
Season 16 · Episode 11
سامۆئێلی دووهم ١٩: ١ - ٢٠: ٢٦
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
January 7, 202421m 43s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
سامۆئێلی دووهم ١٩: ١ - ٢٠: ٢٦
- 1پاشان بە یۆئاب ڕاگەیەنرا: «پاشا دەگریێت و شیوەن بۆ ئەبشالۆم دەگێڕێت.»
- 2ئەو ڕۆژە سەرکەوتنەکە لەلای هەموو سوپا بووە شیوەن، چونکە سەربازەکان لەو ڕۆژەدا گوێیان لێبوو گوترا: «پاشا بۆ کوڕەکەی دڵتەنگ بووە.»
- 3جا لەو ڕۆژەدا سەربازەکان وەک سوپایەکی شەرمەزاری هەڵاتوو لە جەنگدا بەدزییەوە گەڕانەوە ناو شارەکە.
- 4پاشاش ڕووی خۆی داپۆشی و بە دەنگێکی بەرز هاواری کرد: «کوڕەکەم ئەبشالۆم! ئەبشالۆم کوڕەکەم، کوڕەکەم!»
- 5ئینجا یۆئاب لە ماڵی پاشا چووە ژوورەوە و گوتی: «ئەمڕۆ ڕووی هەموو خزمەتکارەکانت شەرمەزار کرد، ئەوانەی لەم ڕۆژەدا دەربازکەری ژیانی خۆت و ژیانی کوڕ و کچ و ژن و کەنیزەکانت بوون.
- 6ئەوانەی ڕقیان لێت دەبێتەوە خۆشت دەوێن، ئەوانەش کە تۆیان خۆشدەوێت ڕقت لێیان دەبێتەوە. ئەمڕۆ دەرتخست کە تۆ سەرکردە و خزمەتکارەکانت بەلاوە هیچ نییە، لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ زانیم ئەگەر ئەبشالۆم زیندوو بووایە و ئێمە هەموومان بمردبووینایە ئەوسا کارەکەت بە دڵ دەبوو.
- 7ئێستاش هەستە و بڕۆ دەرەوە دڵی خزمەتکارەکانت بدەوە، چونکە بە یەزدانی زیندوو، ئەگەر نەچیتە دەرەوە، ئەمشەو کەس لەگەڵت نامێنێتەوە، ئەوەش لە هەموو ئەو خراپانەی لە گەنجییەوە هەتا ئێستا تووشت بوون خراپتر دەبێت لەسەرت.»
- 8ئیتر پاشا هەستا و لە دەروازەکەدا دانیشت، بە هەموو گەل ڕاگەیەنرا: «ئەوەتا پاشا لە دەروازەکەدا دانیشتووە.»
- جا هەموو گەل هاتنە بەردەم پاشا.
- ئیسرائیلییەکانیش هەریەکە و بۆ چادرەکەی خۆی هەڵاتبوون.
- 9لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا گەل مشتومڕیان بوو و دەیانگوت: «پاشا لە دەست دوژمنەکانمان فریامان کەوت، ئەو بوو کە لە دەست فەلەستییەکان دەربازی کردین، ئێستاش ئەو بەهۆی ئەبشالۆمەوە لە خاکەکەوە هەڵاتووە.
- 10ئەبشالۆمیش ئەوەی بەسەر خۆمانەوە دەستنیشانمان کرد لە جەنگدا مرد، بۆچی سەبارەت بە هێنانەوەی پاشا بێدەنگن؟»
- 11داودی پاشا پەیامی بۆ هەردوو کاهینەکە، سادۆق و ئەبیاتار نارد و گوتی: «لەگەڵ پیرانی یەهودا بدوێن و بڵێن: ”بۆچی دواهەمین کەس دەبن لە گەڕاندنەوەی پاشا بۆ کۆشکەکەی، چونکە هەموو ئەوەی ئیسرائیل گوتیان گەیشتە پاشا کە لە ئۆردوگاکەی بوو؟
- 12ئێوە برای منن و لە گۆشت و خوێنی منن، ئیتر بۆچی لە گەڕاندنەوەی پاشا دواهەمین کەس دەبن؟“
- 13هەروەها بە عەماسا بڵێن: ”ئایا تۆ لە گۆشت و خوێنی من نیت؟ با خودا توندترین سزام بدات، ئەگەر لەمەودوا لەلای من لە جێی یۆئاب نەبیتە فەرماندەی گشتی سوپا.“»
- 14جا دڵی هەموو پیاوانی یەهودای وەک یەک پیاو بەلای خۆیدا ڕاکێشا، ئەوانیش بەدوای پاشادا ناردیان و گوتیان: «خۆت و هەموو خزمەتکارەکانت بگەڕێنەوە.»
- 15لەبەر ئەوە پاشا گەڕایەوە و هاتە ڕووباری ئوردون.
- پیاوانی یەهوداش هاتنە گلگال و چوونە پێشوازی پاشا، بۆ ئەوەی لە ڕووباری ئوردون بپەڕێتەوە.
- 16شیمعی کوڕی گێرای بنیامینی کە خەڵکی بەحوریمە، دەستپێشخەری کرد و لەگەڵ پیاوانی یەهودا بۆ پێشوازی داودی پاشا دابەزین،
- 17هەزار پیاویش لە بنیامین لەگەڵیدا بوون، لەگەڵ چیڤای خزمەتکاری ماڵی شاول، هەر پازدە کوڕەکەی و بیست خزمەتکارەکەی لەگەڵیدا بوون، هەموویان بە پەلە چوونە سەر ڕووباری ئوردون، بۆ لای پاشا.
- 18ئینجا لە تەنکاییەکە پەڕینەوە بۆ ئەوەی ماڵی پاشا بپەڕێننەوە و هەرچییەک پاشا بەلایەوە پەسەند بوو ئەنجامی بدەن.
- شیمعی کوڕی گێراش کاتێک لە ڕووباری ئوردون پەڕییەوە لەبەردەم پاشادا بە ڕوودا کەوت،
- 19بە پاشای گوت: «با گەورەم تاوانم لەسەر نەژمێرێت. ئەو هەڵە گەورەیەی خزمەتکارەکەت بە یاد مەهێنەرەوە کە لە ڕۆژی چوونەدەرەوەی پاشای گەورەم لە ئۆرشەلیم کردی. با پاشا ئەوە لە دڵی خۆی نەگرێت.
- 20لەبەر ئەوەی خزمەتکارەکەت دەزانێت کە گوناهی کردووە، هەر بۆیە من ئەمڕۆ یەکەم کەسم لە هەموو بنەماڵەی یوسف کە بۆ پێشوازی پاشای گەورەم دابەزیوم.»
- 21ئەبیشەی کوڕی چەرویاش وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئایا لەبەر ئەمە نابێت شیمعی بکوژرێت کە نەفرەتی لە دەستنیشانکراوی یەزدان کردووە؟»
- 22داودیش گوتی: «کوڕانی چەرویا، ئەمە چ پەیوەندییەکی بە ئێوەوە هەیە؟ بە چ مافێک دەست لە کاروبارم وەردەدەن؟ ئایا ئەمڕۆ کەسێک لە ئیسرائیل بکوژرێت؟ ئایا نازانن من ئەمڕۆ پاشای ئیسرائیلم؟»
- 23ئینجا پاشا بە شیمعی گوت: «تۆ نامریت.» پاشا سوێندی بۆ خوارد.
- 24هەروەها مەفیبۆشەتی کوڕەزای شاول بۆ پێشوازی پاشا دابەزی، لەو ڕۆژەی پاشا تێیدا ڕۆیشت هەتا ئەو ڕۆژەی بە سەلامەتی هاتەوە، بایەخی بە قاچەکانی و ڕیشی نەدابوو، جلەکانی نەشوشتبوو.
- 25ئەوە بوو کاتێک لە ئۆرشەلیم هاتە پێشوازی پاشا، پاشا پێی گوت: «مەفیبۆشەت، بۆچی لەگەڵمدا نەڕۆیشتیت؟»
- 26ئەویش گوتی: «گەورەم، پاشا، چیڤای خزمەتکارەکەم هەڵیخەڵەتاندم، لەبەر ئەوەی خزمەتکارەکەت گوتی: ”گوێدرێژێکم بۆ کورتان بکرێت تاوەکو سواری بم و لەگەڵ پاشادا بچم.“ بەڵام چیڤای خزمەتکارەکەم هەڵیخەڵەتاندم و
- 27لەلای پاشای گەورەم بوختانی بەدەم خزمەتکارەکەتەوە کرد. پاشای گەورەشم وەک فریشتەی خودا وایە، جا چیت پێ باشە ئەوە بکە.
- 28هەموو بنەماڵەی ئێمە خەڵکانێک بوون شایانی ئەوە بوون کە پاشای گەورەم بیانکوژێت، تۆش خزمەتکارەکەتت خستە نێو ئەو کەسانەی کە لەسەر خوانەکەت دەخۆن، ئیتر بە چ مافێکەوە داواکاریی زیاتر پێشکەش پاشا بکەم؟»
- 29پاشاش پێی گوت: «بۆچی قسەی زیاد دەکەیت؟ من گوتم تۆ و چیڤا کێڵگەکە لەنێوانتاندا دابەش بکەن.»
- 30مەفیبۆشەتیش بە پاشای گوت: «دوای ئەوەی پاشای گەورەم بە سەلامەتی گەڕاوەتەوە ماڵەکەی با چیڤا هەمووی بۆ خۆی ببات.»
- 31هەروەها بەرزیلەیی گلعادی لە ڕۆگەلیمەوە دابەزی و لە ڕووباری ئوردون لەگەڵ پاشادا پەڕییەوە، بۆ ئەوەی لەلای ڕووباری ئوردون بەڕێی بکات.
- 32بەرزیلەی زۆر پیر ببوو، تەمەنی هەشتا ساڵ بوو، لە ماوەی مانەوەی پاشا لە مەحەنەیم ئەو ئازووقەی بۆ دابین کردبوو، چونکە پیاوێکی زۆر دەوڵەمەند بوو.
- 33لەبەر ئەوە پاشا بە بەرزیلەیی گوت: «تۆش بپەڕەوە و لەگەڵم وەرە ئۆرشەلیم، ئازووقەت بۆ دابین دەکەم.»
- 34بەرزیلەییش بە پاشای گوت: «چەند ساڵ لە تەمەنم ماوە تاوەکو لەگەڵ پاشادا سەربکەومە ئۆرشەلیم؟
- 35من ئەمڕۆ تەمەنم هەشتا ساڵە، ئایا دەتوانم چاک و خراپ لە یەک جیا بکەمەوە، ئایا خزمەتکارەکەت چێژ وەردەگرێت لەوەی کە دەیخوات و دەیخواتەوە؟ ئایا گوێم لە دەنگی ژن و پیاوە گۆرانیبێژەکان دەبێت؟ ئیتر بۆچی خزمەتکارەکەت ببێت بە بارگرانی بەسەر پاشای گەورەمەوە؟
- 36خزمەتکارەکەت تەنها کەمێک لە ڕووباری ئوردون بەڕێت دەکات، ئیتر بۆچی پاشا بەم خەڵاتە پاداشتم دەداتەوە؟
- 37لێگەڕێ با خزمەتکارەکەت بگەڕێتەوە، بۆ ئەوەی لە شارۆچکەکەی خۆمدا لە نزیک گۆڕی دایک و باوکمەوە بمرم، وا کیمهامی خزمەتکارت لەگەڵ پاشای گەورەمدا دەپەڕێتەوە، تۆش چیت پێ باشە ئەوەی لەگەڵدا بکە.»
- 38پاشاش گوتی: «کیمهام لەگەڵمدا دەپەڕێتەوە و ئەوەی تۆ پێت باش بێت لەگەڵیدا دەکەم، ئەوەشی لێم دەخوازیت بۆت دەکەم.»
- 39هەموو گەل لە ڕووباری ئوردون پەڕینەوە، ئینجا پاشاش پەڕییەوە، پاشا بەرزیلەیی ماچکرد و داوای بەرەکەتی بۆ کرد، ئەویش گەڕایەوە شوێنەکەی خۆی.
- 40کاتێک پاشا پەڕییەوە گلگال، کیمهامیش لەگەڵیدا پەڕییەوە، هەموو سوپای یەهودا و نیوەی سوپای ئیسرائیل پاشایان پەڕاندەوە.
- 41ئیتر هەموو پیاوانی ئیسرائیل دەهاتنە لای پاشا، بە پاشایان دەگوت: «بۆچی براکانمان، پیاوانی یەهودا تۆیان دزی، پاشا و ماڵەکەیان لە ڕووباری ئوردون پەڕاندەوە، هەموو پیاوانی داودیش لەگەڵیدا بوون؟»
- 42هەموو پیاوانی یەهوداش وەڵامی پیاوانی ئیسرائیلیان دایەوە و گوتیان: «لەبەر ئەوەی پاشا لە خزمی نزیکی ئێمەیە، ئێوە بەم کارە بەغیلی دەبەن؟ ئایا هیچمان لە پاشا خواردووە، یان هیچی پێ بەخشیوین؟»
- 43پیاوانی ئیسرائیلیش وەڵامی پیاوانی یەهودایان دایەوە و گوتیان: «ئێمە دە ئەوەندەی ئێوە بەشمان لەلای پاشا هەیە، ئێمە لە ئێوە زیاتر مافمان بەسەر داودەوە هەیە. ئیتر بۆچی بە سووکایەتییەوە هەڵسوکەوتمان لەگەڵدا دەکەن؟ ئێمە نەبووین یەکەم جار سەبارەت بە گەڕاندنەوەی پاشاکەمان قسەمان کرد؟»
- بەڵام قسەی پیاوانی یەهودا لە قسەی پیاوانی ئیسرائیل ڕەقتر بوو.
سامۆئێلی دووهم ٢٠
- 1وا ڕێککەوت پیاوێکی گێرەشێوێن لەوێدا بوو، ناوی شەڤەعی کوڕی بیکری بوو، پیاوێکی بنیامینی بوو، فووی بە کەڕەنادا کرد و هاواری کرد:
- «ئەی ئیسرائیل، هیچ نزیکایەتییەکمان لەگەڵ داود نییە،
- هیچ میراتێکمان لە کوڕی یەسادا نییە!
- هەرکەسە و بۆ چادرەکەی خۆی!»
- 2لەبەر ئەوە هەموو پیاوانی ئیسرائیل وازیان لە داود هێنا و بەدوای شەڤەعی کوڕی بیکریدا ڕۆیشتن. بەڵام پیاوانی یەهودا لە ڕووباری ئوردونەوە هەتا ئۆرشەلیم لەگەڵ پاشایاندا مانەوە.
- 3کاتێک داود هاتەوە بۆ کۆشکەکەی خۆی لە ئۆرشەلیم، ئەو دە کەنیزەیەی بۆ پاراستنی کۆشکەکە بەجێی هێشتبوون، بردنی و لە ماڵی دەستبەسەریدا داینان و بەخێوی دەکردن، بەڵام لەگەڵیاندا پاڵ نەکەوت، بەڵکو هەتا ڕۆژی مردنیان بە تەنهایی دەستبەسەر کرابوون.
- 4ئینجا پاشا بە عەماسای گوت: «لە سێ ڕۆژدا پیاوانی یەهودام بۆ کۆبکەرەوە و تۆش وەرە ئێرە.»
- 5عەماساش بۆ کۆکردنەوەی پیاوانی یەهودا چوو، بەڵام لەو کاتە دواکەوت کە بۆی دیاری کردبوو.
- 6داود بە ئەبیشەی گوت: «ئێستا شەڤەعی کوڕی بیکری لە ئەبشالۆم خراپتر دەبێت بۆمان. لەبەر ئەوە تۆ خزمەتکارەکانی گەورەت ببە و دوای بکەوە، نەوەک چەند شارێکی قەڵابەند بۆ خۆی پەیدا بکات و لەبەرچاومان ون بێت.»
- 7ئیتر پیاوەکانی یۆئاب و کریتی و پەلەتی و هەموو پاڵەوانەکان بە فەرماندەیی ئەبیشەی بۆ ڕاونانی شەڤەعی کوڕی بیکری لە ئۆرشەلیمەوە هاتنە دەرەوە.
- 8کاتێک لەلای بەردە گەورەکەی گبعۆن بوون، عەماسا بەرەو ڕوویان هات، یۆئابیش زرێیەکەی پۆشیبوو و پشتێنێکیشی لەسەری بەستبوو، خەنجەرەکەشی لەناو کێلانەکەی بوو، لە ناوقەدیەوە بەستبووی. ئینجا کە هاتە پێش، خەنجەرەکەی کەوتە خوارەوە.
- 9یۆئاب بە عەماسای گوت: «برام، چۆنی؟» جا یۆئاب بە دەستی ڕاستی ڕیشی عەماسای گرت بۆ ئەوەی ماچی بکات.
- 10عەماساش ئاگای لەو خەنجەرە نەبوو کە لە دەستەکەی دیکەی یۆئابدا بوو، یۆئاب خەنجەرەکەی کرد بە سکیدا و هەناوی ڕژایە سەر زەوی. پێویستی نەکرد کە جارێکی دیکە خەنجەر بکاتەوە بە سکیدا، چونکە دەستبەجێ مرد. ئینجا یۆئاب و ئەبیشەی براشی لەدوای شەڤەعی کوڕی بیکری ڕۆیشتن.
- 11یەکێک لە خزمەتکارەکانی یۆئاب لەلای عەماسا ڕاوەستا و گوتی: «ئەوەی یۆئابی دەوێت و ئەوەی سەر بە داودە با لەدوای یۆئابدا بێت!»
- 12عەماساش لە ناوەڕاستی ڕێگاکەدا لەناو خوێندا گەوزابوو، جا کاتێک خزمەتکارەکە بینی هەموو گەل ڕادەوەستن، عەماسای لەسەر ڕێگاکە گواستەوە بۆ ناو کێڵگەکە و پارچە جلێکی بەسەریدا دا، چونکە بینی هەرکەسێک بگاتە سەری ڕادەوەستێت.
- 13کاتێک عەماسا لە ڕێگاکە گواسترایەوە، هەموو پیاوێک دوای یۆئاب کەوت بۆ ڕاونانی شەڤەعی کوڕی بیکری.
- 14شەڤەعیش بەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا تێپەڕی، هەتا ئابێلی بێتمەعکا و هەموو ناوچەی بیرییەکان، ئەوانیش هەمووان کۆبوونەوە و شوێنی کەوتن.
- 15ئینجا ئەو لەشکرەی کە لەگەڵ یۆئاب بوو هاتن و لە ئابێلی بێتمەعکادا شەڤەعییان گەمارۆ دا، سەنگەریان لە دەوری شارەکە لێدا. شارەکە گەمارۆ درا، هەموو ئەو گەلەش کە لەگەڵ یۆئاب بوون سەرگەرمی ڕووخان بوون بۆ ڕووخاندنی شووراکە،
- 16لەو کاتەدا ژنێکی دانا لە شارەکەوە هاواری کرد: «گوێ بگرن! گوێ بگرن! بە یۆئاب بڵێن، وەرە پێشەوە بۆ ئێرە، هەتا قسەی لەگەڵدا بکەم.»
- 17ئەویش چووە پێشەوە بۆ لای، ژنەکەش پرسی: «تۆ یۆئابی؟»
- ئەویش وەڵامی دایەوە: «من ئەوم.»
- ژنەکە پێی گوت: «گوێ لە قسەی کارەکەرەکەت بگرە.»
- ئەویش گوتی: «گوێم گرتووە.»
- 18ژنەکە گوتی: «پێشینان ئاوایان دەگوت: ”لە ئابێل دەپرسن،“ بەو شێوەیە کۆتاییان بە کێشەکە دەهێنا.
- 19ئێمە لەنێو شارەکانی ئیسرائیلدا ئاشتیخواز و دڵسۆزین، تۆش هەوڵی لەناوبردنی شارێک دەدەیت کە لە ئیسرائیلدا دایکانەیە؟ بۆچی میراتی یەزدان هەڵدەلووشیت؟»
- 20یۆئابیش وەڵامی دایەوە و گوتی: «لە من بەدوور بێت! لە من بەدوور بێت هەڵیبلوشم و تێکی بدەم!
- 21شتەکە بەو شێوەیە نییە، چونکە پیاوێک لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایمەوە کە ناوی شەڤەعی کوڕی بیکرییە دەستی لە داودی پاشا بەرز کردووەتەوە، بە تەنها ئەو بدەن بەدەستەوە و لە شارەکە دوور دەکەومەوە.»
- ژنەکەش بە یۆئابی گوت: «سەری ئەو لە شووراکەوە بۆت هەڵدەدرێت.»
- 22ئینجا ئافرەتەکە بە داناییەکەی خۆی چوو بۆ لای هەموو گەل و ئەوانیش سەری شەڤەعی کوڕی بیکرییان لێکردەوە و بۆ یۆئابیان فڕێدا. ئەویش فووی بە کەڕەنادا کرد و لە شارەکە دوور کەوتنەوە، هەرکەسە و بۆ چادرەکەی. یۆئابیش گەڕایەوە بۆ ئۆرشەلیم بۆ لای پاشا.
- 23یۆئابیش سەرکردەی هەموو سوپای ئیسرائیل بوو؛
- بەنایای کوڕی یەهۆیاداعیش فەرماندەی کریتییەکان و پەلەتییەکان بوو؛
- 24ئەدۆنیرام سەرپەرشتیاری بێگاری بوو؛
- یەهۆشافاتی کوڕی ئەحیلودیش تۆمارکار بوو؛
- 25شێڤا خامەی نهێنی بوو؛
- سادۆق و ئەبیاتاریش کاهین بوون،
- 26هەروەها عیرای یائیریش کاهینی داود بوو.