
Season 14 · Episode 16
كرداری نێردراوان ١٣: ١ - ٥٢
گەنجینەکانی دانایی · Dr. J. Vernon McGee
November 21, 202321m 57s
Audio is streamed directly from the publisher (podcasts.captivate.fm) as published in their RSS feed. Play Podcasts does not host this file. Rights-holders can request removal through the copyright & takedown page.
Show Notes
كرداری نێردراوان ١٣: ١ - ٥٢
- 1لە کڵێسای ئەنتاکیادا چەند پێغەمبەر و مامۆستایەک هەبوون: بەرناباس، شیمۆنی ناسراو بە ڕەش، لوکیوسی کورێنی، مەناینی شیربرای هێرۆدسی ئەنتیپاس پاشا، لەگەڵ شاول.
- 2کاتێک عیسای خاوەن شکۆیان دەپەرست و بەڕۆژوو بوون، ڕۆحی پیرۆز فەرمووی: «بەرناباس و شاولم بۆ تەرخان بکەن، بۆ ئەو کارەی بانگم کردوون بۆی.»
- 3ئینجا بەڕۆژوو بوون و نوێژیان کرد، دەستیان لەسەر دانان و بەڕێیانکردن.
- 4ئەوانیش کە بە ڕۆحی پیرۆز نێردران، بەرەو سولوکیا دابەزین و لەوێشەوە بە دەریادا بۆ قوبرس.
- 5کاتێک گەیشتنە سەلامیس، پەیامی خودایان لە کەنیشتەکانی جولەکە ڕاگەیاند، یۆحەناش وەک یاریدەدەر لەگەڵیان بوو.
- 6بە هەموو دوورگەکەدا گەڕان هەتا گەیشتنە پافۆس. لەوێ تووشی جادووگەرێکی جولەکە بوون بە ناوی باریەشوع کە پێغەمبەرێکی درۆزن بوو.
- 7باریەشوع لەگەڵ سرگیۆس پۆڵسی فەرمانڕەوا بوو، کە پیاوێکی تێگەیشتوو بوو. سرگیۆس بەرناباس و شاولی بانگکرد، چونکە دەیویست گوێی لە پەیامی خودا بێت.
- 8بەڵام ئەلیماس کە جادووگەر واتای ناوەکەی بوو، بەربەرەکانێی کردن و هەوڵی دا فەرمانڕەوا لە باوەڕ لابدات.
- 9کەچی شاول کە پۆڵسی پێ دەگوترا، پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز و تێیڕوانی و
- 10گوتی: «ئەی پڕ لە هەموو جۆرە فرتوفێڵێک! کوڕی شەیتان! دوژمنی هەموو ڕاستودروستییەک! لە خوارکردنی ڕێگای ڕاستی یەزدان ناوەستی؟
- 11ئەوەتا دەستی یەزدان لە دژی تۆیە و کوێر دەبیت، بۆ ماوەیەک خۆر نابینی.»
- دەستبەجێ تەم و تاریکی دایپۆشی و بەدوای یەکێکدا گەڕا تاکو دەستی بگرێت.
- 12کاتێک فەرمانڕەواکە بینی چ ڕوویدا، باوەڕی هێنا، لە فێرکردنەکەی مەسیحی خاوەن شکۆ سەرسام بوو.
- 13پۆڵس و هاوڕێیانی بە دەریادا لە پافۆسەوە چوونە پەرگە لە پامفیلیا. بەڵام یۆحەنا لێیان جیا بووەوە و گەڕایەوە ئۆرشەلیم.
- 14ئەوانیش بە پەرگەدا هاتنە ئەنتاکیای پیسیدیا، شەممەش چوونە کەنیشت و دانیشتن.
- 15پاش خوێندنەوەی تەورات و پەڕتووکی پێغەمبەران، پێشەوایانی کەنیشتەکە پەیامیان نارد و پێیان گوتن: «برایان، ئەگەر شتێکتان هەیە گەلی پێ هانبدەن، بیڵێن.»
- 16پۆڵس هەستا و بە دەست ئاماژەی کرد و گوتی: «پیاوانی ئیسرائیل و ئەو ناجولەکانەی کە لە خودا دەترسن، گوێ بگرن:
- 17خودای ئەم گەلەی ئیسرائیل باوباپیرانی ئێمەی هەڵبژارد و لە کاتی ئاوارەبوونیان لە خاکی میسردا کردنی بە گەلێکی مەزن، ئینجا بە بازووێکی بەهێز لەوێ دەریهێنان.
- 18نزیکەی چل ساڵیش لە چۆڵەوانی بەرگەی ڕەفتاری ئەوانی گرت،
- 19ئینجا حەوت نەتەوەی لە خاکی کەنعان لەناوبرد و خاکەکەیانی بە میرات پێدان.
- 20ئەمە هەمووی نزیکەی چوار سەد و پەنجا ساڵی خایاند.
- «لەدوای ئەمە خودا دادوەری بۆ دانان هەتا سەردەمی ساموئێل پێغەمبەر.
- 21ئینجا نەوەی ئیسرائیل داوای پاشایان کرد، خوداش لە تیرەی بنیامین، شاولی کوڕی قیشی پێدان، کە بۆ ماوەی چل ساڵ پاشایەتی کردن.
- 22پاشان لایبرد و داودی کردە پاشایان، ئەوەی شایەتی بۆ دا و فەرمووی: ﴿داودی کوڕی یەسام دۆزییەوە، پیاوێکە بە دڵی خۆم، ئەوەی هەموو خواستی من جێبەجێ دەکات.﴾
- 23«خودا بەگوێرەی بەڵێنەکەی، عیسای ڕزگارکەری لە نەوەی ئەوەوە بۆ ئیسرائیل هێنا.
- 24پێش هاتنی عیسا، یەحیا لەئاوهەڵکێشانی تۆبەی بۆ هەموو گەلی ئیسرائیل ڕاگەیاند.
- 25کاتێک یەحیا خەریک بوو ئەرکەکەی تەواو دەکرد، گوتی: ”وا دەزانن من کێم؟ ئەو نیم. ئەوەتا ئەوەی لەدوای من دێت، ئەوەی من شایانی ئەوە نیم کە قەیتانی پێڵاوەکانی بکەمەوە.“
- 26«خەڵکینە، برایان، کوڕانی پشتی ئیبراهیم و ئەو ناجولەکانەی لەنێوتاندا لە خودا دەترسن، پەیامی ئەم ڕزگارییە بۆ ئێمە نێردراوە.
- 27دانیشتووانی ئۆرشەلیم و ڕابەرەکانیان مەسیحیان نەناسی، کەچی کاتێک تاوانباریان کرد وتەی پێغەمبەرانیان هێنایە دی کە هەموو شەممەیەک دەخوێنرێتەوە.
- 28جا لەگەڵ ئەوەی هیچ هۆیەکیان بۆ مردن نەدۆزییەوە، داوایان لە پیلاتۆس کرد بیکوژێت.
- 29دوای ئەوەی هەموو ئەو شتانەیان تەواو کرد کە لەسەری نووسراوە، لە دار هێنایانە خوارەوە و خستیانە گۆڕ.
- 30بەڵام خودا لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە،
- 31ماوەیەکی درێژیش بۆ ئەوانە دەرکەوت کە لە جەلیلەوە هەتا ئۆرشەلیم لەگەڵیدا هاتبوون. ئێستا ئەوان لەبەردەم گەل شایەتی ئەمە دەدەن.
- 32«ئێمەش مزگێنیی ئەو بەڵێنەتان پێدەدەین کە بۆ باوباپیرانمان هات،
- 33ئەوەی خودا بۆ ئێمەی هێنایە دی کە وەچەی ئەوانین، بە هەستانەوەی عیسا. وەک لە زەبووری دووەمدا نووسراوە:
- «﴿تۆ کوڕی منی،
- من ئەمڕۆ بوومە باوکت.﴾
- 34خودا ئاوا دەفەرموێت سەبارەت بەوەی لەنێو مردووان هەڵیستاندەوە بۆ ئەوەی هەرگیز نەڕزێت:
- ﴿ئەو بەڵێنە پیرۆز و مسۆگەرەتان دەدەمێ کە بە داودم دابوو.﴾
- 35بۆیە لە زەبوورێکی دیکە دەفەرموێ:
- ﴿ڕێگا نادەیت دڵسۆزەکەی تۆ لەناو گۆڕ بۆگەن بێت.﴾
- 36«چونکە داود دوای ئەوەی بەگوێرەی مەبەستی خودا خزمەتی نەوەی خۆی کرد، نوست و چووە پاڵ باوباپیرانی و تەرمەکەی بۆگەن بوو.
- 37بەڵام ئەوەی خودا هەڵیستاندەوە بۆگەنی نەبینی.
- 38«بۆیە برایان، با لەلاتان زانراو بێت کە لە ڕێگەی عیساوە بەخشینی گوناه بە ئێوە ڕاگەیەنرا.
- 39بە باوەڕهێنان بە ئەو بێتاوان دەکرێن لە هەموو ئەو شتانەی نەتانتوانی بە تەوراتی موسا لێی بێتاوان بکرێن.
- 40جا ئاگاداربن، ئەوەی پێغەمبەران گوتوویانە بەسەرتاندا نەیەت:
- 41«﴿ئەی گاڵتەجاڕەکان سەیر بکەن،
- سەرسام بن و بمرن،
- چونکە لە سەردەمی ئێوەدا کارێک دەکەم،
- کارێک کە هەرگیز باوەڕ ناکەن ئەگەر بۆتان باس بکرێت.﴾»
- 42کاتێک پۆڵس و بەرناباس لە کەنیشت دەهاتنە دەرەوە، داوایان لێ کرا شەممەی داهاتووش ئەم قسانەیان بۆ بکەن.
- 43دوای کۆبوونەوەکە، زۆر لە جولەکە و خواپەرستەکان کە ببوونە جولەکە، بەدوای پۆڵس و بەرناباس کەوتن، ئەمانیش قسەیان بۆ دەکردن و هانیان دەدان لە نیعمەتی خودا بمێنن.
- 44لە ڕۆژی شەممەی داهاتوودا نزیکەی هەموو دانیشتووانی شارەکە کۆبوونەوە، تاکو گوێ لە پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ بگرن.
- 45کاتێک جولەکە خەڵکەکەیان بینی، ئیرەیی دایگرتن و بەربەرەکانێی قسەکانی پۆڵسیان دەکرد و جنێویان پێدەدا.
- 46پۆڵس و بەرناباسیش بە چاونەترسییەوە وەڵامیان دانەوە: «پێویست بوو یەکەم جار پەیامی خودا بۆ ئێوە باس بکەین. بەڵام لەبەر ئەوەی ڕەتتان کردەوە و خۆتان بە شیاوی ژیانی هەتاهەتایی نەزانی، ئەوەتا دەچینە لای ناجولەکەکان،
- 47چونکە مەسیحی باڵادەست بەم جۆرە ڕایسپاردین:
- «﴿من تۆم کردووەتە ڕووناکی بۆ نەتەوەکان،
- تاکو ڕزگاری بەوپەڕی زەوی بگەیەنیت.﴾»
- 48کاتێک ناجولەکەکان گوێیان لەمە بوو، زۆر دڵشاد بوون و پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆیان شکۆدار کرد، هەموو ئەوانەش کە بۆ ژیانی هەتاهەتایی دەستنیشان کرابوون، باوەڕیان هێنا.
- 49پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ لە هەموو ناوچەکەدا بڵاو بووەوە.
- 50بەڵام ڕابەرانی جولەکە خانمە ڕێزدارە لەخواترسەکان و پیاوماقوڵانی شاریان جۆشدا، چەوساندنەوەیان لە دژی پۆڵس و بەرناباس بەرپا کرد و لە سنوورەکانی خۆیان دەریانکردن.
- 51ئەوانیش تۆزی پێیان تەکاند و بەرەو شاری کۆنیا ڕۆیشتن.
- 52قوتابییەکانیش پڕدەبوون لە خۆشی و ڕۆحی پیرۆز.