PLAY PODCASTS
دووه‌م پاشایان ٢٣: ٢٨ - ٢٥: ٣٠
Season 18 · Episode 15

دووه‌م پاشایان ٢٣: ٢٨ - ٢٥: ٣٠

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

February 6, 202422m 44s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

دووه‌م پاشایان ٢٣: ٢٨ - ٢٥: ٣٠

  • 28ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یۆشیا و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.
  • 29لە سەردەمی پاشایەتیی یۆشیا، نێخۆی فیرعەونی میسر چوو لەلای ڕووباری فورات یارمەتی پاشای ئاشور بدات. یۆشیا پاشا چوو بەرەنگاری بێتەوە، بەڵام نێخۆ لە مەگیدۆ ڕووبەڕووی بووەوە و کوشتی.
  • 30خزمەتکارەکانی بە مردوویی لە مەگیدۆوە خستیانە ناو گالیسکەوە و هێنایانە ئۆرشەلیم، لە گۆڕەکەی خۆیدا ناشتیان. ئینجا گەلی خاکەکە یەهۆئاحازی کوڕی یۆشیایان برد و دەستنیشانیان کرد، لە جێی باوکی کردیانە پاشا.
  • 31یەهۆئاحاز گەنجێکی بیست و سێ ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، سێ مانگ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی حەموتەلی کچی یەرمیا بوو، خەڵکی لیڤنا بوو.
  • 32لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، هەروەک ئەوەی باوباپیرانی کردیان.
  • 33جا نێخۆی فیرعەون لە ڕیڤلە لە خاکی حەمات بەندی کرد، تاکو لە ئۆرشەلیم پاشایەتی نەکات. هەروەها سەرانەی بەسەر یەهودا سەپاند، سەد تالنت زیو و تالنتێک زێڕ.
  • 34هەروەها نێخۆی فیرعەون ئەلیاقیمی کوڕی یۆشیای لە جێی یۆشیای باوکی کردە پاشا و ناوەکەی گۆڕی بۆ یەهۆیاقیم، یەهۆئاحازیشی بردە میسر و لەوێ مرد.
  • 35یەهۆیاقیم بۆ ئەوەی زێڕ و زیوەکە بداتە فیرعەون کە داوای لێی کردبوو باجی خستە سەر خاکەکە بۆ کۆکردنەوەی زێڕ و زیو لە خەڵکەکە بەگوێرەی توانایان، ئەو زێڕ و زیوە بدەنە نێخۆی فیرعەون.
  • 36یەهۆیاقیم گەنجێکی بیست و پێنج ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، یازدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، ناوی دایکی زەڤیدای کچی پەدایا بوو، خەڵکی ڕومە بوو.
  • 37لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، هەروەک ئەوەی باوباپیرانی کردیان.

دووه‌م پاشایان ٢٤

  • 1لە سەردەمی پاشایەتیی یەهۆیاقیم نەبوخودنەسری پاشای بابل هێرشی کردە سەری، یەهۆیاقیم سێ ساڵ ملکەچی بوو، بەڵام پاشان هەڵگەڕایەوە و لێی یاخی بوو.
  • 2جا یەزدان چەتەکانی بابلی و ئارامی و مۆئابی و عەمۆنییەکانی ناردە سەری، ئەوانی ناردە سەر یەهودا تاکو بەپێی ئەو وشەیەی یەزدان کە لەسەر دەستی بەندە پێغەمبەرەکانی فەرمووبووی لەناوی ببەن.
  • 3بێگومان ئەوەش بەپێی فەرمانی یەزدان بوو لەسەر یەهودا، بۆ ئەوەی بەهۆی گوناهەکانی مەنەشەوە لەبەردەمی خۆی لایانببات، بەهۆی هەموو ئەوەی کردی.
  • 4هەروەها بەهۆی ئەو خوێنە بێتاوانەی کە ڕشتی و ئۆرشەلیمیشی پڕکرد لە خوێنی بێتاوان، ئینجا یەزدان نەیویست بیبەخشێت.
  • 5ڕووداوەکانی دیکەی پاشایەتی یەهۆیاقیم و هەموو ئەوەی کردی لە پەڕتووکی کاروباری ڕۆژانەی پاشاکانی یەهودا تۆمار کراون.
  • 6یەهۆیاقیم لەگەڵ باوباپیرانی سەری نایەوە، ئیتر یەهۆیاکینی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
  • 7پاشای میسریش جارێکی دیکە لە خاکەکەی خۆی دەرنەچوو، چونکە پاشای بابل لە دۆڵی میسرەوە هەتا ڕووباری فوراتی داگیر کردبوو، هەموو ئەو خاکەی کە هی پاشای میسر بوو.
  • 8یەهۆیاکین گەنجێکی هەژدە ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، سێ مانگ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد، دایکیشی ناوی نەحوشتای کچی ئەلناتان بوو، خەڵکی ئۆرشەلیم بوو.
  • 9ئەمیش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، هەروەک هەموو ئەوەی باوکی کردبووی.
  • 10لەو کاتەدا ئەفسەرەکانی نەبوخودنەسری پاشای بابل چوونە سەر ئۆرشەلیم و شارەکەیان گەمارۆ دا.
  • 11ئینجا نەبوخودنەسری پاشای بابل خۆی هاتە سەر شارەکە، لە کاتێکدا ئەفسەرەکانی گەمارۆیان دابوو.
  • 12یەهۆیاکینی پاشای یەهودا لەگەڵ دایکی و خزمەتکارەکانی و میرەکانی و کاربەدەستانی خۆیان ڕادەستی پاشای بابل کرد.
  • لە ساڵی هەشتەمی پاشایەتی نەبوخودنەسر پاشای بابل، یەهۆیاکینی دەستگیر کرد.
  • 13پاشان نەبوخودنەسر هەموو گەنجینەکانی پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشای بەتاڵ کرد، هەموو ئەو قاپوقاچاغە زێڕینانەشی برد کە سلێمانی پاشای ئیسرائیل لە پەرستگای یەزدان دروستی کردبوون، هەروەک یەزدان فەرمووی.
  • 14هەموو ئۆرشەلیم، بگرە هەموو ئەفسەر و جەنگاوەر و پیشەوەر و ئاسنگەرەکانی ڕاپێچ کرد، کە دە هەزار ڕاپێچکراو بوون. کەس نەمایەوە جگە لە ڕەشوڕووتەکانی گەلی خاکەکە.
  • 15نەبوخودنەسر یەهۆیاکینیشی ڕاپێچی بابل کرد، لەگەڵ دایکی پاشا و ژنەکانی پاشا و کاربەدەستەکانی و ڕابەرانی خاکەکە، لە ئۆرشەلیم بە دیلی گرتن و بۆ بابل ڕاپێچی کردن.
  • 16هەروەها پاشای بابل هەموو جەنگاوەرە توانادارەکانی دەستگیر کرد کە ژمارەیان حەوت هەزار بوو، هەروەها پیشەوەر و زێڕنگەرە شارەزاکانیش هەزار کەس بوون، هەموو پاڵەوانەکانی جەنگی ڕاپێچی بابل کرد.
  • 17پاشای بابل مەتەنیای مامی یەهۆیاکینی لە جێیەکەی کردە پاشا و ناوەکەشی گۆڕی بۆ سدقیا.
  • 18سدقیا گەنجێکی بیست و یەک ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، یازدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. دایکی ناوی حەموتەلی کچی یەرمیای خەڵکی لیڤنا بوو.
  • 19ئەمیش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، وەک هەموو ئەوەی یەهۆیاقیم کردی.
  • 20لەبەر تووڕەیی یەزدان بوو کە ئەمانە لە ئۆرشەلیم و لە یەهودا ڕوویدا، هەتا ئەوەی لەبەردەم خۆیدا دەریکردن.
  • ئەوە بوو سدقیا لە پاشای بابل یاخی بوو.

دووه‌م پاشایان ٢٥

  • 1ئیتر لە دەی مانگی دەی ساڵی نۆیەمی پاشایەتی سدقیا، نەبوخودنەسری پاشای بابل هەموو سوپاکەی بەرەو ئۆرشەلیم جوڵاند و لەوێ ئۆردوگای دامەزراند، لە چواردەوری قوللەی بنیاد نا.
  • 2هەتا ساڵی یازدەیەمی پاشایەتی سدقیا شارەکە لەژێر گەمارۆدا بوو.
  • 3لە نۆی مانگی چواردا قاتوقڕی لە شارەکە هێندە سەخت بوو کە نان نەبوو گەلی خاکەکە بیخۆن.
  • 4ئینجا شوورای شارەکە شکێنرا و هەموو جەنگاوەرەکان بە شەو بە ڕێگای دەروازەکەی نێوان دوو شووراکەی بەرامبەر باخچەی پاشادا هەڵاتن، هەرچەندە بابلییەکان لە چواردەوری شارەکە بوون. پاشا و ئەوانەی لەگەڵی بوون بە ڕێگای عەراڤادا هەڵاتن،
  • 5بەڵام سوپای بابلییەکان بەدوای پاشا کەوتن، لە دەشتی ئەریحا پێی گەیشتن. هەموو سوپاکەی پەرتەوازە بوو،
  • 6جا پاشایان بە دیل گرت.
  • بردیانە لای پاشای بابل لە ڕیڤلە، لەوێ دادگاییان کرد.
  • 7کوڕەکانی سدقیایان لەبەرچاوی خۆی کوشت، پاشان هەردوو چاویشیان دەرهێنا و بە زنجیری بڕۆنز کۆتیان کرد و بردیانە بابل.
  • 8لە حەوتی مانگی پێنجی ساڵی نۆزدەیەمی نەبوخودنەسری پاشای بابل، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی ئیمپراتۆر کە کاربەدەستی پاشای بابل بوو، هاتە ئۆرشەلیم.
  • 9پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا و هەموو ماڵەکانی ئۆرشەلیم و هەموو تەلارە گرنگەکانی سووتاند.
  • 10شووراکانی چواردەوری ئۆرشەلیمیش لەلایەن سوپای بابلییەکانەوە ڕووخێنران، ئەوانەی لەگەڵ فەرماندەی پاسەوانانی پاشا بوون.
  • 11پاشماوەی گەلیش ئەوانەی لە شارەکە مابوونەوە و ئەوانەی چووبوونە پاڵ پاشای بابل لەگەڵ پاشماوەی خەڵکەکە، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا ڕاپێچی کردن.
  • 12بەڵام فەرماندەی پاسەوانانی پاشا هەندێک لە خەڵکی ڕەشوڕووتی لە خاکەکە هێشتەوە بۆ کارکردن لە ڕەزەمێو و کێڵگەکان.
  • 13کۆڵەکە بڕۆنزییەکان و عەرەبانەکانی ئاوگواستنەوە و حەوزە بڕۆنزییەکە کە لە پەرستگای یەزدان بوون، بابلییەکان پارچەپارچەیان کردن، بڕۆنزەکەشیان بۆ بابل بارکرد.
  • 14هەروەها مەنجەڵ و خاکەناز، مەقەست، قاپەکان و هەموو ئەو قاپوقاچاغە بڕۆنزانەی لە خزمەتی پەرستگا بەکاردەهات.
  • 15فەرماندەی پاسەوانانی پاشا هەموو ئەو شتانەی برد کە لە زێڕ و زیو دروستکرابوون، بخووردان و تاسیشی برد.
  • 16بڕۆنزی دوو کۆڵەکەکە و حەوزەکە و عەرەبانەکانی ئاوگواستنەوە کە سلێمان بۆ پەرستگای یەزدان دروستی کردبوون، لە کێش نەدەهات.
  • 17هەر کۆڵەکەیەک هەژدە باڵ درێژییەکەی بوو. تاجێکی بڕۆنز لەسەر کۆڵەکەکە بوو، بەرزی تاجەکە سێ باڵ بوو، کەتیبە و هەنارەکانیش لەسەر تاجەکە و لە چواردەوری هەمووی لە بڕۆنز بوون. بۆ هەر یەکێک لە کۆڵەکەکان هەمان شت هەبوو لەگەڵ کەتیبەکەی.
  • 18فەرماندەکەی پاسەوانانی پاشا سەرایای سەرۆک کاهین و سەفەنیای کاهینی دووەم و سێ دەرگاوانەکەی گرت.
  • 19لە شارەکەش ئەو ئەفسەرەی گرت کە لێپرسراوی جەنگاوەرەکان بوو، پێنج ڕاوێژکاری پاشاشی گرت. هەروەها خامەی نهێنی سوپاسالاری گرت، ئەوەی بەرپرسی بە سەربازکردن بوو، لەگەڵ شەست پیاو کە لە شارەکە بەرچاو کەوتن.
  • 20نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا ئەوانەی بردە ڕیڤلە، بۆ لای پاشای بابل.
  • 21پاشای بابلیش لە ڕیڤلە لە خاکی حەمات کوشتنی.
  • ئینجا یەهودا لە خاکەکەی خۆی ڕاپێچ کرا.
  • 22بەڵام ئەو خەڵکەی لە خاکی یەهودا مانەوە، ئەوانەی نەبوخودنەسری پاشای بابل هێشتنییەوە، گەدەلیاهوی کوڕی ئەحیقامی کوڕی شافانی کرد بە لێپرسراویان.
  • 23کاتێک هەموو سەرلەشکرەکان خۆیان و پیاوەکانیان بیستیان کە پاشای بابل گەدەلیاهوی کردووە بە فەرمانڕەوا، هاتنە میچپا بۆ لای گەدەلیاهو، ئەوانیش ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆ و یۆحانانی کوڕی قارێیەح و سەرایای کوڕی تەنحومەتی نەتۆفایی و یازەنیاهوی کوڕی مەعکاتی، خۆیان و پیاوەکانیان.
  • 24گەدەلیاهوش سوێندی بۆ ئەوان و پیاوەکانیان خوارد، پێی گوتن: «لە کاربەدەستانی بابلییەکان مەترسن، لە خاکەکە نیشتەجێ بن و خزمەتی پاشای بابل بکەن، ئەوەی باشە بۆتان دەبێت.»
  • 25بەڵام لە مانگی حەوت ئیسماعیلی کوڕی نەتەنیاهۆی کوڕی ئەلیشاماع کە لە ڕەچەڵەکی شاهانە بوو، لەگەڵ دە پیاو هات و گەدەلیاهویان کوشت، هەروەها ئەو پیاوانەی یەهودا و ئەو بابلییانەشیان کوشت کە لە میچپا لەگەڵی بوون.
  • 26ئینجا هەموو گەل لە بچووکەوە هەتا گەورە و سەرکردەکانی سوپا هەستان و چوونە میسر، چونکە لە بابلییەکان ترسان.
  • 27لە ساڵی سی و حەوتەمینی ڕاپێچکردنی یەهۆیاکین، ئەڤیل مەرۆدەخ بوو بە پاشای بابل. هەر لەو ساڵە لە بیست و حەوتی مانگی دوازدە یەهۆیاکینی پاشای یەهودای لە زیندان ئازاد کرد.
  • 28بە باشی قسەی لەگەڵ کرد و کورسییەکەی لە سەرووی کورسی ئەو پاشایانەوە دانا کە لە بابل لەگەڵی بوون.
  • 29ئیتر یەهۆیاکین بەرگی زیندانییەکەی گۆڕی و بە درێژایی ماوەی ژیانی بەردەوام لەسەر خوانی پاشا نانی دەخوارد.
  • 30بە درێژایی ئەو ماوەیەی ژیانی ڕۆژ بە ڕۆژ بژێوی ڕۆژانەی لەلایەن پاشاوە پێدەدرا.