
Season 20 · Episode 12
یهكهم ههواڵی ڕۆژان ٢٨: ١٤ - ٢٩: ٣٠
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
March 24, 202419m 8s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
یهكهم ههواڵی ڕۆژان ٢٨: ١٤ - ٢٩: ٣٠
- 14کێشی زێڕ و زیوی ئەو قاپوقاچاغە زێڕین و زیوینەی دیاری کرد کە لە خزمەتە جۆراوجۆرەکاندا بەکاردەهێنران:
- 15کێشی چرادانە زێڕینەکە و چراکانیشیان کە لە زێڕ بوو، کێشی زێڕ بۆ هەر چرادانێک و چراکانی؛ بۆ چرادانە زیوینەکانیش، کێشی زیو بۆ هەر چرادانێک و چراکانی، بەپێی جۆری خزمەتی هەر چرادانێک؛
- 16کێشی زێڕ بۆ هەر مێزێکی نانی تەرخانکراو؛ کێشی زیویش بۆ مێزە زیوینەکان؛
- 17کێشی زێڕی بێگەرد بۆ چەنگاڵ و تاس و دۆلکەکان؛ بۆ جامە زێڕینەکانیش کێش بۆ هەر جامێک و بۆ جامە زیوینەکانیش کێش بۆ هەر جامێک؛
- 18کێشی زێڕی پوختەکراویش بۆ قوربانگای بخوورەکە. هەروەها نەخشەی گالیسکەی کەڕوبەکانی پێدا، کە باڵیان کردووەتەوە و سێبەریان بۆ سندوقی پەیمانی یەزدان کردووە.
- 19داود گوتی: «هەموو ئەمانەم نووسیوەتەوە سروشی یەزدانە بۆ من، ڕوونکردنەوەکانی ئەم نەخشەیەش یەزدان تێیگەیاندم.»
- 20هەروەها داود بە سلێمانی کوڕی گوت: «بەهێزبە و ئازابە، کار بکە و مەترسە، ورە بەرمەدە، چونکە یەزدانی پەروەردگار، خودای من لەگەڵتدایە. ئەو وازت لێ ناهێنێت و بەجێت ناهێڵێت هەتا هەموو کارەکانی خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان تەواو دەکەیت.
- 21بەشەکانی کاهین و لێڤییەکان بۆ هەموو خزمەتێکی پەرستگای خودا ئامادەن، هەموو وەستایەکی شارەزا و خۆبەخشت لەگەڵدایە بۆ هەموو کارێک، سەرکردەکان و هەموو گەلیش پەیڕەوی هەموو فەرمانێکی تۆ دەکەن.»
یهكهم ههواڵی ڕۆژان ٢٩
- 1پاشان داودی پاشا بە هەموو کۆمەڵەکەی گوت: «سلێمانی کوڕم، ئەوەی کە خودا هەڵیبژاردووە، گەنجێکی پێنەگەیشتووە. کارەکەش گەورەیە، چونکە پەرستگاکە بۆ مرۆڤ نییە، بەڵکو بۆ یەزدانی پەروەردگارە.
- 2منیش بە هەموو توانامەوە ئەمانەم بۆ پەرستگای خودام ئامادە کردووە، زێڕ بۆ زێڕنگەری، زیو بۆ زیوگەری، بڕۆنز بۆ بڕۆنزگەری، ئاسن بۆ ئاسنگەری، تەختە بۆ دارتاشی، بڕێکی زۆر لە بەردی عاشقبەند و بەردە پیرۆزە و چەندین جۆرە بەردی ڕەنگاوڕەنگ، هەروەها هەموو جۆرە بەردێکی باش و مەڕمەڕی سپی.
- 3لەسەر هەموو ئەوەی بۆ پەرستگا پیرۆزەکە ئامادەم کردووە، لەبەر خۆشحاڵیم بە پەرستگای خوداکەم، ئێستا گەنجینەیەکی تایبەتی خۆشم لە زێڕ و زیو دەبەخشم:
- 4سێ هەزار تالنت زێڕ لە زێڕی ئۆفیر و حەوت هەزار تالنت زیوی پوختەکراو بۆ ڕووکەشکردنی دیواری تەلارەکان و
- 5هەر کارێک کە بە زێڕ و زیو دەکرێت، هەموو کارێکی دەستی وەستا پیشەوەرەکانیش. ئێستا کێ خوازیارە خۆی بۆ یەزدان تەرخان بکات؟»
- 6ئینجا گەورەی بنەماڵە و سەرۆک هۆزەکانی ئیسرائیل و فەرماندەی هەزاران و سەدان، لێپرسراوانی کارەکانی پاشاش هەموویان بە خواستی خۆیان پیتاکیان بەخشی.
- 7بۆ کاری بیناسازی پەرستگای خودا پێنج هەزار تالنت زێڕ و دە هەزار درهەمی زێڕ، دە هەزار تالنت زیو، هەژدە هەزار تالنت بڕۆنز و سەد هەزار تالنت ئاسنیان بەخشی.
- 8ئەوەی بەردی گرانبەهای هەبوو دایە گەنجینەی پەرستگای یەزدان کە یەحیێلی گێرشۆنی بەرپرسی بوو.
- 9گەل بە بەخشندەیی ڕابەرەکانیان دڵخۆش بوون، چونکە بە هەموو دڵیانەوە پیتاکەکانیان بە یەزدان بەخشی، داودی پاشاش زۆر دڵخۆش بوو.
- 10داود لەبەردەم هەموو کۆمەڵەکە ستایشی یەزدانی کرد و گوتی:
- «ستایش بۆ تۆ ئەی یەزدان،
- خودای ئیسرائیل، باوکمانی
- لە ئەزەلەوە و بۆ هەتاهەتایە.
- 11ئەی یەزدان، بۆ تۆیە گەورەیی و توانا،
- مەزنی و پایەبەرزی و شکۆ،
- چونکە هەموو ئەوەی لە ئاسمان و لە زەویدایە هی تۆیە.
- ئەی یەزدان، پاشایەتی هی تۆیە و
- تۆ هەرەبەرزیت و لە هەمووان پایەبەرزتری.
- 12دەوڵەمەندی و ڕێز لەلای تۆوە دێن،
- تۆ فەرمانڕەوای هەمووانیت.
- هێز و توانا لە دەستی تۆدان
- تاکو هەمووان بەهێز و ورەبەرز بکەیت.
- 13ئێستاش ئەی خودای ئێمە، سوپاست دەکەین و
- ستایشی ناوە شکۆدارەکەت دەکەین.
- 14«بەڵام من کێم و گەلەکەم کێیە هەتا بتوانین بەم دڵفراوانییەوە ببەخشین؟ هەموو شتێک لە تۆوە دێت، لەوەی کە هی تۆیە بە تۆمان بەخشییەوە.
- 15ئێمە لەبەرچاوی تۆدا نامۆین و وەک هەموو باوباپیرانمان ئاوارەین. ڕۆژانمان لەسەر زەوی وەک سێبەرن و ئومێدیش نییە.
- 16ئەی یەزدانی پەروەردگارمان، هەموو ئەم سامانەی کە ئامادەمان کردووە بۆ ئەوەی پەرستگایەک بۆ ناوی پیرۆزت بنیاد بنێین، هەمووی لە تۆوە هاتووە و هەموو شتێکیش هی تۆیە.
- 17خودایە من دەزانم کە تۆ دڵەکان تاقی دەکەیتەوە و بە دڵی پاک دڵخۆش دەبیت. من بە خواستی خۆم و بە ڕاستگۆییەوە هەموو ئەم شتانەم بەخشیوە. ئێستاش دڵخۆش بووم کە گەلەکەی تۆم لێرە بینی چۆن بە خواستی دڵی خۆیان پیتاکیان پێ بەخشیت.
- 18ئەی یەزدان، خودای ئیبراهیم و ئیسحاق و ئیسرائیلی باوباپیرانمان، ئەم بیرکردنەوەیە بۆ هەتاهەتایە لە دڵی گەلەکەتدا بپارێزە و دڵیان بەلای خۆتدا ڕابکێشە.
- 19هەروەها وا بکە سلێمانی کوڕم پڕ بە دڵ فەرمان و یاسا و فەرزەکانت بەجێبهێنێت، هەموویان پەیڕەو بکات و ئەو پەرستگایە بنیاد بنێت کە ئامادەکاریم بۆی کردووە.»
- 20پاشان داود بە هەموو کۆمەڵەکەی گوت: «تکایە ستایشی یەزدانی پەروەردگارتان بکەن.» ئینجا هەموو کۆمەڵەکە ستایشی یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانی خۆیان کرد و بە چۆکدا هاتن و کڕنۆشیان بۆ یەزدان و پاشا برد.
- 21پاشان لە ڕۆژی دواتر قوربانییان بۆ یەزدان سەربڕی و قوربانی سووتاندنیان بۆ یەزدان سەرخست، هەزار گا و هەزار بەران و هەزار بەرخی نێر لەگەڵ شەرابە پێشکەشکراوەکانیان و قوربانی سەربڕاوی زۆر بۆ هەموو ئیسرائیل.
- 22جا لەو ڕۆژەدا بە ئەوپەڕی خۆشییەوە لەبەردەم یەزدان خواردیان و خواردیانەوە.
- پاشان دووبارە سلێمانی کوڕی داودیان وەک پاشا ڕاگەیاند و وەک فەرمانڕەوایەک لەلایەن یەزدانەوە دەستنیشان کرا، سادۆقیش وەک کاهین دانرایەوە.
- 23ئیتر سلێمان وەک پاشا لەسەر کورسی یەزدان دانیشت، لە جێی داودی باوکی. سەرکەوتوو بوو و هەموو ئیسرائیلیش گوێڕایەڵی بوون.
- 24هەروەها هەموو سەرکردە و پاڵەوان و سەرجەم کوڕەکانی داودی پاشا سوێندیان خوارد ملکەچی سلێمانی پاشا بن.
- 25یەزدانیش سلێمانی لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل زۆر مەزن کرد، شکۆیەکی شاهانەی وای پێدا کە پێش خۆی لە ئیسرائیل نەدرابووە هیچ پاشایەکی دیکە.
- 26داودی کوڕی یەسا پاشایەتی هەموو ئیسرائیلی کرد،
- 27ئەو ماوەیەش کە پاشایەتی ئیسرائیلی کرد چل ساڵ بوو، حەوت ساڵ لە حەبرۆن و سی و سێ ساڵیش لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد.
- 28لە تەمەنێکی باشی پیریدا مرد و لە ژیان و دەوڵەمەندی و ڕێز، تێری خواردبوو. پاشان سلێمانی کوڕی لەدوای خۆی بوو بە پاشا.
- 29ڕووداوەکانی پاشایەتی داود لە سەرەتاوە هەتا کۆتایی لە پەڕتووکی تۆمارەکانی ساموئێلی پێشبینیکەر و لە تۆمارەکانی ناتانی پێغەمبەر نووسراون، هەروەها لە تۆمارەکانی گادی پێشبینیکەر،
- 30لەگەڵ هەموو وردەکارییەکانی پاڵەوانیێتی و پاشایەتییەکەی و هەموو ئەو ڕۆژگارانەشی کە بەسەر خۆی و بەسەر ئیسرائیل و هەموو پاشایەتییەکانی خاکەکاندا تێپەڕین.