
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
حزقیال ٨: ٤ - ٩: ٤
- 4شکۆمەندی خودای ئیسرائیل لەوێ بوو، وەک ئەو بینینەی کە لە دەشتەکە بۆم ئاشکرا کرا.
- 5ئینجا پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، چاوت بەرەو ڕێگای باکوور هەڵبڕە.» چاوم بەرەو ڕێگای باکوور هەڵبڕی و ئەو پەیکەرەم بینی کە ئیرەیی خودا دەجۆشێنێت، لەلای دەرگای باکووری حەوشەی قوربانگاکە، بەرامبەر دەروازەی باکوور.
- 6پاشان پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بینیت چی دەکەن؟ ئەو قێزەونییە گەورانەی کە بنەماڵەی ئیسرائیل لێرە دەیکەن، بۆ ئەوەی لە پیرۆزگاکەم دوورم بخەنەوە؟ بەڵام هێشتا شتی قێزەونتریش دەبینیت.»
- 7ئینجا منی هێنایە بەر دەرگای حەوشەکە، جا تەماشام کرد و کونێکم لە دیوارەکە بینی.
- 8پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئێستا دیوارەکە هەڵکۆڵە.» منیش دیوارەکەم هەڵکۆڵی و دەرگایەکم بینییەوە.
- 9پێی فەرمووم: «بڕۆ ژوورەوە و ئەو نەریتە قێزەونە خراپانە ببینە کە لەوێ دەیکەن.»
- 10منیش چوومە ژوورەوە و سەیرم کرد، ئەوەتا شێوەی هەموو جۆرە خشۆکێک و گیانلەبەری گڵاو و هەموو بتەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل لەسەر دیوارەکە بە هەر چواردەوریدا وێنەی کێشراوە.
- 11حەفتا پیاو لە پیرانی بنەماڵەی ئیسرائیل لەبەردەمیان وەستابوون و یازەنیاهوی کوڕی شافانیش لە ناوەڕاستیان وەستابوو. هەرکەسێک بخووردانی خۆی بەدەستەوە بوو، بۆنی دووکەڵی بخووریش هەڵدەستا.
- 12پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بینیت پیرانی بنەماڵەی ئیسرائیل لە تاریکیدا چی دەکەن، هەرکەسە و لە نزرگەی بتەکەی خۆی؟ دەڵێن: ”یەزدان نامانبینێت، یەزدان خاکەکەی بەجێهێشتووە.“»
- 13ئینجا پێی فەرمووم: «هێشتا دەگەڕێیتەوە و کاری قێزەونتریش دەبینیت کە ئەوان دەیکەن!»
- 14پاشان منی هێنایە داڵانی دەروازەی ماڵی یەزدان، ئەوەی ڕووەو باکوورە، ئەوەتا ژنان دانیشتوون و بۆ تەمووز دەگریێن.
- 15پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، ئەمەت بینی؟ هێشتا دەگەڕێیتەوە و کاری قێزەونتریش دەبینیت.»
- 16ئینجا منی هێنایە حەوشەکەی ناوەوەی ماڵی یەزدان، ئەوەتا لەلای داڵانی پیرۆزگای یەزدان لەنێوان هەیوان و قوربانگاکە، نزیکەی بیست و پێنج پیاو پشتیان لە پەرستگای یەزدانە و ڕوویان لە ڕۆژهەڵاتە، ڕووەو ڕۆژهەڵات کڕنۆشیان بۆ خۆر بردووە.
- 17پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، بینیت؟ ئایا ئەو کردەوە قێزەونانەی بنەماڵەی یەهودا لێرە کردوویانە کەمە؟ سەرباری ئەوەش خاکەکەیان پڕکردووە لە ستەم و دەگەڕێنەوە بۆ پەستکردنم، ببینە چیلکە دار لە لووتیان نزیک دەکەنەوە.
- 18لەبەر ئەوە من بە تووڕەییەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵدا دەکەم، چاوەکانم بەزەییان نایەتەوە و دەستم لێیان ناپارێزم. ئەگەر بە دەنگی بەرز لە گوێمدا هاوار بکەن گوێیان لێ ناگرم.»
حزقیال ٩
- 1ئینجا گوێم لێ بوو بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد و فەرمووی: «پاسەوانانی شار بهێنن، هەرکەسە و چەکە لەناوبەرەکەی بە دەستییەوە بێت.»
- 2شەش پیاو لەلای دەروازەی سەرەوە هاتن کە ڕووەو باکوورە، هەریەکەشیان چەکە کوشندەکەی بە دەستییەوە بوو، پیاوێکیش کە کەتانی پۆشی بوو لە ناوەڕاستیان بوو، مەرەکەبدانی نووسەری بە قەدەوە بوو. هاتنە ژوورەوە و لەتەنیشت قوربانگا بڕۆنزییەکە ڕاوەستان.
- 3شکۆمەندی خودای ئیسرائیلیش لەو شوێنەی کە لێی بوو، لەسەر کەڕوبەکانەوە هەستا، بەرەو بەردەرگای پەرستگاکە ڕۆیشت، جا بانگی ئەو پیاوەی کرد کە کەتانی پۆشیبوو و مەرەکەبدانی نووسەری بە قەدەوە بوو،
- 4یەزدان پێی فەرموو: «بەناو شاری ئۆرشەلیمدا تێبپەڕە، نیشانە لە ناوچەوانی ئەو پیاوانە بدە کە دەناڵێنن و هەنسک هەڵدەکێشن لەبەر هەموو ئەو کارە قێزەونانەی کە لە ناوەڕاستی شارەکەدا دەکرێن.»