 21بەڵام ئەبیا بەردەوام بەهێز بوو. چواردە ژنی هێنا و بیست و دوو کوڕ و شازدە کچی بوو.
- 22ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی ئەبیا، ئەوەی کردی و ئەوەی بەسەر لێویدا هات، لە پەڕتووکی لێکدانەوەی مێژووی عیدۆی پێغەمبەر تۆمار کراون.
دووهم ههواڵی ڕۆژان ١٤
- 1ئەبیا لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە و لە شاری داود نێژرا. ئیتر ئاسای کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا. لە سەردەمی پاشایەتی ئەو خاکەکە ماوەی دە ساڵ لە ئاشتیدا بوو.
- 2ئاساش ئەوەی لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگاری خۆی باش و ڕاست بوو کردی.
- 3قوربانگا نامۆکان و نزرگەکانی سەر بەرزایی تێکدا، بەردە تەرخانکراوەکانی شکاند، ستوونە ئەشێراکانی بڕییەوە.
- 4بە خەڵکی یەهودای گوت کە ڕوویان لە یەزدان بکەن، خودای باوباپیرانیان، کار بە فێرکردن و فەرمانەکانی بکەن.
- 5لە هەموو شارۆچکەکانی یەهوداش نزرگەکانی سەر بەرزاییەکان و قوربانگاکانی بخووری تێکدا، پاشایەتییەکە لە سایەیدا حەسایەوە.
- 6ئەو شارە قەڵابەندەکانی یەهودای ئاوەدان کردەوە، چونکە ئاشتی لە خاکەکەدا بەرقەرار بوو. لەو ساڵانە جەنگ ڕووی نەدا، چونکە یەزدان پاشای حەساندەوە.
- 7بە یەهودای گوت: «با ئەم شارۆچکانە بنیاد بنێینەوە، با دەوریان بە شوورا و قوللە و دەروازە و شمشیرە بگرین. خاکەکە هێشتا لەژێر دەستی ئێمەیە، چونکە ڕوومان لە یەزدانی پەروەردگارمان کردووە؛ ڕوومان لەو کرد و ئەویش لە هەموو لایەکەوە ئێمەی حەساندەوە.» ئیتر کاری بیناسازییان کرد و سەرکەوتوو بوون.
- 8ئاسا سوپایەکی سێ سەد هەزار کەسی پڕ چەککراوی بە قەڵغانی گەورە و ڕم هەبوو لە یەهودا، سوپایەکی دوو سەد و هەشتا هەزار کەسیشی لە تیرهاوێژ و قەڵغان بە دەست هەبوو لە بنیامین، هەر هەموویان پاڵەوانی بەهێز بوون.
- 9زەرەحی کوشی سوپایەکی بێشوماری بە سێ سەد گالیسکەوە لە دژیان جوڵاند و هەتا مارێشا هات.
- 10ئاساش چوو بۆ بەرەنگاربوونەوەیان و لە دۆڵی چەفیتا لەلای مارێشادا بۆ جەنگ ڕیزیان بەست.
- 11ئینجا ئاسا هاواری بۆ یەزدانی پەروەردگاری خۆی کرد و گوتی: «ئەی یەزدان، کەس وەک تۆ نییە یارمەتی لاوازەکان بدات لە دژی بە هێزەکان. ئەی یەزدانی پەروەردگارمان یارمەتیمان بدە، چونکە ئێمە پشتمان بە تۆ بەستووە و بە ناوی تۆوە هاتووین بۆ شەڕ لەگەڵ ئەم سوپا زەبەلاحە. ئەی یەزدان، تۆ خودامانیت، ڕێگا مەدە هیچ مرۆڤێک بەسەرتدا زاڵ بێت.»
- 12یەزدان لەبەردەم ئاسا و یەهودا کوشییەکانی تێکشکاند، جا کوشییەکان هەڵاتن و
- 13ئاسا و ئەو لەشکرەش کە لەگەڵی بوو هەتا گرار ڕاویان نان، کوشییەکان ئەوەندە کەسیان لێ کوژرا کە نەیانتوانی هەستنەوە، چونکە لەبەردەم یەزدان و سوپاکەی شکان. پیاوانی یەهودا تاڵانێکی زۆریان دەست کەوت.
- 14پاشان هەموو گوندەکانی دەوروبەری گراریان وێران کرد، چونکە ترسی یەزدان باڵی بەسەریاندا کێشابوو. هەموو شارۆچکەکانیشیان تاڵان کرد، چونکە تاڵانێکی زۆریان تێدابوو.
- 15هەروەها هێرشیان کردە سەر چادری شوان و وشترەوانەکان، مەڕ و بزن و وشتری زۆریان دایە پێش خۆیان و گەڕانەوە ئۆرشەلیم.
دووهم ههواڵی ڕۆژان ١٥
- 1ڕۆحی خودا هاتە سەر عەزەریای کوڕی عۆدێد و
- 2ئەویش چووە بەردەم ئاسا و پێی گوت: «ئەی ئاسا و هەموو یەهودا و بنیامین گوێم لێ بگرن، یەزدان هەتا لەگەڵیدا بن لەگەڵتاندا دەبێت، ئەگەر ڕووی لێ بکەن بۆتان دەردەکەوێت بەڵام ئەگەر بەجێی بهێڵن بەجێتان دەهێڵێت.
- 3ئیسرائیل ڕۆژانێکی زۆر بێ خودای ڕاستەقینە و بێ کاهینی مامۆستا و بێ فێرکردن بوون.
- 4بەڵام کە لە تەنگانەکەیاندا گەڕانەوە بۆ لای یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل و ڕوویان لەو کرد، بۆیان دەرکەوت.
- 5لەو سەردەمەدا کەس نەیدەتوانی بێ ترس گەشت بکات، چونکە نائارامییەکی زۆر باڵی بەسەر هەموو دانیشتووانی خاکەکاندا کێشابوو.
- 6ئیتر نەتەوەیەک بە نەتەوەیەکی دیکە لەناودەبردرا و شارێک بە شارێکی دیکە، چونکە خودا بە هەموو تەنگانەیەک هەراسانی کردبوون.
- 7بەڵام ئێوە بەهێزبن و دەستتان شل مەکەن، چونکە پاداشت هەیە بۆ کارەکەتان.»
- 8کە ئاسا گوێی لەم قسانە و لە پەیامەکەی عەزەریای کوڕی عۆدێد پێغەمبەر بوو، بەهێز بوو و بتە قێزەونەکانی لە هەموو خاکی یەهودا و بنیامین و ئەو شارۆچکانەی کە لە شاخەکانی ئەفرایمدا گرتنی، ڕیشەکێش کرد. قوربانگاکەی یەزدان ئەوەی بەردەم هەیوانەکەی پەرستگای یەزدانی نوێ کردەوە.
- 9ئینجا هەموو خەڵکی یەهودا و بنیامین و ئەو بیانییانەی کە لەگەڵیان بوون، لە ئەفرایم و مەنەشە و شیمۆن کۆی کردنەوە، چونکە لە ئیسرائیلەوە خەڵکێکی زۆر هاتبوونە پاڵی کاتێک بینیبوویان یەزدانی پەروەردگاری لەگەڵیدایە.
- 10لە مانگی سێی پازدەیەمین ساڵی پاشایەتی ئاسادا لە ئۆرشەلیم کۆبوونەوە و
- 11لەو ڕۆژەدا لەو دەستکەوتەی کە لەگەڵ خۆیان هێنابوویان، حەوت سەد مانگا و حەوت هەزار مەڕیان بۆ یەزدان سەربڕی و
- 12پەیمانێکیان بەست کە بە هەموو دڵ و بە هەموو گیانیانەوە ڕوویان لە یەزدان بکەن، خودای باوباپیرانی خۆیان،