PLAY PODCASTS
حزقیال ١٦: ١٥ - ١٨: ٣٢
Season 43 · Episode 11

حزقیال ١٦: ١٥ - ١٨: ٣٢

گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee

May 24, 202522m 21s

Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.

Show Notes

حزقیال ١٦: ١٥ - ١٨: ٣٢

  • 15«”بەڵام تۆ پشتت بە جوانییەکەت و بە ناوبانگت بەست، لەشفرۆشیت کرد و لەشفرۆشییەکەتت بەسەر هەموو ڕێبوارێکدا ڕشت و جوانییەکەت بووە هی ئەو.
  • 16لە جلوبەرگەکەی خۆتت برد و نزرگە ڕازاوەکانی سەر بەرزاییەکانت بۆ خۆت دروستکرد و لەسەری لەشفرۆشیت کرد، شتێک کە نە بووە و نە دەبووایە ببێت.
  • 17کەلوپەلی جوانییەکەت لە زێڕ و زیوەکەی من برد کە پێم دایت و لەوان بتی نێرینەت دروستکرد و تۆ لەشفرۆشیت لەگەڵ کردن.
  • 18جلە نەخشێنراوەکانی خۆتت برد و ئەوانت پێ داپۆشی و زەیت و بخووری منت لەبەردەمیان دانا.
  • 19هەروەها ئەو خواردنەی کە بە تۆم دا، لە باشترین ئارد و زەیت و هەنگوین، تۆ لەبەردەم ئەو بتانە وەک بخووری بۆنخۆش پێشکەشت کرد، ئەمەش ئەوەیە کە ڕوویداوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
  • 20«”ئەو کوڕ و کچانەت برد کە بۆ منت ببوو، سەرت بڕین و بۆ بتەکانت کردە قوربانی، وەک خواردن پێشکەشی بتەکانت کردن. ئایا لەشفرۆشییەکەت بەس نەبوو؟
  • 21هاتیت و منداڵەکانی منیشت سەربڕی و بە ئاگر سووتاندنت بۆ بتەکان؟
  • 22لە هەموو نەریتە قێزەونەکانت و لەشفرۆشییەکەت، سەردەمی لاویێتیت بەبیر نەهاتەوە، ئەو کاتەی کە ڕووتوقووت بوویت و خەڵتانی خوێنی خۆت بوویت.
  • 23«”یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: قوڕبەسەر! قوڕبەسەر تۆ! دوای هەموو خراپەکانت،
  • 24تۆ بۆ خۆت گومەز و نزرگەی بەرزت لە هەموو گۆڕەپانێکدا دروستکرد.
  • 25لەسەر هەموو ڕێگایەک نزرگەی بەرزی خۆتت بنیاد نا و جوانییەکەتت گڵاوکرد، ناوگەڵت بۆ هەموو ڕێبوارێک کردەوە و لەشفرۆشیت زۆر کرد.
  • 26لەگەڵ خەڵکی میسری دراوسێت کە هەوەسبازن لەشفرۆشیت کرد و بە زیادکردنی بەدڕەوشتییەکەت پەستت کردم.
  • 27لەبەر ئەوە منیش دەستم بۆ ئێوە درێژ کرد و بەشە خاکەکەی تۆم کەم کردەوە و تۆم دایە دەست چاوبرسییەکان، ئەوانەی ڕقیان لێتە، کچانی فەلەستییەکان، کە شەرمیان لە ڕەفتاری تۆ دەکرد.
  • 28بەڵام کە تێر نەبوویت، هاتیت و لەگەڵ ئاشورییەکانیشدا لەشفرۆشیت کرد، لەگەڵ ئەوەشدا هەر تێر نەبوویت.
  • 29سەرەڕای ئەوەش لەشفرۆشییەکەتت هەتا خاکی بازرگانە بابلییەکان فراوان کرد، بەمەش هەر تێر نەبوویت.
  • 30«”یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: دڵت چەند نەخۆشە، کە هەموو ئەم کارانەت کرد، وەک کردەوەی لەشفرۆشێکی بەڕەڵا.
  • 31گومەزی خۆتت لەسەر هەموو ڕێگایەک بنیاد نا، نزرگەی بەرزیشت لە هەموو گۆڕەپانێک، بەڵام تۆ بە پێچەوانەی لەشفرۆشانەوە بوویت، چونکە کرێت ڕەت دەکردەوە.
  • 32«”ئەی ژنی بەدڕەوشت، ئەوەی کە لە جێی مێردەکەی بێگانان دەبات!
  • 33هەموو لەشفرۆشێک کرێ وەردەگرێت، بەڵام تۆ دیاریت دایە هەموو دۆستەکانی خۆت، بەرتیلت دانێ هەتا لە هەموو لایەکەوە بێن و داوێنپیسیت لەگەڵ بکەن.
  • 34جا لە لەشفرۆشییەکەتدا پێچەوانەی لەشفرۆشانی دیکە بوویت، چونکە بەدوای تۆ نەدەکەوتن بۆ لەشفرۆشی، بەڵکو تۆ کرێت دەدا و هیچ کرێیەک بە تۆ نەدەدرا، جا بە پێچەوانەوە بوویت.
  • 35«”جا ئەی لەشفرۆش، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرە،
  • 36یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: لەبەر ئەوەی پەردەی شەرمی خۆتت دادڕی و لە لەشفرۆشییەکەت لەگەڵ دۆستانت ڕووتیت دەرکەوت، هەروەها لەبەر هەموو بتە قێزەونەکانت کەوا خوێنی منداڵەکانت پێشکەش بە ئەوان کرد،
  • 37من هەموو دۆستانت کۆدەکەمەوە ئەوانەی بەچێژ بوویت بۆیان، لەگەڵ هەموو ئەوانەی خۆشت ویستن و هەموو ئەوانەی ڕقت لێیان بوو، هەموویان لەسەرت کۆدەکەمەوە و ڕووتیت بۆیان دەردەخەم، هەتا تەماشای هەموو ڕووتییەکەت بکەن.
  • 38من حوکمی ژنە داوێنپیسەکان و خوێنڕێژەکانت بەسەردا دەدەم و خوێنی تووڕەیی تۆڵەسێنەر و دڵگەرمی هەڵچوونی خۆمتان بەسەردا دەهێنم.
  • 39دەتدەمە دەستی دۆستەکانت، ئینجا گومەز و نزرگە بەرزەکانت دەڕووخێنن و جلەکانت لەبەر دادەکەنن. کەرەستەی خۆڕازاندنەوەکەت دەبەن و بە ڕووتوقووتی جێت دەهێڵن.
  • 40چەتە دەهێننە سەرت و بەردبارانت دەکەن و بە شمشێرەکانیان لەتوپەتت دەکەن.
  • 41خانووەکانت بە ئاگر دەسووتێنن و لەبەرچاوی زۆر ئافرەتان سزات دەدەن، لە لەشفرۆشی ڕات دەگرم و چیتر کرێ نادەیتە دۆستەکانت.
  • 42دوای ئەوە تووڕەیی خۆم لەسەرت هێور دەکەمەوە، جا ئیرەییم لەسەرت نامێنێت و هێمن دەبمەوە و چیتر تووڕە نابم.
  • 43«”لەبەر ئەوەی سەردەمی لاویێتیت بەبیر نەهاتەوە، بەڵکو بە هەموو ئەمانە تووڕەت کردم، جا منیش بێگومان کردەوەکانت بەسەر خۆتدا دەهێنمەوە. ئایا لەسەر هەموو نەریتە قێزەونەکانت بێ شەرمیت نەکردووە؟ ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
  • 44«”هەموو ئەوانەی بە پەند دەدوێن، لەبارەی تۆوە پەندێک دەهێننەوە و دەڵێن: ’دایک چۆن بێت کچیش وایە.‘
  • 45تۆ کچی دایکی خۆتیت کە ڕقی لە مێرد و منداڵەکانییەتی، هەروەها تۆ خوشکی خوشکەکانی خۆتیت کە ڕقیان لە مێرد و منداڵەکانی خۆیان بوو. دایکت حیتی بوو و باوکت ئەمۆری.
  • 46خوشکە گەورەکەت سامیرە بوو، کە لەگەڵ کچەکانی لای باکوورت نیشتەجێ بوو، خوشکە بچووکەکەشت سەدۆم بوو، کە لەگەڵ کچەکانی لای باشوورت نیشتەجێ بوو.
  • 47تۆ بە ڕێگای ئەواندا ڕۆیشتیت و وەک نەریتە قێزەونەکانی ئەوانت کرد، بەڵام وەک ئەوەی تەنها ئەوەندە کەم بێت، جا لە هەموو کارەکانت زووتر لەوان گەندەڵتر بوویت.
  • 48یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، سەدۆمی خوشکت و کچەکانی هەرگیز وەک تۆ و کچەکانی تۆیان نەکرد.
  • 49«”ئەمە تاوانی سەدۆمی خوشکت بوو: خۆی و کچەکانی لووتبەرز، زۆرخۆر، بێ خەم و کەمتەرخەم بوون، یارمەتی هەژار و نەداریان نەدەدا.
  • 50جا لە خۆیان بایی بوون و کارە قێزەونەکانیان لەبەردەمم ئەنجام دا، لەبەر ئەوە منیش هەروەک بینیت، ئەوانم داماڵی.
  • 51سامیرەش بە نیوەی گوناهەکانی تۆ گوناهی نەکرد، بەڵکو لەوان زیاتر کاری قێزەونت کرد و بە هەموو ئەو گڵاوییانەی کە کردت وات کرد خوشکەکانت لە چاو تۆدا ڕاستودروست بن.
  • 52ئەی ئەوەی خەریک بووی خوشکەکانت بێتاوان بکەیت، تۆش بەرگەی ئابڕووچوون بگرە. بە گوناهەکانت کە زیاتر لەوان پێیان گڵاو بوویت، خوشکەکانت لە تۆ ڕاستودروستترن، هەروەها شەرمەزاربە و دەست بە ئابڕووی خۆتەوە بگرە، چونکە وات کرد خوشکەکانت لە چاو تۆدا ڕاستودروست بن.
  • 53«”لەگەڵ ئەوەشدا ڕاپێچکراوان و بەختیاری سەدۆم و سامیرە و کچەکانیان دەگەڕێنمەوە، هەروەها ڕاپێچکراوان و بەختیاری تۆش لەنێو ئەواندا دەگەڕێنمەوە،
  • 54بۆ ئەوەی بەرگەی ئابڕووچوونت بگریت و شەرمەزار بیت لە هەموو ئەوەی کردت کە دڵنەوایی ئەوانت کرد.
  • 55خوشکەکانت، سەدۆم و کچەکانی و سامیرە و کچەکانی دەگەڕێنەوە دۆخی جارانیان. تۆ و کچەکانیشت دەگەڕێنەوە دۆخی جارانتان.
  • 56لە ڕۆژی فیزلێدانت بە دەمتدا نەدەهات باسی سەدۆمی خوشکت بکەیت،
  • 57بەر لە ئاشکرابوونی خراپەکاریت، وەک لە سەردەمی ڕیسوایی کچانی ئەدۆم و هەموو ئەوانەی دەوروبەری، کچانی فەلەستییەکان ئەوانەی لە هەموو لایەکەوە سووکایەتیت پێ دەکەن.
  • 58خۆت ئەنجامی بێ شەرمی و نەریتە قێزەونەکانت دەگریتە ئەستۆ. ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
  • 59«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: بە شایستەی ڕەفتارەکەت هەڵسوکەوتت لەگەڵدا دەکەم، لەبەر ئەوەی بە شکاندنی پەیمانەکەم سووکایەتیت بە سوێندی من کرد.
  • 60بەڵام من پەیمانەکەی خۆمت بەبیر دەهێنمەوە کە لە سەردەمی لاویێتیت لەگەڵ تۆدا گرێم دابوو، ئێستاش پەیمانێکی هەتاهەتاییت لەگەڵ دەبەستم.
  • 61ئینجا کردەوەکانی خۆت بیردەکەوێتەوە و شەرمەزار دەبیت کاتێک خوشکە گەورەکانت و خوشکە بچووکەکانت وەردەگریت، دەیانکەم بە کچی تۆ، بەڵام نەک بەگوێرەی پەیمانەکەی من لەگەڵ تۆ.
  • 62بەم جۆرە من پەیمانی خۆم لەگەڵ تۆدا دەبەستم، ئیتر تۆ دەزانیت کە من یەزدانم.
  • 63ئەو کاتەی کەفارەت بۆ هەموو کردەوەکانت دەکەم، ئینجا بیرت دەکەوێتەوە و شەرمەزار دەبیت، ئیتر لەبەر شەرمەزارییەکەت هەرگیز دەمت ناکەیتەوە. ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.“»

حزقیال ١٧

  • 1ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
  • 2«ئەی کوڕی مرۆڤ، مەتەڵێک و پەندێک بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل بهێنەوە و
  • 3بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: هەڵۆیەکی مەزنی باڵ بەهێزی شاپەڕ درێژی پەڕپەڕی ڕەنگاوڕەنگ هاتە لوبنان. لەسەر لووتکەی دار ئورزێک نیشتەوە،
  • 4بەرزترین چڵەکەشی قرتاند و هێنای بۆ خاکی بازرگانی و لە شاری بازرگانەکان چاندی.
  • 5«”هەروەها هەندێک تۆوی خاکەکەی ئێوەی برد و لە زەوییەکی بەپیتدا چاندی. بردی و لەدەم ئاوێکی زۆر وەک داری بی چاندی.
  • 6ڕوا و بوو بە دار مێوێکی پەل بڵاو و قەد کورت، لقەکانی بەرەو لای هەڵۆکە سووڕانەوە، ڕەگەکەشی لەژێر خۆیدا بوو، جا بوو بە دار مێو و لقی دا و چڵ و چرۆی کرد.
  • 7«”هەڵۆیەکی دیکە هەبوو، زل و باڵەکانی بەهێز و پەڕی زۆر بوو. ئیتر دار مێوەکە لەو شوێنەی کە تێیدا چێنرابوو ڕەگی درێژ کردەوە بۆ لای هەڵۆکە، لقیشی بەرەو لای ئەو هاویشت بۆ ئەوەی ئاوی لێ وەربگرێت.
  • 8ئەگەرچی لە کێڵگەیەکی باش و لە دەم ئاوی زۆردا چێنرابوو، هەتا لقەکانی نەشونما بکات و بەر بگرێت، ببێتە دار مێوێکی بڵاو.“
  • 9«بڵێ: ”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: ئایا سەرکەوتوو دەبێت؟ ئایا لە ڕەگەوە هەڵناکێشرێت و بەرەکەی ناڕنرێت هەتا وشک بێت؟ هەموو گەڵای لقەکانی وشک دەبێت پێویست بە بازووێکی بەهێز و خەڵکێکی زۆر ناکات هەتا لە ڕەگەوە هەڵیبکێشن.
  • 10ئەگەر بشچێنرێتەوە، ئایا گەشە دەکات؟ ئایا وەک ئەوەی بای ڕۆژهەڵات لێی دابێت بە تەواوی وشک نابێت؟ لەو شوێنەی لێی ڕواوە وشک نابێت؟“»
  • 11ئینجا فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
  • 12«بە بنەماڵەی یاخی بڵێ: ”ئایا لەم پەندە تێگەیشتن؟ بڵێ: پاشای بابل هاتە ئۆرشەلیم و پاشای یەهودا و میرەکانی برد و لەگەڵ خۆی ڕاپێچی کردن بۆ بابل.
  • 13ئینجا لە توخمی شاهانە کەسێکی هەڵبژارد و پەیمانێکی لەگەڵدا بەست و سوێندی دا. سەرەڕای ئەوەش، ڕابەرانی خاکەکەشی ڕاپێچ کرد
  • 14بۆ ئەوەی پاشایەتییەکە سووک بێت و بەرز نەبێتەوە و پەیمانەکەی نەشکێت و جێگیر بێت.
  • 15بەڵام پاشا لێی یاخی بوو بەوەی نێردراوانی خۆی بۆ میسر نارد بۆ ئەوەی ئەسپ و سوپایەکی گەورەی بداتێ. ئایا سەرکەوتوو دەبێت؟ ئایا ئەوەی ئەمە بکات دەرباز دەبێت؟ یان ئەوەی پەیمان بشکێنێت دەرباز دەبێت؟
  • 16«”یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، لە شوێنی ئەو پاشایەی کە کردی بە پاشا، ئەوەی سووکایەتی بە سوێندەکەی کرد و پەیمانەکەی شکاند، لەلای ئەو لە ناوەڕاستی بابل دەمرێت.
  • 17فیرعەونیش بە سوپای گەورە و خەڵکێکی بێشومارەوە ناتوانێ لە جەنگدا یارمەتی بدات، ئەو کاتەی سەنگەر لێ دەدرێت و قوللە بنیاد دەنرێت بۆ لەناوبردنی خەڵکێکی زۆر.
  • 18ئەوەی سووکایەتی بە سوێند کرد و پەیمانی شکاند، دەستی دایە دەست و سەرەڕای ئەوەش هەموو ئەمانەی کرد، دەرباز نابێت.
  • 19«”لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، سزای دەدەم لەبەر ئەوەی سووکایەتی بە سوێندەکەم کرد و پەیمانەکەی منی شکاند.
  • 20تۆڕی خۆمی بۆ دادەنێمەوە، بە داوی منەوە دەبێت و دەیهێنمە بابل و لەسەر ئەو ناپاکییەی لە منی کرد لەوێ حوکمی بەسەردا دەسەپێنم.
  • 21هەموو لەشکرە ڕاکردووەکەی بە شمشێر دەکوژرێن و ئەوانەش کە دەمێننەوە بەرەو ڕووی هەموو بایەک پەرتەوازە دەبن، جا ئێوە دەزانن کە من یەزدانم، ئەوەم فەرموو.
  • 22«”یەزدانی باڵادەست ئەمە دەفەرموێت: منیش لە لووتکەی دار ئورزێک لقێک دەبەم و دەیڕوێنم، چڵێک لە چڵەکانی لێ دەکەمەوە و لەسەر کێوێکی بەرزی سەرکەش دەیڕوێنم.
  • 23لە چیای بەرزی ئیسرائیل دەیڕوێنم، جا لقی لێ دەڕوێت و بەر دەگرێت و دەبێت بە دار ئورزێکی گەورە، هەموو جۆرە باڵندەیەک لەناوی نیشتەجێ دەبێت، هەموو باڵدارێک لەژێر سێبەری لقەکانی نیشتەجێ دەبێت.
  • 24ئەو کاتە هەموو درەختەکانی دەشتودەر دەزانن کە من یەزدانم ئەوەی داری بەرز نزم دەکاتەوە و داری نزم بەرز دەکاتەوە، ئەوەی سەوزەکەش وشک دەکات و چرۆ بە دارە وشکەکە دەکات.
  • «”من یەزدانم، ئەوەم فەرموو، هەروەها بەجێی دەهێنم.“»

حزقیال ١٨

  • 1فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم:
  • 2«بۆچی ئەم پەندە بەسەر خاکی ئیسرائیلدا هەڵدەدەن و دەڵێن:
  • «”باوکان بەرسیلەیان خوارد،
  • ددانی منداڵەکان ئاڵ دەبنەوە“؟
  • 3«یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، ئیتر بۆتان نابێت ئەم پەندە لە ئیسرائیلدا بهێننەوە و بڵێن،
  • 4چونکە هەموو گیانێک هی منە، گیانی باوک وەک گیانی منداڵ، هەردووکیان هی منن. ئەو کەسەی گوناه بکات، هەر ئەو کەسە دەمرێت.
  • 5«گریمان ئەگەر پیاوێکی ڕاستودروست هەبێت و
  • دادوەری و ڕاستودروستی بکات:
  • 6لە نزرگەی سەر چیاکان نەخوات و
  • چاوی بۆ بتەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل هەڵنەبڕێت؛
  • ژنی کەسێکی دیکە گڵاو نەکات و
  • لەگەڵ ئافرەت جووت نەبێت لە ڕۆژانی خوێنلێچوونی؛
  • 7ستەم لە کەس نەکات،
  • بەڵکو بارمتەی قەرزدار بگەڕێنێتەوە؛
  • ماڵی کەس زەوت نەکات،
  • بەڵکو نانی خۆی بداتە برسی و
  • جل بکاتە بەر ڕووت؛
  • 8پارە بە سوو نەدات و
  • نرخی شتومەک گران نەکات؛
  • دەستی لە ستەمکاری بگێڕێتەوە و
  • لەنێوان مرۆڤ و مرۆڤدا دڵسۆزانە دادوەری بکات.
  • 9فەرزەکانم پەیڕەو بکات و
  • بە ڕەوایی حوکمەکانم بەجێبهێنێت.
  • ئەوا ئەو پیاوە ڕاستودروستە،
  • بێگومان دەژیێت.»
  • ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
  • 10«گریمان ئەگەر کوڕێکی هەبێت، توندوتیژی یان خوێنڕێژی بکات، یان یەکێکی دیکە لەم کارانەی
  • 11کە باوکی نەیکردووە:
  • «لە نزرگەی سەر چیاکان بخوات،
  • ژنی کەسێکی دیکە گڵاو بکات،
  • 12ستەم لە هەژار و نەدار بکات،
  • شتی خەڵکی زەوت بکات،
  • قەرز نەداتەوە،
  • چاوی بۆ بتەکان هەڵببڕێت،
  • کاری قێزەون ئەنجام بدات،
  • 13پارە بە سوو بدات و نرخی شتومەک گران بکات.
  • ئایا دەژیێت؟ ناژیێت! لەبەر ئەوەی هەموو ئەم کارە قێزەونانەی کردووە، بێگومان دەکوژرێت، خوێنی لە ملی خۆی دەبێت.
  • 14«بەڵام گریمان ئەگەر ئەو کوڕەش کوڕێکی بوو و هەموو گوناهەکانی باوکی بینی کە کردی و وەک ئەوی نەکرد:
  • 15«لە نزرگەی سەر چیاکان نەخوات،
  • چاوی بۆ بتەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل هەڵنەبڕێت،
  • ژنی کەسێکی دیکە گڵاو نەکات،
  • 16ستەم لە کەس نەکات،
  • داوای بارمتە نەکات و
  • هیچ شتێک زەوت نەکات،
  • بەڵکو نانی خۆی بداتە برسی و
  • جل بکاتە بەر ڕووت،
  • 17دەستی لە ستەمکاری بگێڕێتەوە،
  • سوو وەرنەگرێت و نرخی شتومەک گران نەکات،
  • بەڵکو حوکمەکانم بەجێبهێنێت و فەرزەکانم پەیڕەو بکات.
  • ئەو بە تاوانی باوکی نامرێت، بێگومان دەژیێت.
  • 18بەڵام باوکی لەبەر ئەوەی ستەمی کردووە و ماڵی براکەی زەوت کردووە و ئەوەی باش نییە لەنێو گەلەکەی کردوویەتی، ئەو بە تاوانی خۆی دەمرێت.
  • 19«ئێوە دەڵێن: ”بۆچی کوڕ تاوانی باوکی هەڵناگرێت؟“ کە کوڕ ڕاستودروستی و دادپەروەری ئەنجام داوە، هەموو فەرزەکانی منی بەجێهێناوە و کاری پێ کردووە، لەبەر ئەوە بێگومان دەژیێت.
  • 20ئەو کەسەی گوناه دەکات، هەر ئەو کەسە دەمرێت. کوڕ تاوانی باوکی هەڵناگرێت و باوکیش تاوانی کوڕەکەی هەڵناگرێت. کەسی ڕاستودروست ڕاستییەکەی بۆ خۆیەتی و کەسی خراپەکاریش خراپەکەی بۆ خۆیەتی.
  • 21«بەڵام ئەگەر خراپەکار لە هەموو گوناهەکانی کە کردوویەتی گەڕایەوە، هەموو فەرزەکانی منی بەجێهێنا و دادوەری و ڕاستودروستی ئەنجام دا، بێگومان دەژیێت و نامرێت.
  • 22هەموو یاخیبوونەکانی کە کردوویەتی باس ناکرێن، بەو کردارە ڕاستودروستانەی کە کردوویەتی دەژیێت.
  • 23یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: ئایا من بە مردنی خراپەکار دڵخۆش دەبم؟ ئایا شادمان نیم کە لە ڕەفتارەکانی بگەڕێتەوە و بژیێت؟
  • 24«لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر مرۆڤی ڕاستودروستیش لە ڕاستودروستییەکەی گەڕایەوە و تاوان ئەنجام بدات و وەک هەموو کردەوە قێزەونەکانی خراپەکار بکات، ئایا دەژیێت؟ هەموو ئەو کردارە ڕاستودروستانەی کە کردوویەتی باس ناکرێن. بەو ناپاکییەی کە کردوویەتی و بەو گوناهەی کە ئەنجامی داوە دەمرێت.
  • 25«ئێوەش دەڵێن: ”ڕێگای پەروەردگار دادپەروەرانە نییە.“ ئێستا ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ بگرن: ئایا ڕێگای من دادپەروەرانە نییە؟ یان ڕێگاکانی ئێوە دادپەروەرانە نین؟
  • 26ئەگەر کەسی ڕاستودروست لە ڕاستودروستییەکەی خۆی بگەڕێتەوە و تاوان ئەنجام بدات، ئەوا بەهۆیەوە دەمرێت، بەهۆی ئەو تاوانەی کە ئەنجامی داوە دەمرێت.
  • 27بەڵام ئەگەر خراپەکار لە خراپەکەی کە کردوویەتی بگەڕێتەوە، دادوەری و ڕاستودروستی ئەنجام بدات، ئەوا ژیانی خۆی دەپارێزێت.
  • 28لەبەر ئەوەی هەموو یاخیبوونەکانی خۆی کە کردبووی بینی و لێیان گەڕایەوە، ئەوا بێگومان دەژیێت و نامرێت.
  • 29بنەماڵەی ئیسرائیلیش دەڵێن: ”ڕێگای پەروەردگار دادپەروەرانە نییە.“ ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا ڕێگاکانی من دادپەروەرانە نین؟ یان ڕێگاکانی ئێوە دادپەروەرانە نین؟
  • 30«لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، دادگاییتان دەکەم، هەریەکەتان بەگوێرەی ڕەفتاری خۆی. تۆبە بکەن و لە هەموو یاخیبوونەکانتان بگەڕێنەوە و تاوان نابێت بە کۆسپ لە ڕێگاتان.
  • 31هەموو یاخیبوونەکانتان کە پێی یاخیبوون فڕێبدەن، دڵێکی تازە و ڕۆحێکی تازە بۆ خۆتان بەدەستبهێنن. ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، بۆچی بمرن؟
  • 32چونکە من بە مردنی هیچ کەسێک دڵخۆش نابم، جا تۆبە بکەن و بژین! ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.